مەلا هیندی

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  765 بینین
ڕۆژانێ بوو
خەفەت، شوێنی حەسانەوەی
لامان نەبوو
ژیان، گرێی لێکدانەوەی
بۆ داهاتوو
وەکوو ئێستا
لە تەمەنی خەم نەئەدا!
چاومان وەکوو چاوی ئەمڕۆ
نەبڕیبووە ڕێگای دەسخەڕۆ
بەرامبەر یەکتر پیس نەبوو.
دەستمان، نەئەنایە دەستی
تەفرە و درۆ
ڕۆژانێ بوو خۆشەویستی
پڕ بەدڵ بوو
دنیایەک بوو هەمووی گوڵ بوو
چقڵی ناکۆکی و دەسبڕین
بۆ ژێر گڵ بوو.
***
ئەی مناڵی! ئەی بەهەشتی
خەوی گەشتی
هەتا مردن یەک جار بینین!
ئاوڕ لە تۆ، ئەدەمەوە
عومری شیرین.
هەر ئاوڕێ بە هەڵبەستێ
کە وێنەتی تیا ڕاوەستێ
یادی پاکت دەکەمەوە
ئێستای تەمومژی تەمەن
بۆ ساماڵت دەبەمەوە!
***
هاودەمەکانی مناڵی،
شەش حەوت ساڵی
لە بیریانە خەوی جاران.
پێکەنینی هەر چوار وەرزی
دڵ و ڕوومان.
لە بیریانە، دنیای گەڕەکی
حاجی حان!.
***
پیرەمێردی لاواز، باریک
ڕەش داگیرساو
چاوی وەکوو دووکانەکەی،
نووتەک، تاریک
ژین بێ هەتاو
دوور لە تێری
دوور لە شادی
پێیان ئەوت: مەلا هیندیکەس.
چەند ڕەفەیەک لە تەختەی شڕ،
لە تەپوتۆز، لە خۆڵا پڕ
داکەوتبوون، لێک ترازاو
وەکوو مەلا خۆی بێهەناو
باسی خەمیان بۆ ئەکردی
باسی تەمەنی هەڵقرچاو،
چیرۆکەکەی مەلا هیندی.
***
دوو پشیلەی سەرزل، گوربە
بۆ مشکی ڕسق پیسکەری
ناو دووکانەکەی بە هەڵپە
نەئەسرەوتن
لە ڕاوی مشکی دوژمن بە مەلا!
نەئەکەوتن
بۆ پشوودانیش دووبەدوو
لەسەر ڕانی
لەڕی مەلا لێی ئەخەوتن.
***
چەند تەبەقێ، سەبەتەیەک.
لەگەڵ کۆنە بەرچنەیەک.
گۆزە سوورێکی مل شکاو.
یەک دوو قووڵینەی داتەکاو
بۆ شەوگاری تا درەنگیش،
فانۆزێکی کز هەڵکراو.
***
نە چاو، نە منداڵ، نە خێزان
نە دەنگی دایە و بابە گیان
هیچی نەبوو،
تا فرمێسکیش وەختی گریان!.
***
بە ئارەقی ڕەنج، بە کوێری
هیلاک، ماندوو
هەورازی ئەم ژینەی ئەبڕی.
گۆچانەکەی چاوساغی بوو
ڕێی برسێتی پێ دەرئەکرد
دەستی سواڵ و پاڕانەوەی،
بۆ هیچ کەسێ درێژ نەکرد
***
ئێمەی مناڵ، ڕێبواری بووین
بەیانییان زوو کڕیاری بووین
لە بیرتانە؟ ئێمەی فێڵزان
بۆ مەلا هیندی بەسەزمان
جاربەجاریش
دەرزییەک بووین بۆ ئازاردان!.
لە بیرتانە؟ کە ناوبەناو
عانەی گیرفان
ئەبوو تەواو
ڕۆژانەکەمان خەرج ئەکرد،
ئەوسا ڕێگەی فێڵمان ئەگرت.
باشە چی بکەین؟
هەتا بگەین:
بەو مێوژە، بەو حەڵوایە،
بەو ماجوومی و بەو خورمایە!
گڕی نەوسمان تێ بەرئەبوو
لەباتی پارە میکلمان
یان عانەی سوور، کە نەئەچوو
ئەدا بە مەلای بەسەزمان.
هەتا بەم فێڵەشی زانین
بە گۆچان تێی ئەسرەوانین!
***
ساڵ هات و ڕۆی، مەلا هیندی
مەرگ ڕاپێچی کرد و بردی
پاش گەورە بوون.
ئێمەش لە یەکتر دابڕاین،
ئێستا هەر یەک لە شوێنێکاین
هەر یەک وێڵی دوای خەمێکین!
یەک لە یەکتری بێئاگاین!
«گەر بەئاگاش بین ناکۆکین»
***
ئەی ساماڵی
دڵ و دەروونی مناڵی!
بێ پاکیی تۆ
عەقڵی تەمەنی گەورەیی،
چەند پیریش بێ
زمانی ڕاست، نایەتە گۆ!.