ئەستۆی ورد

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  576 بینین
«پێی بزانین یان نەزانین، هەموومان لە چاندن و دروێنەکردنی خراپەدا بەشدارین...»
سەرماوسۆڵەی ئەم زستانەی
لە کۆنەوە تیایا ئەژین
دیوەخانی ئەو قسانەی
وەکوو بنێشتی جیڕ و تاڵ
تا هیلاکبوون، بە دەم ئەیجووین
ئینجا بە دەست،
دەستی ئەنقەست
بۆ پێکەنین
یەک لە یەکتری هەڵئەسووین.
***
دیوەخانی ئەو باسانەی،
بۆ سەرزەنشت، دوور لە شەرمە.
دیوەخانی ئەو شەوانەی،
وا چەند ساڵە
بە شەوچەرەی خواردنی یەک!
پڕ و گەرمە!.
***
قوڕ و لیتەی ئەو زەلکاوەی
لەپەوڕوو هەموو تێی کەوتووین
گێژی ئەو تۆف و گەرداوەی
بۆ نەمان، ڕاپێچی کردووین.
دیوەخانی ئەو گورگانەی
لە پێستی مەڕا ئەنوێنن
سەوای ئەو ناو جامبازانەی
لە تاریکاییی ئەشکەوتا
ئابڕووی ئێمە ئەدۆڕێنن!.
***
کۆڕی ئەو دز و جەردانەی
لە دەوری شێخ، ویرد ئەخوێنن!
لەپاڵ قۆڵ و دەسبڕینا
ناوی خوا و ڕاستیی ئەهێنن.
دیوەخانی ئەو میرانەی
بە تەلیسمی تەفرەخواردن
خۆیان و ئێمە ئەنوێنن.
***
هەمووی لە ئەستۆی گشتمانە
ئەستۆی وردمان!
هەمووی نزمیی ڕەوشتمانە
ئەوەی کردمان!.
***
ئەو چنگانەی لەناو خوێنا،
خوێنی یەکا ڕەنگمان کردن!.
ئەو دەمانەی لە جوێندا
لە خۆمانا
شلمان کردن،
لەبەر چاوی دوژمنانا،
حەیای یەکترمان پێ بردن.
یەخەی یەکترمان پێ گرتن
سەرماوسۆڵەی ئەم زستانەی
کە بەردەوام تیایا ئەژین
ئەو بۆشاییی سەرشێوانەی
کە چەند ساڵە
بێ سەروبن!
تیایا دێین و، تیایا ئەچین!
ئەو پرسیارەی
بێ وەرامەی!
کە تێی ناگەین.
چییە و لەبەرچی وا ئەکەین؟
ئەو فرمێسکی سکاڵایەی،
بۆ یەکتری هەڵئەڕێژین
دەستەوئەژنۆ دائەنیشین
بە سەر سنگمانا، ئەکێشین
ئاخ هەتا بن، هەڵئەکێشین!
ئەم نۆکەری و مسکێنییەی
کە بە خۆ ڕەوانەی ئەبینین
ئەم ژیانەی بە ڕسوایی
تیا ئەبیسین، تیا ئەبینین
هەمووی لە ئەستۆی گشتمانە
ئەستۆی وردمان
هەمووی نزمیی ڕەوشتمانە
ئەوەی کردمان!.