دوا ترووسکە

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  900 بینین
هەر ئاوڕێ ئەدەمەوە بۆ دواوەی تەمەن
هەر سەرنجێ لە ڕابووردووی پێشینم ئەگرم
تاریکییە و دەس لە ملی ژیانم ئەکەن
لە ناخەوە فرمێسکی خوێن بۆ چاو سەر ئەخەن!
تەمومژە، کوێرە ڕێگای بەرەو هەڵدێرە،
تارمایییە، ئاسمانێکی سەر بەرەو ژێرە.
دووکەڵ، پەپوو، گوڵی سووتاو
شەوی پاییز، خۆری خنکاو!
مەلی تینوو، باڵی شکاو
گەرووی خۆزگە، دەنگی تاساو.
***
ئەی بابە گیان، ئەی ئەو نازەی باوەشم نەدی
کە مناڵیم لە ئارامییا، خەوی بسرەوێ
ئەی بابە گیان، ئەی ئەو گوڵەی، بۆنم نەکردی
بەیانیم بوو، کە ژاکایت و، جوانەمەرگ مردی.
هەر پاش بینین، ئەشکی کۆستی، گەرمت پێ ڕشتم
بە تەنیایی، لەناو چۆڵیی ژینا جێتهێشتم
هەتیو، بێناز، ئاوارە بوون
نانی سووتاوی تێر نەبوون
زستانی شەو، کسپەی دەروون
لەرزەی بزەی، لێوی زەبوون.
***
ئەوە دایکم، ڕەشپۆشەکەی ماڵی خامۆشی
خەزانی بەخت، لە بەهارا، کردی بە پاییز.
ئەوە دایکم، دایکی ناسۆر، بێوەژنکۆشی
ئەوە گریان، گریانی زۆر، کڕووزەنۆشی.
ئەوەش خوشکان «فریشتە»کەی بەهەشتی ماتەم
ئەوەش گوڵە«گەزیزە»کەی بچکۆلانەی خەم.
لێفەی کونکون، چلەی زستان
پشکۆی کوژاوەی ئاگردان.
وڕێنەی شەو، خەوبزڕکان
بۆ بابە گیان، بۆ بابە گیان.
***
ئینجا لاوی، فامکردنەوەی پڕ دڕکی ئازار
گرێکوێرەی دەم هەژاری خەیاڵی ئاڵۆز
داڵدەی ساردی دەربەدەری، جێگۆڕکێ هەزار
خەوی پچڕ، شەقامی چۆڵ، دواڕۆژی نادیار
حەزی دەسکورت، گیرفانی چۆڵ، خۆ حەپسکردن
بە ڕووی ماندووی بەختی کفتا، قاپی داخستن.
قاچی پڕ خوێن، چاوەڕوانی
باری ئازار، پەرێشانیی
گێرمەوکێشەی نان گرانی
ئەشکەنجەی دوای ڕاستیی زانی
***
ئەوە یەکەم، کچی سەر ڕێی بەهاری گەشتم
خۆشەویستی وەک سایەقەی بێگەرد و پاکم
بۆ ئاڵتوونی ساردی بەرۆک، زوو بەجێی هێشتم
تا بە درۆش، فرمێسکێکی بۆ هەڵنەڕشتم.
ئینجا دووهەم، هەر کە زانی، من بێ ئیش کەوتووم
کەوتە بیانوو پێ گرتنم، «تێریی» دایە ڕووم.
نێرگز بۆ ژێر، پێی تەفرەدان
دڕک بۆ دەروون، تێوەردان
بڕوا فرۆشتن، بە هەرزان.
بەهار بۆ ناو، گەڵاڕێزان!
***
ئێستەش ئەگەر شیرینەکەم، هیوایە مابێ
چاوی گیانم: تێ بڕیبێ، خۆمی پێ ژیر کەم
ئەوەی مابێ و، دواترووسکەی مۆمێکی تیا بێ
دواهەناسەی چارەنووسی لاویمیی لا بێ
خۆشەویستیی دڵی تۆیە، پرشنگی چاوتە
بەر بەرۆچکەی پاش بارانم، وەفای هەتاوتە!
مەیبڕە لێم، با ژیانم
ئارامێ با، بە گریانم
هەڵ بێ، خۆری دوای زستانم
بۆ چاوم، دەروونم، گیانم.