بابەگوڕگوڕ

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  596 بینین
هەڵبەستەکانم جۆگەن
چاوەکانت،
سەرچاوەن.
دەستم
پەلوپۆ و لقە
ژیانت، ڕەگ و ڕیشەن.
***
بۆ ئاڵای بڵێسەکەت
مەچەکی لاوی
مێژووم.
بۆ ئاسۆی سەنگەرەکەت
خۆری خوێنی
هەڵهاتووم.
***
بە پێشمەرگەی ڕەشەبام،
کوورەت ئەگەشێنمەوە.
بە برووسکەی
هەوری زام
شەوت ئەڕەوێنمەوە.
***
دەنگم
لەناو دڵتایە.
ناوم
وا لە شێوەتا.
هەناسەم لە سنگتایە،
هەنگاوم
لە ڕێگەتا.