نامەیەک

بۆ هاوڕێی شاعیرم کاک ج. شارباژێری
لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  617 بینین
ئەی «پارچەی جگەرم»، برام
بەبێ ئەوەی خۆت بێیتە لام
پرسیارم گەیشتە وەرام
کە کردمەوە دیوانەکەت
لەم دوورەوە،
دیم پاییزی ژیانەکەت.
لە زستانی هۆنراوەتا
دیم بارانی گریانەکەت.
دیم ئەو ناخەی
پڕ لە ئاخەی
هەزار گوڵی تیا سووتاوە
خۆر لەناو شەویا خنکاوە.
دیم ئەو کچەی بە قژی سەر
هەڵواسراوە.
دیم ئەو پەپوولانەی کەوا،
باڵی فڕینیان بەستراوە.
دیم، براکەم، ئەو بەهارەی
لە نەورۆزدا بێ هەتاوە.
***
لە دایکی شیعرەوە برام!
بەبێ ئەوەی خۆت بێیتە لام،
تا بمدوێنی
بینی تینووم، نا بە بینی
گۆمی سکاڵاکەی تۆوە،
ئازاری خۆم لەبیر چۆوە.
سەرنجێ بە لە «تریفە»
دڵنیام کە تۆش ئەمبینی
وەک خۆت تەنیام!
ئای براکەی دوێنێ و ئێستام
لەم دوورەوە
چەند بۆت گریام!