لە گۆڤارێکی بێگانەدا

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  588 بینین
١- چەک
لە وتاری گۆڤارێکی.. دووروڵاتا
لەناو دێڕی ئازادبوونی دوای خەباتا
لە بەهاری باخچەی گوڵی بەر ئاواتا
لەسەر لاپەڕەی یەکەمین
بە گەورەیی، وا نووسرابوو:
-چۆن سەرکەوتین؟-
ئینجا ئەڵێ: پێش ئەوەی، بە لەش ڕاپەڕین
ئێمە بە گیان ڕاپەڕیبووین
یان بەر لەوەی سەنگەر بگرین،
ئێمەی زیندوو،
خوێنمان لەناو لەپی دەستا هەڵگرتبوو
بەر لەوەی سەنگەر هەڵکەنین،
سەنگەری باوەڕمان هەبوو
لەناو گیانا، لەناو بیرا، زۆر لەوەوبەر
ئامادە هەڵمانکەندبوو
ئەو چەکەیش هەڵمان گرتبوو:
هەر ئاسنی ساردوسڕی بێگیان نەبوو،
مردوو نەبوو
هەر گوللەیەک قاڵکراوی باوەڕێ بوو
لەناو کوورەی ژیانمانا
وشەی پشکۆی نەکوژاوەی ئاگرێ بوو
هەر چەک نەبوو
چەک و بیر و زمان و دڵ هەمووی یەک بوو
٢- سەرکردە
سەرکردەمان وەکوو خاکی ئێمەی تینوو
ئەویش تینووی سەربەستی بوو
لەگەڵ برسییا، برسی بوو
وەک زستانمان، ئەویش مات بوو
وەک بەهارمان، ئەویش گیانی پڕ ئاوات بوو
سەرکردەمان: وێنەی لەناو فرمێسکا بوو
کاتی گریان
لە دڵۆپی خوێنیندا بوو، کاتی ڕژان
دەنگی لەناو لاوانەوەی دایکانا بوو
کاتی، جەرگ هەڵکڕووزان!
دەستی لەناو دەستی کاری جووتیارا بوو
کاتی کێڵان
سەرکردەمان: بڕوای وەکوو:
خۆر ڕووناک بوو
وەک دەروونی ڕەشوڕووتی ئەم وڵاتە
سادە و پاک بوو
سەرکردەمان: چاوی وەکوو ئەم کێوانە
بەرامبەر دوژمن سامناک بوو
بڕوا و چەک و سەرکردەمان لەگەڵ یەکا
لە باوەشی چارەنووسی سەنگەرێکا
بۆ ڕزگاری، کەوتنە جەنگین.
هەتا خوێنی سەرکردەمان بەسەر چەکا
ڕژا و تکا،
وا سەرکەوتین!