ملیۆنەها و بەڵام ...

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  552 بینین
گسکی زمانی درێژمان
دەمی گەرمی خۆ هەڵکێشمان
چەنەی شل کرد!
لە جێگەی پیس، پاکی ماڵی
خۆی سڵ نەکرد.
شەرمی شکا
ئابڕووی تکا
بوو بە پەنگی پسانی گشت
بەڵام دەستی چەقاوەسووی
لەبێ عاریی
شەرمەزاری
هەر، هەڵنەگرت!
***
وەکوو دڵی پڕ لە ڕشکمان
کرمیش دایە چاوی مێشکمان.
وەکوو دەزوو
دەماری هەستمان قرچۆک بوو
کەوتە ڕزین.
گیانمان چڵێس، چاوچنۆک بوو
کەوتە دزین.
کەچی ئەوساش هەر نەکەوتین
لە خۆهەڵدان!
لە خۆی درۆی بەزل زانین!
***
بە دەستی یەک پیاوەتیمان
سڕ کرد، خەسان!
هەتا کەوتین
تا بۆی نووستین،
بووین بە ژنی داگیرکەران
ئۆباڵیشمان خستە ملی،
دوور لە خۆمان!
کەچی هێشتا گسکی زمان
گسکی نۆکەری و تەفرەدان
هەر درێژە
درێژترە لە هی جاران.
هاتن وتیان: با بنووسین
خوێندەوارانە بنووسین
کورد چەند ئەبێ؟ چەند ملیۆنین؟
ئەویان وتی: دابەشی کەین
لێشی دەرکەین
هێشتا بیستین
ئەوی ترمان شارەزا بوو،
مامۆستا بوو
تۆماری گەورەی خوێندنی
دوای ئەورووپاشوێنی
لە باخەڵ و لە دەستا بوو
«خۆی گرژ کرد وتی: چۆن کورد
بیست ملیۆنە، ئەگەر نەبین
شەستیش ئەبین
بۆچی دۆمین؟ بۆ ئێمە چین؟»
هێنای بردی، کۆی کردەوە
کۆشی حسابی خەیاڵی
بۆ گرتەوە تا بووین بە «سی»
دوای منجەمنج، کردی بە چل
وتی: هەق نابەمە ژێر گڵ
ئاوی درۆ ناخۆمەوە
ئەی کوردی هیندشوێن و پاکستانشوێن
ئەرمەنستانشوێن، بلووچستانشوێن!
چۆن چۆنی لەبیر بەرمەوە
لەم لاوە، دوو
لەو لاوە، هەشت
تا خەیاڵی سەرخۆش و مەست
ژمارەکەی کردین بە شەست!
***
بیست ملیۆنین
بەڵام داخەکەم نانوێنین،
«سفر» ئەنوێنین!
ملیۆنەهاین! بەڵام بەردێ
بە یەکەوە نابزوێنین!
ملیۆنەهاین!
بەڵام وەک ئاردی ناو دڕکی،
بەر ڕەشەباین.
ملیۆنەهاین
بەڵام دوومان
بە یەکترەوە نەلکاین.
ملیۆنەهاین
بەڵام خاوەنی ملیۆنێ
دڵ و ڕێگاین.
ملیۆنەهاین
بەڵام هەموو، هەر سەرکردە و
قارەمان و زانا و ئازاین.
ملیۆنەهاین
بەڵام ئەوەتەی ئێمە هەین
دیل و ڕیسواین!
ملیۆنەها، ملیۆنەها
بەڵام داخەکەم مامۆستا
هەتا ئێستا
بێ جێ و ڕێگاین، لە یەک ونین
ملیۆنەهاین و مژدە بێ
کەچی هیچ نین!