دەنگ و ڕێگایەکی کەڕ

بۆ هەڵبەست و هەڵۆ
لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  977 بینین
-بابە، بابە!
-بانگم ئەکەن! لەو دیو دیواری بیستنی
گوێی شەوەوە، بانگم ئەکەن.
لەو دیو دەرگای تەمومژی
دانەخراوی ناو خەوەوە، بانگم ئەکەن.
-بابە، بابە!
-بەدیم ئەکەن، لەو دیو سووتانی بینینی
ڕێگەی ماندووی چاویانەوە، بەدیم ئەکەن.
لەو دیو، سنووری دەنگەوە
لەو دیو، ڕوخساری ڕەنگەوە
بانگم ئەکەن، بەدیم ئەکەن.
ماچیان ئەکەم، ماچەکانم: وا لێوم ئەهێننە گریان
ماچیان ئەکەم، ماچەکانم:
بە دەمی خۆما ئەچزێن.
ماچەکانم وەکوو بەفرێ، لەبەر هەتاوی دوورییا
پێش گەیشتن ئەتوێنەوە.
-بابە، بابە!
-بانگم ئەکەن، دەستی دەنگیان
بە ناو ڕێگەیەکی کەڕا، درێژ ئەبێ
بەدیم ئەکەن، چۆلەکەی چاوی فڕینیان
لە هێلانەی ناوچەوانی غەریبیما، هەڵئەنیشن.
لەسەر تارمەی باڵەخانەی، ناو خەیاڵما
وچان ئەگرن.
دەنووک لە دانەوێڵەی ڕژاوی
پیتەکانی شیعرم ئەدەن.
-بابە، بابە.
-ڕۆڵەکانم
لە مابێنی ئێوە و خاکا
من ترسێکم، خۆشەویستیی ڕاوم ئەنێ
هاوارێکم، کەس نامبیسێ
لە مابێنی ئێوە و خاکا، گومانێکم
لە دڵنیاییدا خنکام
چیتان ئەوێ ڕۆڵەکانم؟
-بابە، بابە:
وەرە، وەرە دەس بە سەری
سبەینێماندا بهێنە.
-لە مابێنی دەنگی ئێوە و سبەینێدا
سەرەگێژەی هەنگاوەکان
لە کۆڵانی دەرنەچوودا، یەخەم ئەگرن.
لە مابێنی دەنگی ئێوە و سبەینێدا
کوشتن، ئەگاتە ژیانم!
لە مابێنی ئێوە و خاکا، ڕۆڵەکانم
خۆم بە قاچی شەمشەمەکوێرەی ڕێکەوتا
هەڵواسیوە.
لە مابێنی ئێوە و خاکا
نیوەشەوێکم، نە بەیان نە ئێوارەم
نەناسیوە!
لە مابێنی دەنگی ئێوە و سبەینێدا
من وێڵێکم، ڕێگاکانم لەگەڵ خۆما ون کردووە.
من ئاخێکم، جێگەی سنگم گواستۆتەوە
بۆ پێدەشتی هەژارەکان.
چیتان ئەوێ، وردیلەکان؟
-بابە، بابە! تۆمان ئەوێ
تۆمان ئەوێ، کەی دێیتەوە؟
-کەی دێمەوە؟ کە زامی «بابە پێشمەرگە»
لە دەرگای بەربەیانی دا
کە کۆتری باڵکراوی شاخەکانمان فڕینەوە،
من دێمەوە.
کەی دێمەوە؟ کە ماچی بابە گیڤارا
لەسەر گۆنەتان سەوز بوو،
من دێمەوە.
کەی دێمەوە؟ کە کارژۆڵەکانی «سەقزشوێن»
ئاویان لە «وانشوێن»دا خواردەوە
من دێمەوە، من دێمەوە کاتێ مناڵی – ڕەشەکان -
لەناو بەفری گەرمیانی سەرزەمینا
یارییان کرد
من دێمەوە، کاتێ «عیساکەس» بۆ لای مۆمی
کوژاوەی ناو کڵێسەکان، گەڕایەوە.
من دێمەوە، من دێمەوە، وردیلەکان
کاتێ باوکە دزراوەکان، دۆزرانەوە.
کاتێ تەرمە بێناوەکان، هێنرانەوە.
من دێمەوە وردیلەکان
کاتێ دڵۆپە خوێنی پچڕاوەی ژێر سەردابە تاریکەکان
لە دەزووی پرشنگی خۆرا، کرانەوە
بۆ ملوانکەی ملی دایکی شەهیدەکان، هۆنرانەوە.
من دێمەوە ڕۆڵەکانم.
-بابە، بابە لە کوێ ئەنووی؟
خەومان نییە!
«بنوو بەخۆشی، هەتا بەیانیی
خەوی ژێر پەردەی پاکی یەزدانی
گریانی چیتە، تۆ چی ئەزانی؟
تۆ تازە خونچەی باخی ژیانی
ڕۆڵە لایلایە، شێرکۆ لایلایە
یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە»
-بابە، بابە! گریانم دێ!
***
«ئەگەر وەک باوکە حەسرەت
دیدەکەت زەهرت بچێژایە،
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت
بەدەم باوە ببێژایە
هەقت بوو بێ وچان بگریت،
بەسەر تاوانی باوکیما.
بەحر، پڕ کەیت لە تف بیدەیت
بە ناوچەوانی باوکیما»
-بابە، بابە! پێمان ئەڵێن:
باوکتان چییە؟
-باوکتان! باوکتان! ئارەقی ناوچەوانێکە بە لاجانگی
ڕۆژەکانا، دێتە خوارێ.
پێچکەیە، لە نووستنیشدا خول ئەخوا
باوکتان دەرمانێکە دەردی، تێکەڵ ئەکرێ.
خەمەکانی وەک هەجیجیی
کۆڵێکە و دنیا ئەگەڕێ.
باوکتان، ڕدێنی قەرزێکە، قەت تاشینی تەواو نابێ!
باوکتان، باوکتان
جگەرەیەکە، بە لێوی هەڵبەسەتێکی بێکارەوە
گیرفانی بەتاڵ، ئەیکێشی.
خوێ ئاوێکە، زامەکانی خۆی ئەیچێژێ.
باوکتان، پیاڵەی «مامە خەمە»ی چاییچییەکە
هەموو «مامە یارە»یەک پێی ئەخواتەوە.
ڕۆڵەکانم! باوکتان قیری سەرشەقامی
یەقدراوەی هاوینی خوار ئەفریقاشوێنیە
پرتەقاڵێکی یافایە
هەر بە دارەوە مژراوە.
-«کە جوانکیلە و کە مناڵ بووم
گوڵ ماڵم بوو
کانی، دەریاچەی ساڵم بوو
گوڵ بوو بە زام
کانیش بە تینوێتی لە لام»
-بابە، بابە
-بانگم ئەکەن، لەو دیو دیواری بیستنی
گوێی شەوەوە، بانگم ئەکەن
بەدیم ئەکەن، لەو دیو سووتانی بینینی
ڕێگەی ماندووی چاویانەوە، بەدیم ئەکەن
لەو دیو سنووری دەنگەوە
لەو دیو ڕوخساری ڕەنگەوە
بانگم ئەکەن، بەدیم ئەکەن
-بابە، بابە، بابە، بابە ...