«بێکەس»ی زیندوو

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  851 بینین
وەکوو ئێستا
وەکوو ئەمڕۆی تاریک و تاڵ
پێش نۆزدە ساڵ،
فرمێسکی چاوی وەک پشکۆی،
شاری هەڵەبجەشوێنی پڕ سزا
بە سەر گۆنەی خەما ڕژا
وەکوو ئێستا
دەست و پەنجەی بە ئاگری
هەواڵێکی جگەربڕی
ترا، چزا.
بۆ ماڵاواییی مامۆستا
هەڵەبجە وەک زستان گریا
وەک دایکی سکسووتاو گریا
گریان گریان،
«باخی میر» و «گوڵان» گریان
بۆ مامۆستا.
وەک قوتابیی ئێمەی مناڵ
هەور گریا، ساماڵ گریا،
بۆ مامۆستا.
مات بوو، زەنگی قوتابخانە
کپ بوو، دەنگی قوتابخانە.
زەرد بوو، ڕەنگی قوتابخانە.
وەکوو ئێستا
تەختەی ڕەشی خوێندن گریا
وشەی گەشی خوێندن گریا
«زەڵم» گریا، «هاوار» گریا.
باخی «عەبابەیلێ» گریا
گیانی «ئەحمەد موختار» گریا.
***
ڕۆژی هەژدە
مانگی دوانزەی چل و هەشتە،
تۆف و باران
ڕەهێڵەی خوڕی بێوچان
فرمێسکی چاویان درشتە.
وەک هەڵەبجە، وەکوو ئاسمان!
لە هەژدەی مانگی دوانزەدا
لە پاییزی ئەو ڕۆژەدا
لە ژوورێکی ناوماڵ ڕووتەی
کرێ گرتەی
سەر ماڵانا
لە ژوورێکی هەژاریدا،
مرد «بێکەسکەس»ی بیر دەوڵەمەند
مرد «بێکەس»ی شەیدای وەتەن
وەستا ئەو دڵەی ئاگری
کوردپەروەری تێبەر بووبوو.
شکا ئەو زمانەی وێردی
ئازادیی ئەخوێند بە کوردی.
نیشت ئەو چاوەی کە ڕووناکیی
خۆشەویستیی، «ئەڕشتە سەر»
پەڕەی هونەر.
شل بوو ئەو پەنجەیەی جاران،
کە لە چاوی زۆر دوژمنی
وەکوو «ئەدمۆنس»ی ئەچەقان.
شل بوو ئەو مەچەک و دەستەی،
تا ڕۆژێ بوو لە زیندانا
لە زیندانی تێکۆشانا
ئەڵقەی زنجیری ئەپسان
تەختی دوژمنی ئەلەرزان.
***
سامانی دوای کۆچکردنی
ماڵی دنیای دوای مردنی
بۆ هەتیو بەجێهێشتنی،
کە ئێمە بووین
جزدانێ بوو
خاڵی و پەتی
گیرفانێ بوو
پڕ لە قەرزاری و نەگبەتی!
***
بەڵام سامانی باوەڕی
دوای مردنی
بۆ نەتەوە جێهێشتنی
کە ئێوە بوون.
کە ئێمەش بووین،
دنیایەکە: لە نەبەزین
ژیانێکە: بۆ ئازادی
لە ڕاپەڕین.
تەمەنێکە: بۆ ئەم کوردە،
پڕ لە خەباتی ئاگرین.
دیوانێکە: پڕ بەهاری
شیعری شیرین.