بەیانیی بێ خۆر!
لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
2 خولەک
1495 بینین
١
ڕێگا دوورە، بەرچاو لێڵەئاسۆی گیانم بەدوای تیشکی
خۆری هەواڵێکا... وێڵە.
خەیاڵ: ڕێبوارێکی ماندووی
لەش کەنەفتی،
خەم داگرتووی،
بیابانی مابێن.. کێڵە.
***
ڕێگا... دوورەتاریکیی ئەم شەوەی پاییز
دنیایەکی بێسنوورە.
پشکۆی لەشم، قرچەی تاسەم
گڕەی هاوینی هەناسەم.
چاوەڕوانی
شەماڵێکی بەرەو ژوورە!.
*
ڕێگا تارە
ساڵ: بەبێ وەرزی بەهارە
قۆناغ ونە
خۆزگەی دەروونیش هەزارە
پرسیارکردن بێوەرامە
فرمێسکی چاوی نێرگزم
چەند دڵۆپێکی ناکامە
وا نیوەشەو لەسەر سنگی
ماڵی خامۆشی و بێدەنگی
چۆکی دادا
قوڵپی هەڵدا
بۆ تەنیایی، شەو بەسامە
***
هەواڵ نەهاتشەماڵ نەهات
وا بەیانیشە خۆری من
هەر هەڵ نەهات!.
٢
شیرینەکەم!زستانی دڵ، وەک ژوورەکەم
وەک پێخەفی ساردوسڕم
وەکوو کوورەی بێ ئاگرم
تەنیا و پەستە
دوور لە ساماڵ و هەتاوی
بەهاری تۆی خۆشەویستە.
***
ئاگری دەم جگەرەکەملاپەڕەی یادی ڕابوردوو
ئەسووتێنێ
دووکەڵ لە دڵ ئەورووژێنێ
تا تەمەن بکا بە سووتوو!
***
هەتا پەڕەی کتێبەکانوەک ڕەنگی خۆم هەڵبزڕکاو
وەک چاوی خۆم
وشەی چاویان
پڕ لە گریان
لەناو گەرووی شەوا خنکاو!
***
کەی کۆتاییی ئەم شەوە دێ؟!کەی فرمێسکی چاوی ئازار
پێڵووی سەرخەوێ لێک ئەنێ
کەی دەرئەکەوێ کەژاوەی
بووکی بەهار؟
کەی ڕەهێڵەی زستانەکەم
ئەوەستێ و خۆش ئەکاتەوە؟!
ئاسۆم پرشنگ ئەداتەوە؟!
کەی توخوا کەی ئازیزەکەم
خونچەی خۆزگەم ئەکرێتەوە
ئەم دوورییە لە نزیکیی
بەیانێکا ئەبڕێتەوە؟
تا پێت بگەم!
کەی توخوا کەی ئازیزەکەم؟
***
هەواڵ نەهاتشەماڵ نەهات
لە بەیانییشا.. خۆری من
هەر هەڵ نەهات!.