من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 7 خولەک  1503 بینین
ئاوم، ئاوم
ئاوی تینووم.
سەرچاوەکەم لە دەمی شەوێکی، سوێردا
هەڵئەقوڵێ
جێپێی شەپۆلی خنکاوی
خۆی هەڵئەگرێ.
ئاوی تینووم
ڕووباری ئاواتی ماندووی ڕوەو زەریا
-سەرهەڵگرتووم-
بە ژێر پردی شەهیدی نۆ ساڵە و
سبەینێدا، تێئەپەڕم
ڕۆخی خوێناویی خۆم ئەسڕم.
ئاوی تینووم
هەتا سەربەرەو خوار بڕۆم
تا دەموچاوی غەریبیم
لە ڕێگەی دوورترا بشۆم
لە تینیوێتیم ئەخورێتەوە و، خۆم هەر تینووم!
هەتا درێژتر بمەوە،
هەتا باوەش بۆ داهاتووم بگرمەوە،
بواری ترسم، لە چاوی مەلەوانە پیرەکانا
قووڵتر ئەبێ
هاژەی گەرووم، لە گوێی کەشتییەوانە
کوڕەکانا، بەگوڕتر و خوڕتر ئەبێ.
ئاوی تینووم
جۆگەیەکم، لە کەنارما خەم شین ئەبێ
ئازار ئەڕوێ و گوڵ دەرئەکا
چڵ تاجی گڕ لەسەر ئەکا
خوێن بولبولە و بۆی ئەخوێنێ.
ئاوی تینووم
خمخۆرکی خوێی زامەکانم، ئەمخواتەوە!
پێستی قڵیشاوی دێمی
لەشی وەرزی ساڵەکانم، ئەمخواتەوە.
من، فرمێسکم، چاوەکانم ئەخواتەوە!
من، گریانم، پێکەنینم ئەخواتەوە!
گۆمی بێدەنگیم، هاواری چەمەکانم ئەخواتەوە!
پرسەکانی حوزەیرانم،
جەژنەکانی مانگی مارتم ئەخواتەوە!
ئاوی تینووم
من، تینوێتیم ئەمخواتەوە
شپرزەییم، دڵنیاییم هەڵئەمژێ.
هەناسەم، سیم هەڵئەمژێ.
برینەکانم، جێی ساغم ساڕێژ ئەکەن.
زیندانەکانم: ڕووناکیی هەڵئەهێنجن
گوناهەکانم، نوێژ ئەکەن.
شەوەکانم، ڕۆژ ئەگرن!
- ئاوی تینووم -
نانی برسیم، هەژارەکان تێرم ئەکەن
خۆری دیلم،
دیلەکان ئازادم ئەکەن.
کرێگرتەم، لە خانووی تاپۆکراوی
پشتاوپشتی شاری خۆما
من نەدیدە و نەناسیاوم،
لەناو هۆز و کەسوکاری دیاری خۆما.
چاوم، لە باخی زستانا پشکوتووە.
لە دارستانی ئازارا پێم گرتووە
دارەوانێکم، بە داری سێدارەما،
بە پەتی بەر قەنارەما
بە مردنما، هەڵئەگەڕێم.
شاخەوانێکم، بە شاخی ژانەکانما،
هەڵئەزنێم.
من، تینوێتیم ئەمخواتەوە
من، تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بۆیە هاتووم.
بە سواری ئەسپی ڕەشەبای شیعر هاتووم
هاتووم، هاتووم
ئاگردانی – ساردەوەبووم -
بۆ پشکۆی هۆنراوە هاتووم.
تۆوی وشەم، بۆ لای کێڵگەی بیرم هاتووم.
لقوپۆپم، بۆ لای ڕەگ و ڕیشەم هاتووم.
- لەش -م، بۆ لای سەرم هاتووم.
ئاوێنەم، بۆ سەیری شێوەی
شێواو و وێڵی خۆم هاتووم.
نامەیەکم بە ڕێی پۆستەی خەما هاتووم.
بە ناونیشانی شەهیدێک کە گۆڕەکەی
هەتا ئێستاش لە گۆڕهەڵکەن ڕائەپەڕێ.
بە ناونیشانی شەهیدێک کە گۆڕەکەی
ئەبێتەوە بە سەنگەرێ.
کە چەکەکەی
ئەچێتەوە دەس دروێنەی جەنگاوەرێ.
بە ناونیشانی شەهیدێک کە کفنەکەی
مێرگە و، گوڵاڵەی نەورۆزی لەسەر ئەڕوێ
نامەیەکم، خوێن نووسیومی
دەستی گوللە، هەڵی گرتووم.
برووسکە، پێچاومێتێوە
لەگەڵ هەوری بارانێکی سوورا هاتووم.
نامەیەکم، لە بەندیخانەی گیرفانی نامەبەردا
هێشتا بەندەم.
نەگەیشتم، بە یارەکەم، نەگەیشتم.
لەوساکەوە، بە تەنیا هەر:
زەرفەکەم، ئەمخوێنێتەوە.
لەوساکەوە، چاولەمستم
تابلۆیەکم، لە سنووری چوارچێوەکەم
دەرباز ئەبم.
ڕەنگەکانم، ناگرمە خۆ.
شووشەی ڕووپۆشم ئەشکێنم.
ئەم ڕوخسارەم ئەسڕمەوە
من سەرلەنوێ
- بە نەوەی نوێ -
ڕەنگەکانم ئەگرمەوە.
شەقامێکم، لە قەراغی خۆم بێزارم.
خەنجەرێکم، لە کێلانی خۆم بێزارم.
هەڵبەستێکم، لە زمان و ڕێزمانی خۆم بێزارم
ئاوی تینووم
بە شوێن شەپۆلی خنکاوی خۆما هاتووم.
چرایەکم، بە شوێن گڕی خۆما هاتووم.
لەگەڵ پەپوولەی فرمێسکی سەرکارێزی،
چاوی ئاڵی بەرەبەیانی ئاسۆدا
کەوتوومە ڕێ.
لەگەڵ کۆتری دەنگی سپیی برینداری
«پیکاسۆ»دا کەوتوومە ڕێ.
لەگەڵ دووکەڵی هەواڵ و بۆکڕووزی
جەرگی سووتاوی سابڵاخشوێنا کەوتوومە ڕێ.
بە فڕۆکەی سەنگەری – بارزانیی - هاتووم.
لە فڕگەی خوێنی – ڤێتناما - ئەنیشمەوە.
لە ماڵی شیعری کۆچەری
«مەحموود دەروێشکەس»دا ئیتر ئەبم بە میوان
- جیکۆر - ئەکەم بە دەزگیران.
دەس لەگەڵ – بایرۆن -دا ئەگرم.
لە شاییی خوێنی –لۆرکاکەس-دا هەڵئەپەڕم.
بە ژێر پردی ئێسکی شەهیدی نۆ ساڵە و،
سبەینێدا، تێئەپەڕم.
ڕۆخی خوێناویی خۆم ئەسڕم.
ئاوی تینووم
- بابەگوڕگوڕشوێن، بەگوڕ هاتووم -
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بۆیە هاتووم.
وەرە، ئەی گڕ
وەرە، شەختەی قوڕگی گەلیی ترسەکانمان
بتوێنەوە.
ڕووپۆشی سەر دەموچاوی ئاوەژوومان
بسووتێنە.
تاریکیمان بخوێنەوە.
گڵۆپی مەمکی کوژاوەی دایکەکانمان
هەڵگیرسێنە.
پشکۆی نووستووی ژێر خۆڵەمێشی مێژوومان
هەڵبسێنە
وەرە، ئەی گڕ
خۆشەویستیی تاڵمان بەرێ
شانەی هەنگوینمان لە گەڵای
داری ژاڵە و – بی -دا بەرێ.
چەپکە گوڵمان لە ئینجانەی دڕکا بەرێ.
پێکەنینمان لەناو شاری ڕقا، بەرێ.
وەرە ئەی گڕ!
وەرن، ئەی شاعیرانی گڕ
وەرن،
ئێشکی چاوی ناو ژیلەمۆی ساڵی تازەی
شیعر بگرن!
ئێشکی وشەی
نەزاوی ناو – مناڵدانی -
بیری سبەینێتان بگرن.
وەرن،
ئەی شاعیرانی گڕ، وەرن!
سەرچۆپی لەگەڵ بڵێسەی زەماوەندی
زاوای ناو دۆزەخا بگرن.
وەرن لەبەر:
مانگەشەوی هەڵهاتوو لەناو پەنجەرەی
کۆشکی هەورا
کە پۆپەشمینی تریفەی زەردی داوە
بەسەر گڵکۆی بووکی بەفرا
شیعر دانێن.
وەرن لەبەر:
کڵپەی بێشکەی ساواکانی گوندەکانا،
لە بەردەمی هەتاوی کڵاوڕۆژنەی
مات و پەستی، ناو زیندانی بەندەکانا
شیعر بڵێن.
وەرن لەبەر:
میکرۆفۆنی سەری بە نیزە هەڵگیراوی «ڤێت کۆنگو»ی
پێشمەرگەدا، شیعرەکانتان بخوێننەوە
وەرن، لە کۆڕی دڵدارە برسییەکاندا
لەژێر کەپری بێ سێبەری ماندووەکاندا
تێچریکێنن
چەخماخە بن، بگرمێنن
لێزمەی بارانی شۆڕشێ ببارێنن!
ئاوی تینووم
ئەو چیرۆکەم، بارانی بەهار دایناوم.
لافاو، لە شاری خنکاوا ناوی ناوم.
ئاوارەکانی سەرزەمین
بۆ یەکتریم ئەگێڕنەوە.
ئاوی تینووم
هیوایەکم، مەترسیم پێش خۆم خستووە.
بێداریم، بۆتە ڕابەرم
لە هەر شوێنێ شەهیدەکان بمخۆنەوە
لە هەر شوێنێ کە «چوارچراشوێن» و،
«قامشلیشوێن» و «وانشوێن»ێکی لێ بێ!
لە هەر جێیەک وەکوو ئێرە:
گڕ، تیماری برین بکات
برین، بەپیر زەردەخەنەی
هەڵپڕووکاوەوە بچێ!
لە هەر جێیەک:
قوربانی، بەشوێن چەقۆدا ڕاسپێرێ
دەغڵ، لەدووی داس بگەڕێ
مل، بەشوێن پەتی سێدارە و
قەنارەی خۆیدا بنێرێ.
لە هەر جێیەک، قەڵەم ببێتە منارە و
پێشمەرگە بانگی تیا بدا
لە هەر جێیەک، سپێری خۆر
دەستی بڕڕاوی – گیڤارا -ی هەق هەڵبڕێ.
لە هەر شوێنێ، مردن: بمرێ!
ئاوی تینووم
فوارەی خوێنی مێژووی هەڵچووم.
ئەوەتەی هەم، لە تینوێتیم ئەخورێتەوە و
خۆم هەر تینووم.
- داری بەڕووم -
هەزار تەورم خستە گریان
من بە پێوە، من بە ڕێوە
ئەبێ بمرم ئەی: تەورەکان!
ئاوی تینووم
نەورۆزێکم، هێشتاکوو نەکراومەتەوە
نێرگزێکم، هەتاکوو ئێستە نەڕواوم
بەفرێکم، نەتواومەتەوە
پرسەیەکم، هەڵنەساوم!
جۆگەیەکم، لە کەنارما خەم شین ئەبێ
ئازار ئەڕوێ و گوڵ دەرئەکا
چڵ، تاجی گڕ لەسەر ئەکا
خوێن بولبولە و بۆی ئەخوێنێ!