من لێرەدا...

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  792 بینین
١
پێیان وتم: لە گۆرانیی هۆنراوەتا
لەناو باخی گوڵی وشەی گەشاوەتا
هیچمان نەبیست. هەتا ئێستا
هیچمان نەدی
نە بۆ: بێشەی چڕی «ڤێتنام»، کە ئەسووتێ،
کە گڕ ئەگرێ بۆ ئازادی.
نە بۆ: قامچی، دەستی زوڵمی، پیاوی سپی
کە پشتی ڕەش ئەکا بە خوێن!
نە بۆ: کۆنغۆ کە داسی دەستی، نامەردیی
بەهاری سەوز، لەو ناوەدا ئەکا دروێن!.
***
من لێرەدا
هەر گوڵێکم، بە خوێنی خۆم، ئاو دابێ
یان بەستەیەک بۆ سەربەستی
بەم کوردەما هەڵدابێ!
یان هەڵبەستێ بۆ ژێردەستی
وتبێتم، مژدەی ڕووناکی تیا بێ.
بۆ گشت لایەک
چراوگێکن بە تاریکی ئەدەن دڕ.
گوڵ و بەستەن بۆ گەلانی ڕاپەڕیوی تر!
٢
من لێرەدا لە دڵتەنگیی بەهارا
لە هاواری زامی قووڵی ئازارا
لە فرمێسکی چاوی دایکی کوردانا
لە سروودی کوردایەتیی مەردانا
لەناو کڵپەی شەوسووتێنی ئاگرا
لە شەقامی چۆڵوهۆڵی ناو شارا
یان لە دەغڵی بۆمبا کێڵی جووتیارا
لە ڕوخساری بزڕکاوی مناڵا
یان لە پەڕەی هەڵقرچاوی هەواڵا
یان لە خوودەی ئاسنینی سەربازا
یان لە مۆڕەی چاوی دوژمن بەرازا!
«گشت گەلێکی سەربەردەباز ئەبینم
هەموو دنیای ئازادیخواز ئەبینم»