تۆ هەوریت و ئەتبارێنم

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 7 خولەک  1442 بینین
لە سۆراخی کانییەکا، زەریاکانم لە خۆم تۆران.
لە سۆراخی بارانێکا، ساماڵی ئاسمانم تۆران.
لە سۆراخی مناڵێکا، گەورە گەورەکانم تۆران.
بۆ پریشکێکی چاوی تۆ
ڕقی شەوەزەنگم هەستان.
بۆ سروەیەکی دەنگی تۆ
ڕەشەبای مەرگم ورووژان.
لەبەر هۆزی قوتیلکەی تۆ
دڵی چەند کارگەی چلچرام لە خۆم ڕەنجان.
لەسەر کوختی گریانی تۆ
قاقای کۆشکی پێکەنینم پێدا ڕژا.
لەسەر حەسیری ژێر لەشی زستانی تۆ
بەهاری ئۆرتەی ژێر پاشام هات بەگژا.
کوردستانم!
لەناو نیگای خۆرنشینی هەژارەوە تۆ ئەبینم.
لە مانگی داسی گیراوی جووتیارەوە تۆ ئەبینم.
کوردستانم!
ئەوە هەورازی ژانی من، پیا سەرکەوە.
ئەوە پەیژەی باڵای کەنەفتی شیعری من،
پیا سەرکەوە!
ئەوە، ئەوە سەهۆڵبەندانی ئاوێنەی
لەرزلێهاتووی چاوەکانم، تیا دەرکەوە
ئەوە پێوەندی ڕۆژانی بەندکراوم
پەراسووی سنگی شەوگاری بەندیخانەی پێ بپێوە
«ب ی د ڕ وو ڕ ە وە»
بیدروورەوە، ئەو برینەی بە دارشەقی خامەکانم
قۆناغی شەختەی دەربەندی سامەکانی تۆی بڕیوە.
ئەو برینەی ئێشەکانم شاباش ئەکا و،
لە زەماوەندی پەیکوڵی ئاخەکانما هەڵپەڕیوە.
ئەو برینەی کارێزکەن و کارێزیشە
ئەو برینەی ڕێبواریش و ڕێبازیشە.
کوردستانم!
تۆ تاسەی ماچی خەوێکی و لێوەکانم ئەتهێننە دی!
کوردستانم!
تۆ هەوریت و ئەتبارێنم
تۆ کێڵگەیت و منیش پەڵەی
دەنگی سەوزت تێدا ئەدەم.
تۆ شانۆیەکی هەتاوی و منیش پەردەی
سێبەر، لەسەر داستانەکانت لائەدەم.
تۆ منیت و منیش لەگەڵ
هەنگاوەکانی سەرنجما ئەتگەڕێنم.
نیشتمانم!
لە پایتەختی سێدارەدا لاشەکانم
بوون بە سنەوبەری گڕ و بەرەو ئاسمانی خوێن هەڵچوون.
بوون بە کۆڵەکەی بارووتی سەر ژیلەمۆی
ئەو شەقامانەی مێژوویان تەقانەوە.
بوون بە ڕێگای ئەو ڕێبوارە چەقۆیانەی
برینی نووستووی زیندانیان هەستانەوە.
هەر یەکەیان بوونە سەر لقێ لە ڕیزی
لەشکری خەنجەری ڕقما و ڕووانەوە.
بە هەموویان بوون بە قەیاغێ لەناو زێی
شەوەکانما و بەرەبەیانیان پەڕانەوە.
ڕقەکانم، تەنینەوە
وەکوو بێشەی شێرپەنجەیەک
بەناو لەشی تاریکییا تەنینەوە
بە پایتەختی سێدارەدا تەنینەوە.
نیشتمانم!
لەناو هۆڵی دادگای سەری ئەژدەهادا
دادپرسەکان،
مردنیان کردە چاویلکە و سەیریان کردم.
دادپرسەکان، لە قەفەزی ئێسکی دەرهێنراوی خۆما
ڕایانگرتم.
تەرازۆکە، زریکەی خاکی سەنگ ئەکرد
تەرازۆکە، بە خۆڵەمێش
دووکەڵی مافی ئەکێشا!
لەو هۆڵەدا قوربانییەکانی «سییارە»
ئاڵای چاوی «دێریاسینشوێن»یان لەسەر گردی
شانی سووری «مای لای» هەڵکرد
کۆدەتایەکیان بەرپاکرد.
- تاریک و ڕوون -
ئێستگەی گەروومیان کردەوە
بەیانی ژمارە یەکی سەدەی بیستیان
تیا خوێندەوە.
***
نیشتمانم!
خۆشەویستیت باڵدارێکە بە باڵی زامەکانی من ئەفڕێ.
دارمێوێکە بۆڵی گلێنەی شەوانی شیعرم ئەگرێ.
خۆشەویستیت هەژارێکە نانی خەمەکانم ئەخوات.
سروودێکە بەرگی نۆتەی سەنگەرەکان لەبەر ئەکات.
لووتکەیەکە کڵاوزەڕی شەفەقی یار لەسەر ئەکات.
خۆشەویستیت ڕەشماڵێکە کە ئازارە کۆچەرەکان
لەسەر سنگی «فەیلێکانم» هەڵیان داوە
فوراتێکە لە کانیی لەشی – حسێن -ی
کەژەکانما هەڵئەقوڵێ
خۆشەویستیت مناڵێکە «وانشوێن» بوویەتی و،
مەهابادشوێن مەمکی ئەداتێ!
خۆشەویستیت قوڵنگێکە وا بە دەستی بوومەلەرزەی
فەرهادە ڕەشەکانەوە و هەڵگیرساوە.
خۆشەویستیم لاولاوێکە لە بڵێسە و بە دیواری
تاریکیتا، هەڵگەڕاوە.
دەزگیرانم!
بانگت ئەکەم دامگیرسێنە و بە تەیمانی دەوری گوندی
سووتاوی سنگ و مەمکتا هەڵم واسە!
بانگت ئەکەم دامگیرسێنە و بمدە لەو قژەی تەنیایی
لەبەر ئاوێنەی شەپۆلتا دایئەهێنێ.
بانگت ئەکەم، بانگکردنم تۆوی چەخماخە ئەڕوێنێ.
بانگ کردنم، هەورە سوورەی کفنەکانە و
بە سەر مەرگا ئەگرمێنێ.
بانگ کردنم، ساوای ماچێکی پشکۆیە و،
خۆی بە سنگی دایکەکەی بابەگوڕگوڕدا ئەنووسێنێ.
دەزگیرانم!
نیگام دەستە و گوڵی گۆرانی لە باخی
تیشکەکانت ئەکاتەوە و ئەیخاتە ناو،
گوڵدانەکانی بووکێنیی شەبەقتەوە.
نیگام دەستە و بازنی گزنگ ئەکاتە
مەچەکی ئەرخەوانتەوە.
نیگام «شام»ە و مەولانەی تیا وەنەوز ئەدا.
من مەولانە دەموچاومە و شار چەمۆڵە!
ناگوێزمەوە، من ئەمەوێ چەمۆڵەکان
لەسەر بەردەنوێژی ناوچەوانم بڕوێن
شمشێرەکان ئاهەنگ لە لەشما بگێڕن
ناگوێزمەوە، من ئەمەوێ لەگەڵ تەتەری گوللەدا،
ڕاسپاردەی هەژارانم پێ بسپێرن.
نیشتمانم!
زەردەپەڕت گریانێکە لەسەر چیای پێڵووم ئەنوێ و
لە ئەستێرکی خەوەکانما کەزیی فرمێسک شانە ئەکات.
زەردەپەڕت ئاڵتوونێکە شاخەکان لە خۆری ئەکڕن
شاخەکان ئەیدەن لە سەری پێکەنینە کوژراوەکان.
نیشتمانم!
- من زەردەپەڕتم خۆش ئەوێ -
چونکە سیمای هەژارەکان ئەکاتە بەر قەڵەمەکەم.
چونکە گوللەی پێشمەرگەکان ئەخاتە بەر هەڵبەستەکەم.
نیشتمانم! چاوم لێتە:
دێیتە دەرێ و بە پلیکانەی گوێزانی ڕۆژژمێرتا
ڕووەو ڕوانگەی هەتاوت هەڵئەکشێی
چاوم لێتە دووکەڵێکی و لە دووکەڵکێشی زەمانی
کارگەکانی نەقڵیاتی
گوێزانەوەی کاسەسەرا
دێیتە دەرێ و، هەڵئەقرچێی
چاوم لێتە کتێبێکی و بۆ پیتی یاخیت ئەگەڕێن
بیدۆزنەوە و تەقەڵ لەناو چاوی هەڵدەن.
چاوم لێتە کتێبێکی و پەڕەکانت تاتەشۆری
ئەو خامانەن مەشخەڵی نووکیان هەڵئەکەن.
چاوم لێتە و گوێشم لێتە
حەریقێکی، لە شەقامی حەپەساوی
شاری ترسا، ئەزیڕێنی
حەریقێکی، بۆریی ئاوی ئاگرکوژێنەوەش ئەسووتێنی.
چاوم لێتە و گوێشم لێتە:
ئوتومبیلێکی ئیسعافی و لەدایکبوون و مردنت
بەیەکەوە سوار کردووە.
ئوتومبێلێکی ئیسعافی و شۆفێری خوێنی حوزەیران،
لێت ئەخوڕێت و «کۆیەشوێن و غەززەشوێن»ت بەیەکەوە هەڵگرتووە!
نیشتمانم!
شەست و یەک بوو، لەژێر کەپری هۆنراوەیەکی برسیما
کە سێبەری بۆ وشە ماندۆکان ئەکرد
دانیشتبووین بەیەکەوە بازیانمان
بەرەو ڕووی بەردەقارەمان ئەکردەوە
دانیشتبووین بەڵێنێکمان بیری یەکتر ئەخستەوە
کە دابوومان بە چیرۆکە شەهیدەکان
کە دابوومان بە ساماڵە گیراوەکان
ڕووت تێکردم، پیتەکانم کەوتنە لەرزین
نەڕەکانت لەسەر ترسم دائەبەزین
لەناو دەمما زمانم سەرسمی ئەدا
شەرم چاومی بە بەر پێما دائەکوتا:
کە پێت وتم: هەرد تووڕەیە و بە دانی بەرد
لێوی کەندەڵانەکانی خۆی ئەکرۆژێ.
وتم ها سەرم بیکە بە بنە و بنکە و قوللەی ئەوێ.
وتت: مێژووم بورکانێکە و پەنگی لەناو،
گۆمی ساڵما خواردۆتەوە و هەناسەی ڕێی نییە دەرچێ
وتم: ها، خۆڵەمێشی بارووتی هەزار ساڵەی
ئێسقانەکانی ئەم کوردە و سیتم بەرێ!
وتت، هانێ و بەیەکەوە تەقاینەوە.
لەو ڕۆژەوە، خۆرمان کردۆتە بارەگای هۆنراوەکان.
لەو ڕۆژەوە، مانگمان کردۆتە جۆلانەی کوژراوەکان.
***
دەزگیرانم!
لێمت ون کەن، لێم ون نابی، هەناسەم شوێن «با»ت ئەکەوێ.
وشەی لاوم شوێن کچی ناوت ئەکەوێ!
نیشتمانم
لێمت ون کەن، لێم ون نابی، ئەتدۆزمەوە
لە هاواری دەمی قڵیشی دەست و پێی ڕووتەکانا، ئەتدۆزمەوە
لە هێلانەی کۆنە شاخی کۆترەکێوی داخکراودا، ئەتدۆزمەوە
لە نامەخانەی گریاوی «کەنەفانی» و «جەمال عیرفان»ا، ئەتدۆزمەوە
لە گەڕەکی زنجەکانی «واشنتۆن»ی: نزیک خانووە
قوڕەکانی سلێمانیشوێن و تەنیشت ماڵی «بابەکری» ناو خەرتووما،
ئەتدۆزمەوە.
بینەرانم!
ڕێم کەن قوڵینەی سەر سەری چیرۆکەکەم
خۆری جەرگی هەزار پیرێژنی تیایە.
ڕێم کەن، ڕێم کەن!
ڕێم کەن، پۆستەی ئەسپی گڕی بەتاوهاتووی گۆڤارەکەم
نامە و برووسکەی نەهێنیی نیشتمانی خوێنی تیایە
بینەرانم!
ئەگەر نەخشەی ناوچەوانم
ڕێی تەماشاتانی ون کرد، بیسڕنەوە.
گوێگرانم!
ئەگەر ڕەزی دەنگەکانم
هێشووی بیستنتانی نەگرت، بیبڕنەوە.
خوێنەرانم!
ئەگەر کەشتیی حەرفەکانم،
تاریکاییی پەڕانەوە، بیخنکێنن.
گەر دیواری شیعرەکانم
لەبەر خەزنەی پاشاکانا نووشتایەوە
بیڕووخێنن، بیڕووخێنن
بینەرانم، گوێگرانم، خوێنەرانم!