پەڵکەرەنگینەی هۆنراوەیەک

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  575 بینین
١
ئەو کتێبەی شەیتان لە ڕۆژی یەکەمی هەفتەکەدا
لە چاوی سووری ئەستێرە شینەکەدا
بۆ ئادەمی ئەگرتەوە
کتێبێ بوو: نەهێنیی بەهەشتی لە خوا
نەشاردەوە
دارسێوی نەکرد بە ژاڵە
لە کانیی ناو دەم و مەمکی ڕوونی «حەواکەسی»
نەخواردەوە
بەڵام، ئەنجام ڕیسواش کرا!
٢
لەگەڵ بوونما، گەرای مردنیشم پێ بوو
ڕێی گۆڕەکەم:
لە بێشکەوە چاوم لێ بوو
ئەمرم بۆ ئەوەی ببمەوە
جارێکی تر بۆ ناو لانکەی
- بوون - بچمەوە!
٣
باران، لە ژانی بەخشینی هەوردایە
گەنم، لە زامی هاوینی زەویدایە
سەربەستی لە: کفنی مەرگی شەهیدایە
وشەش لای من:
لە ڕاچەنینی ئازاری ڕاستیدایە.
٤
لەسەر بانی دەممانەوە
دەزووی چاومان،
بە پشتاوپشت
بۆ کۆلارەی درۆکانمان بەرەڵڵا کرد
دەزوو پچڕا
کۆللارەمان لەسەر تووتڕک گیرسایەوە
دەم و دانیشمان لە حەوشەی
خەڵکی ترا، هێنایەوە.
٥
وتیان: پلەی تەرمۆمەتری
گەرمای شاری سلەیمانیشوێن
لە سەرمانا
لەناو خانەی سفرا ئەگریی.
بەتەنیا من لەو کاتەدا
لەناو ژووری مەمکەکانیا
گەرمام بۆ خانەی سەدهەمی
تەرمۆمەتری لەشم ئەفڕی.
٦
ناونیشانمان:
شاری: پارە.
گەڕەک: دەهۆڵ.
شەقام: تەڵە.
کار: مامۆستای وانەی هەڵە.
قوتابخانە: باوکی درۆ.
ئارەزوو: پاشقول لێگرتن،
لەگەڵ ڕیا گۆڕینەوە
تەمەن: بەقەد مننارەکە.
تەلەفونمان بەهۆی «بەددالەی» کەڕەوە
ناوی تەواو: شەممەی کوڕی یەکشەممەی، دووی
سێی، چواری، پێنجی، «هەیینی»یە!
٧
یاسا وایە
«سەرۆکی دەوڵەتی بمرێ،
بەیداخ هەتاکوو نیوەی دار دائەگیرێ
گیانە، کە تۆش پایتەختی خۆشەویستیی من
جێ ئەهێڵی
بەیداخی هەڵبەستەکانم
نەک تا نیوەی داری دڵی چاوەڕوانی
هەر تەواو گرمۆڵە ئەکرێ.
٨
نیشتمانی وشەکانم غەریبییە
ئاڵای: شێوە و ڕەنگی نییە
ڕێگەی: خوێنی هەڵگیرساوە
شاخەکانی: کاسەی سەری شەهیدانە
پەساپۆرتی: ڕەشەبایە
سەربازەکانی: قەڵەمی برسێتییە
بەرگی بەری: چۆغەی ئاگر و سەرمایە
خۆشەویستی: سەرچاوەیە
سنووری: ناو دڵی خوایە
وەرزەکانی: هەمووی ناوی حوزەیرانە!