زستانی تەمەن
لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
2 خولەک
1371 بینین
چاوی زستان، بێوەنەوزە، پێڵووی ئارامی لێک نانێ
شەستەباران هەزار بەهار، نادا بە کوڵی گریانێ
شەوی تاریک وەها چۆکی لەسەر سنگی شار داداوە
لە سەیوانی هەر ماڵێکا، دارئەرخەوانێ ڕواوە.
***
هەوری ڕێگر لە هەتاوی خۆری نەورۆزی هیوا
وەکوو خەفەت جەرگ و دڵی ساماڵی ئاسمان ئەخوا!
گێژەڵووکەی تیژ هەڵکردووی وڵاتی تەمەن ناسۆر
لەگەڵ خۆیدا هەزاران دڵ ڕاپێچی مردن ئەکا.
***
کڕێوەکەی، چلەی مەینەت، ساڵی بێبەهاری شار
نەبڕایەوە، وەک شەوانی دەروونی پڕ لە هاوار
نەبڕایەوە دەنگی قرچەی دایکی جەرگهەڵقرچاو
نەبڕایەوە کسپەی هەواڵ، هەنسکی گەرووی ئازار.
***
چاوی زستان، وەکوو چاوی خەڵکەکەی ئێرە وایە
ئەو باران و، ئەم فرمێسکی خوێنینی دڵی تیایە
ئەی وڵاتی کوێرەوەری، وڵاتی ناو شەوەزەنگ!
وەکوو ئێمە، بە باڵای تۆش بڕاوە ئەم سزایە.
***
ئەی گۆڕستان، ئەی گۆڕهەڵکەن، ئێمەش لە شەوی گیانا
هەموو ڕۆژێ، گۆڕهەڵکەنین لە سەیوانی ژیانا
ئەی پاییزی نائومێدی، بەر لەوەی وەرزی تۆ بێ
وەرزی ئێمە، زۆر دەمێکە وا لە گریە و خەزانا!