داربەڕوو

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  1498 بینین
١
پێش هەزار پشت، ڕۆژانی زوو
کاتێ هێشتا، تازە نەوەی
یەکەمی کورد لەدایک ئەبوو.
کاتێ تازە، منداڵی بیر
لەناو شاخا، پێی گرتبوو
پێش هەزار پشت، ئەگێڕنەوە
عومری مێژوو
چیرۆکی پیرە داربەڕوو.
ئەهێننەوە،
لە داستانی دەماودەما
لە زستانا
لە ماڵانی کوردستانا
بەم شێوەیە، ئەیخوێندنەوە:
ئەڵێن: ئەوسا زوو، ئێجگار زوو
نزیکی ئێستەی هەورامانشوێن
دارێک هەبوو،
داری بەڕوو
پێیان ئەوت: داری ژیان
داری زیندوو.
ئەوەندە، بڕوای بە خۆی بوو
ئەوەندە، هێزی تیا هەبوو.
بە گژ، دەریای ساما ئەچوو
بە گژ، ڕەشەبادا ئەچوو
هێندە، گەڵا و لقی پڕ بوو
سێبەری بۆ خۆر کردبوو
ئەو سەردەمە، داری بەڕوو
لەژێرەوە، ڕەگی قووڵی
لەسەر پشتی «گا و ماسی»یەکە
داکوتیبوو!
لە پۆپەوە، لقی بەرزی
تا «حەوت تەبەقە» هەڵچووبوو
لەوکاتەدا داری بەڕوو
بەو جۆرە بوو.
٢
ژیان ڕاناوەستێ، ئەڕوات
بە چاو، بە بیر، بە گیان، ئەڕوات
ژین ناسرەوێ،
دوا ناکەوێ، پێش ئەکەوێ
چنگ نانەیەک
بە دەست بێ، یان
بە بیر بە چەک،
بەهێز ئەبێ لاواز بخوات
هەتا ئەمڕۆ
ئەم دنیایە هەروا ئەڕوات!.
***
دارەکەمان، داری بەڕوو
پاش یەک دوو پشت،
بنی ڕۆ چوو
پۆپەی بەرزی، بۆ نزمی نیشت!
گەڵای وەری.
مەلی ژیان و ئاواتی
لەسەر تەڕیی.
دوژمن لق و چڵی بڕیی
لەناو خۆشیا،
کرم تێی دا
مێروولە کەوتە خواردنی و
کون کردنی
قەفی ئەستوور، کەوتە ڕزین
بەلادا هات
لەسەر لاشەی پڕ لە برین
دوژمنان کەوتنە هەڵپەڕین!.
***
بەهێز ئەبێ، بێهێز بخوات
مێژوو ئەڵی، ژین وا ئەڕوات.
***
داری بەڕووی، مان و ژیان
گەڵای وەری
لقی نەوی
قەفی گەورەی
کون بوو ڕزی،
بەلادا هات، کەوتە زەوی.
بوو بە زستان
ڕقی تەوری
دەستی تاوان
کەرت کەرتی کرد،
دایانگیرسان
پێیان گەرم کرد، دیوەخان!
لە دەوری گڕی ئاگردان
گڕی داری بەڕووی سووتاو
ئەڵقەیان بەست، داگیرکەران
بوو بە ئاهەنگ
تا ماندووبوون، تا شەو درەنگ
هەتا داری بەڕووی سووتاو
گڕی سووری، کوژایەوە
دوا پشکۆی، دامرکایەوە.
٣
دنیا لە جووڵە ناکەوێ
بیر ناسرەوێ.
بەڵام مێژوو هاوار ئەکات
لەو کاتەوە داری بەڕوو
بنی ڕۆچوو.
هەتا ئێستا هاوار ئەکات
پێمان ئەڵی:
هەر بەهێزە لاواز ئەخوات
ژین وا ئەڕوات.
***
بەڵام مەترسن، مەشڵەژێن!
هەرچەندە، کەم
چاو ئەیبینێ
ترووسکەیەک بەدی ئەکەم!
لە کۆنەوە هەتا ئێستا
ناوی ئاواتی لێ ئەنێن
بەدیی ئەکەم!.
داری بەڕوو، بنی ڕۆچوو
قەدی ڕزی، لقی فەوتا
لەشی سووتا!
دووکەڵ لەناو سکی هەستا
مەڵێن سەیرە، بەڵام هێشتا
بەڕوو، ماوە!
مەڵێن سەیرە، گیانی بەڕوو
نەفەوتاوە!
ڕەگی قووڵی، بنج و بێخی
بەڕوو، ماوە.
هیوا ماوە!
بەرەو ئاوی بن ئەبزوێ
بەڵام ڕەگی تینوو ئەڵی:
من لە ئێوە خوێنم ئەوێ
چرای بیری ڕوونم ئەوێ
چاوم ئەوێ، گیانم ئەوێ
هەستم ئەوێ،
مێکشم ئەوێ، دەستم ئەوێ.
کە داتانمێ:
ئەوسا بەرەو بەرزی بۆ سەر
ڕێگا ئەبڕم!
جەرگی بەرد و ئاسن ئەبڕم
سەر دێنمەدەر!
وەک جارانم، جارانی زووم
ئەڕوێمەوە
دیسانەوە، ئەژێمەوە.
هیوا لە باوەشم ئەگرم
سروودی «هێز» ئەڵێمەوە
مەلی ژیان، دێنەوە لام
لەسەر پۆپەی، چڵ و لقم
ئەخوێندنەوە
زوو بێ و درەنگ
مەل دێنەوە
ئەوسا پۆل پۆل ئەکەونە ڕێ
بۆ کام درەخت، شوێنی دوورە
وەک من جەرگی زەوی سوورە
داستانی داربەڕووی زیندووی
هیوا گرتووی
ئەم وڵاتە، ئەگێڕنەوە.
زوو بێ و درەنگ
من هەر ئەبێ، بژێمەوە
ئەژێمەوە، ئەژێمەوە!