هۆرەیەک

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  512 بینین
«لە نیوەڕۆی دوێنێشەوا»
لەو جێیەدا کە مەهابادشوێنی شەهیدی لێ هەڵخرا.
کە «تارانشوێن»ی بێ بارانی خستە گریان.
لەسەر ئەو - بەردە - دانیشتم،
بەر لە چاوی من چاوی ئەو
چراکانی سەر سێدارەی تەڕ کردبوو.
ئەو پەنجەرەی یادگارەم بەرامبەر بوو:
لێواری ئاخی ئەکرۆشتم
ئەو کێڵگانەم بەدی ئەکرد
کە بۆ گەنم، چینەیان لەناو کەلاوەی
مەرگا، ئەکرد!
لقوپۆپی درەختێکم بە چاو ئەژمارد،
هێشووی بەفری لەسەر سەری بیرەوەری ڕاگرتبوو
لرفەی گڕی وەکوو ئاڵا هەڵکردبوو.
لەو جێیەدا جووتیارێ بووە هاوڕێم، بێ زەوی بوو
هۆرەی دەنگی دیل کراوبوو
بڕیارمان دا لەیەک کاتا،
ئەو دروشمانەی ئاوەژوو
کراونەتە بەر زامەکانی تەمەنمان، بیسووتێنین.
ئەو گلێنەی چاوانە بهێنینەوە
کە بۆ چاوەزار کراون بەسەر دەرگای
کۆشکی بەرزا!
ئەو سەعاتانە بشکێنن،
یاخی نابن لە مەچەکێ، پێشکەوتنیان پێ ئەکوژرێ!
یاخی نابن لە وەستانێ، سەربەستییان پێ ئەکوژرێ!