یادداشتی هەفتەیەک

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  735 بینین
لە هەموو پاشاگەردانییەک ستەمتر پاشاگەردانی ڕەوشتە
شەممە:
شەو وەک ئازار
کۆتاییی ناڵینی نەهات
هێشتا باران، لە چاوی شار
لە چاوی شەو، هەر ئەبارێ
وەکوو گریان
گریانی ئێمەی بێوچان
خۆر هەڵنەهات
تێپەڕی کات
***
لەگەڵ خەما هاتمە دەرێ
بینیم: تەرمی کۆڵانەڕێ
تەرمی شەقام
مەیتی دەرگای ماڵە هاوسێ
مەیتی گەڕەک
هەموو بۆنی خوێنیان لێ دێ
لەگەڵ خەما، هاتمە دەرێ
دیم دراوسێی تەنیشت ماڵم
دیم هاوڕێی کۆنەساڵم،
لەبەر دەرگا لە سەرمانا
یاخود بڵێم، لە ترسانا!
هەڵئەلەرزی
وتم: چیتە؟!
وتی: ئەمشەو هاتنە سەرم
لە خەودا بووم دەوریان گرتم
ماڵەکەیان، تاڵان کردم.
هیچیان نەهێشت،
تا ئاگری ژووریان بردم.
تا ملوانکەی کچەکەمیان
لە مل داکەند.
تا سەعاتی ژنەکەشمیان
لە دەست داکەند.
وا قەیناکا، تاڵانکردن
بەڵام بە هەرپێنج شەشێکیان!
تێریان لێدام، ئینجا ڕۆشتن!.
یەکشەممە:
نیوەڕۆیە و ڕۆژ گیراوە
لە دەرگەزێنشوێن، لە کانێسکانشوێن،
لەسەر شەقام، لە حاجیحانشوێن،
لە گشت لاوە.
تەقە و ڕیزی دەمانچەیە،
تەقەی تفەنگ،
هاوارە و دەنگ،
چی ڕووی داوە؟!
ڕاکردنە سەر بەرەوژوور
سەر بەرەوخوار!
چی قەوماوە؟.
وتیان: لەناو چەقی بازاڕ
چوار کوژراوە
چوار زامدارە، خوێن ڕژاوە!
گەرمە تاوان.
وتم: ئەو کوژراوانە کێن؟
وتیان: بران!
دووشەممە:
ڕۆژ درەنگە،
ژیان وێنەی شەوەزەنگە.
لەناو شاخا، لەناو شارا
لەسەر مێزی قوتابخانە
لەسەر دووکان، لە بازاڕا
لە ماڵانا، لە چاییخانە
تا لە کاتی، نان خواردنا
لەناو پاسا،
لە ڕێی هاتوچۆکردنا
لە وەستانا، لە ڕۆشتنا
لە کاتی مردووناشتنا
لە نوێژی خواپەرستنا
لە دێڕی نامەنووسینا
لە فرۆشتن، لە کڕینا!
لەسەر دیوار، لە کۆڵانا
هەتا لەناو کۆڕی یاریی
منداڵانا:
کوردایەتی: زامدار ئەکەین
برایەتی: کوشتار ئەکەین
بەڵام دوژمنی خوێنەخوێ
چاوڕوون و بەختیار ئەکەین!.
سێشەممە:
لەگەڵ دڵی تەنگ و تارا
لەگەڵ هەنگاوی ئازارا
هاتمە دەرێ
گەڕام بە ناو هەموو شارا
ویستم ڕووناکی ببینم
ویستم هەتاوی دڵ پاکیی
گیان ببینم
ویستم نێرگزی نەورۆزی،
خۆشی بۆن کەم.
ویستم خەفەت فەرامۆش کەم،
لەمانەم هیچ بەدی نەکرد!
ئەوەی کە دیم، هەر زستان بوو
هەر چلەی چاوی گریان بوو
هەر هەور بوو، هەر تاوان بوو
ئەوەی کە دیم: هەر جاران بوو!
خوێنی ڕژاوی زۆرم دی
دڵی تاساوی زۆرم دی
گوڵی سووتاوی زۆرم دی
لەوانەم ئێجگار بەدی کرد
گەڕام، ڕۆشتم، سووڕامەوە
دیسانەوە
لەگەڵ دڵی تەنگوتارا
لەگەڵ هەنگاوی ئازارا
گەڕامەوە
چوارشەممە:
لەلای ئێمە هەر زستانە
تەمەن، گەڵای دوای خەزانە
بەڵام بەهاری ڕازاوەی،
هەر چوار وەرزی ناحەزانە.
دوژمنان سەرچۆپی ئەگرن
دەست بەرنادەن
لەسەر لاشەی براکوژی
لەسەر دڵمان هەڵئەپەڕن
لە گیانمانا ئەلەوەڕن
چۆنیان بوێ، چۆن حەز بکەن
پێمان ئەکەن
گوڵی ویژدانمان لێ ئەکڕن!
لە خوێنی یەک تێرمان ئەکەن
گلێنەی چاومان لێ ئەکڕن
کوێرمان ئەکەن
خۆشەویستیمان لێ ئەکڕن
ژێردەستیمان پێ ئەفرۆشن!
زۆر بە هەرزان لێیان ئەکڕین
لەمەش زیاتر
لەسەر لاشەی براکانمان
لەگەڵیانا هەڵئەپەڕین،
ئەگەر گریان
لەوان زیاتر بەکوڵ ئەگرین!.
پێنجشەممە:
نە بامان دیوە، نە باران
لە چوار لاوە، بووک بردنە
گەرمە کۆڕی شایی و لۆغان
گەرمە ئاهەنگی بێشەرمی
دوای تەفرەدان!
لە گشت لاوە بووک بردنە
ئەم بەزمانە،
بەزمی خۆشیی ژێرکەوتنە.
لەقەفرتێی پێش مردنە.
نە بامان دیوە، نە باران
با گەرمی کەین «پرسەی ئاهەنگ»!
بە چەقەنە، بە قاقای زل
بە خۆبادان!
هەینی:
لەگەڵ خەما هاتمە دەرێ
گەڕام بۆ یەکێ پێم بڵێ
هۆی ئەم دیلی و ڕسوا بوونە
ئەبێ چی بێ؟
گەڕام بۆ یەکێ پێم بڵێ
گەلێ گەڕام
بۆ شوێن وەرام
لە نەوەی خۆم، کەسم نەدی!
هەتا پیرێکی ڕیش سپی
هی دەوری زوو
لە قەراغی شار تووشم بوو
کە لێم پرسی
وتی: کوڕم
«پاشاگەردانی ڕەوشتە»
«گەڵاڕێزانی ڕەوشتە»