برووسکەی سروودێکی زامدار

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  750 بینین
١
لە گەرووتانا ڕەشەبای سلەیمانیشوێنن
لەسەر سنگتان تاشەبەردی
ئاگری داغین.
لەچاوتانا،
شاڵاوی بابەگوڕگوڕین.
لە دڵتانا،
سەهۆڵبەندانی سابڵاخشوێنین.
لێتان، لێتان نابینەوە
وەک چۆن هەڵۆ لە نێچیری نابێتەوە.
وەک تۆڕ
چۆن لە ماسی نابێتەوە.
وەک ئاگر چۆن:
لە کا و پووشوو نابێتەوە
کاوەکەس، لە چارەنووسی ئەژدەهاککەس
گۆڕ، لە مردوو
لافاو لە هێزی ڕاماڵین،
سەرکەوتنمان، لە هەندرێن نابێتەوە
لێتان، لێتان نابینەوە.
٢
جێ ناهێڵین
جریوەی ئاڵی ئەستێرەی زامەکانمان، جێ ناهێڵین.
پەنجەرەی ژووری گریاوی ماڵەکانمان، جێ ناهێڵین.
کەوی، دەنگمان
بەفری – ڕەنگمان - جێ ناهێڵین
وەک چاو، بینین
وەک ڕەگ، زەمین
وەک کات، سەعات
وەک هاژە، چەم
وەک زمان، دەم جێ ناهێڵن
ئێمەش خاکی سکسووتاومان
پیتی داخکراوی ناومان
جێ ناهێڵین!
جێ ناهێڵین!
جێ ناهێڵین!