هەنگاوی سەرنجم

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  491 بینین
لەگەڵ هەنگاوی سەرنجا، بە سەر شەقامی دێڕی ناو
تۆماری شاری مێژوودا
بەناو کەلاوەی لاپەڕەی
چۆڵوهۆڵی ڕابووردووا
لەگەڵ ئەسپی بێجڵەوی سوار مردوودا
گەڕامەوە بەرەو دواوە بۆ دوور ڕۆشتم
بە پەیژەی خەوا سەرکەوتم
تا بە پەیکەری تارماییی ژێر سێبەری
شانازیی نەخۆش گەیشتم:
سەڵاحەدین،
ئەو خەنجەرەی لە هەڵمەتی داوەشانا
لەسەر دڵی کێلانەکەی خۆی هەڵچەقی
گۆی مەمکی دایکی خۆی بڕیی
ئەو هەڵۆیەی لە سەرابی لما خنکا
ئەو بەیاخەی ڕەنگی سووری:
بە سەر ڕووزەردییا تکا
سەڵاحەدین،
ئاگرێ بوو لەسەر لووتکە کرایەوە و
لە زەریادا کوژایەوە.
هەتاوێ بوو، لەسەر بەفر لەدایک بوو
بەڵام لەناو چنگی گڕەی
سەحرای دۆزەخا توایەوە!