سەرسام مەبە

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 5 خولەک  1030 بینین
«ئەوەندە بە درۆ خۆمان هەڵبەین ملمان ئەشکێ، ئەوەندەش بێ بار و دووڕوو بین هیچ ڕێگەیەکی ڕاست نامان گرێتە خۆ...»
١
نامەی ماندووی دوور وڵاتت
چاو پڕ لە فرمێسکی پرسیار
سیمای دێڕی کش و ماتت
وەک وەرینی گوڵی بەهار
وەک ڕێبواری هەناسەسوار
وەکوو کۆتری باڵ شکاو
وەک نێرگزی چاوی تۆراو،
وەک گوڵاڵەی هەڵبزڕکاو
وەک چۆلەکەی لە دوور هاتووی،
تینوو بۆ ئاو
وەک سەرنجی ئەو مناڵەی
لە دایکی ون ئەبێ، سەرسام!
کاکی برام
ئاوا نامەی هیلاکی تۆ
وشەی دڵی خەمناکی تۆ
گەیشتە لام.
***
لێم ئەپرسیت...
خەریکی چیت؟!
دەنگوباس و هەواڵ چۆنە؟
باخی ژیانی ساڵ چۆنە؟
گەورە چۆنە؟ مناڵ چۆنە؟
شاری خۆشەویستی، نەگبەت
توخوا چۆنە؟
دایکی لاوانەوە و مەینەت
توخوا چۆنە؟
لێم ئەپرسیت:
چی ئەبینیت؟
چی ئەبیسیت؟
لە زۆر و کەم تا بە سووسە!
بۆم بنووسە
با زۆریش بن
پرسیاری من
گۆمی تکا و چاوەڕوانیم
مەشڵەقێنە.
وشەی سەربەست
چۆن دێتەدەر بیدرکێنە
توخوا لەناو گەرووی ترسا
یان بە ئەنقەست
مەیخنکێنە
دوور وڵاتی هەشت نۆ ساڵم
تاسەی دووریم، مەڕەنجێنە!.
٢
کاکی برا!.
وەک تۆ ویستت
زمانی قەڵەم نەیوێرا
سەربەست سکاڵا هەڵڕێژێ
ناچار کرا، زیندەبەچاڵ
گەلێ وشەی پەپوولەی ئاڵ
گەلێ زەردەخەنەی وەرام
پەست و ناکام
لەناو گریانا بنێژێ
وەک وەرزی ساڵ.
ناچار کرا
گەلێ جریوەی ئەستێرەی
شینی ساماڵ
گەلێ تریفەی ئاواتی،
مانگی خەیاڵ
زۆر هۆنراوەی وەک خۆر ڕووناک
گەلێ بزەی پێکەنینی،
پڕ لە گەشەی وەک ساوا پاک
بکا بە ژێر هەوری تاڵی
بیرچوونەوەی ژیانەوە،
بە ژێر باڵی
شەوی تەنیای گریانەوە!
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێم:
چاوی زستان
لەجێی باران
لەجێی مژدەی پەڵەدانی
ناو دەغڵودان
نمەی خوێنی لێ ئەبارێ
خوێنی گریان!.
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێم:
بەفر سوورە!
وەکوو ڕەنگی دارئەرخەوان،
وەکوو بەرگی بەری لەشی
شەهیدانی بێ ناونیشان
وەک گوڵاڵەی گۆنا گەشی
دەشتودەری گشت نیشتمان.
دڵتەنگ مەبە، ئەگەر بڵێم:
مرد، بەهاری خۆشەویستی
جاری جاران
مرد، بەهەشتی
مرد، ڕەوشتی
پیرۆزی باو و باپیران!
سڕە دەماری پیاوەتی
کۆنی کوردان.
***
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێم:
لەلای ئێمە
بەهار وەرزی گوڵوەرینە
خۆر هەڵاتمان خۆرنشینە.
خۆزگەمان بەرەو دێرینە.
دڵتەنگ مەبە
خەم هاودەمە
تانوپۆی ژینی تەنیوە.
خۆشی دەمێکە تەریوە
ئەوەی بەکوڵ نەگریابێ،
لەلای ئێمە، مانای وایە پێکەنیوە.
***
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێم:
لەلای ئێمە
لەباتی گوڵ، دڕک ئەڕوێن
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێن:
پێنەکەنی، ئەگەر بڵێن:
لەلای ئێمە
لەجێی مایین، ئێستر ئەزێن!.
سەرسام مەبە، ئەگەر وتیان:
لەلای ئێمە نرخی ژیان
نرخی تەمەن، ڕۆشناییی گیان
لە تۆڵەکە، هەرزانترە
یان لە پووشکە، ئاسانترە
سەرسام مەبە، ئەگەر وتم:
گیانکێشانی خوا نەماوە
مردنی ئەوسا نەماوە
بۆ سەر بڕین، بۆ هەڵکێشان
ملی زەڕنەقووتە و جوجکێ!
ئەستوورترە، لە هی ئینسان!.
***
لای ئێوە، پێشکەوتن باوە
بەرەو بەرزیی ڕۆشتن باوە
تامی شادیی چێشتن باوە
گەشتی ئاسمان کردن باوە
کاکی برا، لەلای ئێمەش
لەناو یەکا کوشتن باوە
بە دەستی یەک ناشتن باوە
تاوان و خوێنڕشتن باوە
***
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێم:
لەلای ئێمە
ڕێوی شێرە
چەقەڵ بە سەر شێرا نێرە!
مشک، پشیلە ڕاو ئەنێ
داڵ، بە هەڵۆ پێئەکەنێ
کوێر: چاوساغە، چاوساغ: کوێرە!
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێم:
قاژوو جوانە!.
دەنگی خوێندنەکەی خۆشە
قەل سپیوسۆڵ
ڕابەری شەوی کاروانە
ژیشک، نیان!
لەش نەرمونۆڵ!
مار بەوەفا، بێچووە کۆتری
لا میوانە.
جگەرسۆزە، بەسەزمانە!
زەردەواڵە
هەنگی گوڵاو دوور هەڵگری
گوڵی کێویی دارستانە.
چزووی دووپشک
بۆ گاڵتەیە، جێگەی گازی
پاکە دەمی، وەکوو نیازی
٣
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێم،
سەر با مەدە، ئەگەر بڵێم
لەلای ئێمە
هاڕەی چەپڵە، چەپڵەی هەزار
چەپڵەی نووستوو، چەپڵەی بێزار!
گرمەگرمی هەوری هاوار
زستان، پاییز، هاوین، بەهار
دائەکاتە، سەر گوند و شار
مەیموونی سەر شانۆ ئەڵێ
تەشی ڕێسی درۆ ئەڵێ
خێوی ناو کێوی ڕەش ئەڵێ
بێگانەی دەستەمۆ ئەڵێ
ئەو هەر ئەڵێ
لە دواشەوە قوڕگی نووساو
گاگەلی تێر لەوەڕ، تێر ئاو!
پەیتا پەیتا ئەڵێن بەڵێ
فەرمایشتە، ڕێ وا ئەبێ.
جامبازی تۆین.
لەپشت تۆوە، هەتا مردن.
بەگوڕ ئەڕۆین
با چاو بەرەوژێر بێ، چییە؟
با لەشی تۆ گێڕ بێ، چییە؟
گەڕ بێ، چییە؟
با گوێی بیستن کەڕ بێ، چییە؟
پێمان ئەڵێن
پاشەڵ پیسین، ئینجا چییە؟
چاوچڵێسین، ئینجا چییە؟
سەماکەرین، تەشی ڕێسین
ئینجا چییە؟.
ئابڕوو ئەگەر تکا، چییە؟
شەرم ئەگەر شکا، چییە؟
پێرێ سوور بووین، ئەمڕۆ شینین،
ئینجا چییە؟!
چۆن لوا خۆمان ئەگۆڕین.
ئینجا چییە؟.
سبەی لای گورگە شابۆرین.
بەو ناوەڕین.
ئینجا چییە؟!
نە دۆستمان هەیە، نە دوژمن!
نە حەز ئەکەین، لەژێر کەوتن!
نە سەرکەوتن!
ئینجا چییە؟!
ئینجا چییە؟!