زیندووی، مردوو!

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  1399 بینین
«دوژمنت نیم چونکە پێت پێناکەنم، دۆستتم بۆیە ئەتگرێنم و ڕاستیت لێ ناشارمەوە.»
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
مێژوو ئەڵێ لەدایک بووین!.
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
زرپوزیندووین!
بەڵام هێشتا، باوێشک ئەدەین
هێشتا نووستووین.
هێشتا تەواو، تێرخەو نەبووین
هێشتا ئەنووین.
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
لە خەڵک بوردووین!
لە خۆمان هەرگیز نەبوردووین.
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە،
وەک ئێستە واین
یەکنەگرتووین!.
لەو کاتەوە، چەک هەڵگرتووین
بەڵام هێشتا سەرنەکەوتووین.
کەچی ئەڵێین: هەر سەرکەوتووین.
ئەڵێین: ئێمە هەر نەمردووین!.
***
هەر لێرەوە تا وڵاتی
بەرینی «چینشوێن»
بە نۆکەری گەڕاین، ڕۆشتین
بە ئاواتی
سەرکەوتنی
بێگانە گەلێ گەیشتین:
لە خوێنی خۆمان بۆ ڕشتن.
لە ڕۆڵەی خۆمان بۆ کوشتن
تا توانیمان قسەی زۆری
مەراییمان بۆ هەڵبەستن
سەمامان کرد، بۆمان ڕستن.
وتیان: ئادەی دنیا بگرن
ئەوە پارە!
وتمان: باشە!
وتیان: بمرن، ئەوە پارە
وتمان: باشە
وتیان: ماڵی یەکتر ببڕن
لەناو یەکا، یەک سەربڕن
ورگی یەکتریی هەڵدڕن
ئەوە پارە
وتمان: باشە!.
***
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
پێمان ئەڵێن:
بەرد بن، دار بن
ئەڵقە لە گوێ و خزمەتکار بن
مەڕ بن، مار بن
ئادەی ئینجا شێت بن، هار بن
ئەڵێین: باشە!
***
بتی داروبەردمان پەرست
تاجی هەزار، شای بێگانەی
خوێنەخوێمان
دانا و پەرست
چەند پێڵاوی دوژمنانی
تازە و کۆنمان،
جووت کرد، پەرست
ئەممان پەرست، ئەومان پەرست!
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
تەنها هەر خۆمان نەپەرست!.
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
دێین و دەڕۆین
وەک شێت ئەخۆین
سەرمان قاڵە.
چەنە ئەدەین، هەڵئەپەڕین
سەرچۆپیی نۆکەری ئەگرین
کەچی دەستی، کردەوەمان
هەر بەتاڵە
گفتمان لاڵە!.
***
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
مەشکەی دوژمنمان ئەژەنین،
چونکە شڵقەی زل و خۆشە.
بە هی خۆشمان پێئەکەنین!
***
ئەوەی گیانی ڕسوا نەکرد
ڕۆیی و زوو مرد.
ئەوەی کرنووشی نامەردیی
نەبرد، زوو مرد!
وەکوو ئێستا،
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
ئەوەی پیاو بوو لەناومان برد!
***
بۆ شاردنەوەی نەنگیی خۆمان
دەلاقەی گەورەی درۆمان
بۆ ئەوەی خۆمان تەفرە دەین
وەک لەوەوبەر هیچمان نەکرد!
هەر هیچ نەکەین
هاتین گەڕاین
کەوتینە دووی گزیوفزی
لە قوژبنی مێژووی کۆندا
خوێندەوارمان، کەوتنە دزی
دزیکردن لە شانازیی
کەسانی تر، مایە و مووری گەلانی تر.
هەموو دنیایان کرد بە کورد!
پێغەمبەرانیان کرد بە کورد!
هەتا ئادەم و حەواشیان
هەر کرد بە کورد.!
نەیانپرسی:
ئەی بۆچی کورد
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
بۆ خۆی، هیچی بە هیچ نەکرد؟!