ئازاری ڕاچڵەکین

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  756 بینین
لە خەوما بوو، شاعیرێکی دەوری کۆنم دی
لە شوێنێکا، وەک بیابان، کاکی بە کاکی
کاتێ نزیک کەوتمەوە لێی، بینیم وا ئەگری
بە دەستی خەم، بە دەستی دڵ، فرمێسکی ئەسڕی!
وتی ئەگەر شیعرەکانم لەلاتان ماوە
وەکوو جاران، هەتا ئەمڕۆ، هەر نەفەوتاوە
پێیان بڵێ، نەیخوێننەوە، بیاندڕێنن
کۆی کەنەوە، هەر بەیەک جار، بیانسووتێنن
ئەوەی ئەوسا، من وتوومە، لێی پەشیمانم
ئاوەژووە، بەرگی بەری، هەڵبەستەکانم
گەر لەبریی ئەو گوڵانەی، بۆ خۆتەفرەدان
هەڵم ئەدا بۆ سەر سەری، بە ناو قارەمان
گەر لەبریی ئەو هەڵدانەی، بۆ ختووکەی فیز
هەڵم ئەدا، شێر و ڕێویم، ئەخستە یەک ڕیز
گەر لەبریی ئەو گوڵانە، دڕک بوونایە!
هەتاکوو بن، لە پێستی هەست، بچەقاندنایە!
دۆست بوومایە، قسەی ڕەقم، پڕ بە مشت بوایە
پێکەنینی شیعرەکانم، سەرزەنشت بوایە
چقڵی وشەم بۆ ئازاری ڕاچڵەکین بوایە
گرمەی هەورم، بۆ برووسکەی ڕاپەڕین بوایە
ئێوەش ئەمڕۆ، وەها دیلی تەفرە نەئەبوون
وا لە هیچە، لە سکتانا، گەورە نەئەبوون!.