کەژاوەی گریان

لە کتێبی:
کەژاوەی گریان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 8 خولەک  1726 بینین
لە سەنگەری زستانی سەختی تێکۆشانی کوردایەتیدا نەهاتە دەرەوە. تا سییەکانی کەوتنە ڕزین. بەرەو وڵاتی ڕۆژاوا بەپیر هیوای چاکبوونەوە چوو. پاش چوار ساڵ نامەیەکم بۆ هات نووسرابوو: «لەتیفکەس»ی هاوڕێتان مرد و لە «کاوتنگا» ناشتمان. «کەژاوەی گریان» کەژاوەی هۆنراوەی دواجاری ماڵاواییی من بوو، لە «لەتیف»ی شەهید!.
١
لە گۆڕستانی «کاوتنگاشوێن»
زستانی ژین،
هەزاران خۆزگەی نێژراوی
ئاواتی دڵ نەترووکاوی
وا لە سنگا!
لەپاش بارین
پەپوولەی کلووی بەفری، بەر
مانگەشەوی ڕێ ڕۆشنکەر
کپ نیشتە سەر
لاشەی زەمین
لە سەرمادا
گەڵای بەر تریفەی زیوین
هەڵئەلەرزین.
بۆ هەواڵی تازەی ئەمشەو
ئەستێرەکان کەوتنە پرسین
لە تاقە ڕێبواری هاتوو.
بۆ لای مردوو
سەگی حەسحەس کەوتنە وەڕین!
***
پیرەمێردێ، بە بازوو لاو
بەرەو «کاوتنگ»
گوڕی خێرای، دا بە هەنگاو
ڕێچکەی بەفری ساردی شکان
دەستی نایە بینی زستان
گۆڕهەڵکەنە.
پاچی خستە سەر نەڕەی شان.
***
پاسەوانەکەی گۆڕستان
باوێشکی دا، خەواڵوو بوو
چاوی بە زۆر لە خەو هەستان
زنجیری دەرگای ڕاپسکان
-شەو باش
ئەم جارەیان کێیە مردوو؟!
-«غەریبێکە ئەڵێن کوردە».
- هەر ئەوەندە؟
- کورد، نازانی؟
- «ئا، ئەو گەلەی، لە ڕۆژهەڵات
بە قوربانیی سووری ئەکات
زەویی خەبات
ڕۆژی لەناو شەوا هەڵکرد!
سەری بۆ زۆردار شۆڕ نەکرد
لە کڕێوەدا، نێرگزیان
چاوی نەورۆز هەڵئەهێنێ!
لە مردنا، ژین ئەبینێ!
- ئەیانناسم...
من هەڵگری شوێنپێی هەموو
هەواڵێک و دەنگوباسم
باسی گەلان.
باشە چۆن مرد؟
پیر یان لاو بوو؟
-دەردێکی سەختی گرتبوو
چاری نەبوو،
لە دواییشا لەژێر دەستی
دکتۆرەکانا دەرنەچوو
شیک بوو، لاو بوو
-ئای نەگبەتی
-ڕێم کە، با زوو
گۆڕەکەی ئەمیش هەڵکەنم
بۆ سکی سبەینێی خێزان
چەند «مارکێکی» تر بسەنم...
-بیرم نەبوو!
-ها... چی...؟
-ناوی چی بوو؟
-ناوی، ناوی لەتیف عەلی
***
چووە ژوورێ
بۆ شوێن گۆڕێ
سەیرێکی کرد
بە پەلە، قۆڵی لێ هەڵکرد
لەژێر داری چنارێکا
لە چەپەکێ، کەنارێکا،
پاچی تا ژوور سەر هەڵبڕی
تەکانی کاری دایە خۆ
نەسرەوت، نەسرەوت
تا جەرگی زەوی هەڵدڕی
ئینجا وتی:
-کوردەکە، ئەمەش ماڵی تۆ!
***
تریفەی مانگ بۆ یەکەم جار
دای لە گۆڕێکی تازەتر
دەمی نایە دەمی ئازار
سەهۆڵی خەم بوو بە ئاگر!
**
لە «میۆنخشوێن»دا
لاوێ، لەسەر چرپایەکی ئازار
بەبێ هاوار
دواهەناسەی ژیان ئەدا
لەپاش ئەوەی دەمی مقەست
بە هەردوو دەست
کەوتە بڕین، بڕینی «سی»
لەپاش ئەوەی «دابەشیان کرد،
لە شووشەدا»
بە بێدەنگ، مرد!
***
هۆڵی گەورەی خەستەخانە
ماڵی ئازار، ماڵی ژانە
هاوڕێی نەخۆشی دەستەڕاست
وەک دەستەچەپ، گریانی هات
ئەوەندەی وت: ئای داخەکەم
بەخت بۆی نەهات
سستەری خوشکی چەند ساڵە
خوشکی برین ساڕێژکردن!
بە ناسۆری ئەم هەواڵە
گۆنای ئاڵی، زەردیی لێ نیشت
تارمایییەک بەرچاوی گرت
یەک دوو دڵۆپ فرمێسکی ڕشت،
چووە سەر جێگای خامۆشی
لەسەر لێوار تۆزێ دانیشت
بە لایەکی بەتانییەکە
بۆ ئێجگاری
سەری «شەهید»ی داپۆشی!.
***
دوور لە یاران،
دوور لە برا، دوور لە خوشکی
دوور لە دایکەکەی کوردستان
دوور لە دراوسێ و ناسیاوی
هەموو گەڕەکی «حاجی حان»
دوور لە سەیوان
تەرمی غەریبێ هەڵگیرا
بەرەو کاوتنگ
بەڕێ کرا.
***
لەباتیی خوشک، باوک، برا
لەباتیی من، لەباتیی گشت
هاوبیرانی نەتەوەیی
لەباتیی چرای «کوردستان»
چاوی «نەبەز» فرمێسکی ڕشت
شانی نەبەز، لە تەرمەکەی
شەهید نەوی
لە ڕێگادا بەرەو کاوتنگ
خەیاڵ: ئاوڕی دایەوە
لەگەڵ هەنسکی گریانا
ئەم چیرۆکەی گێڕایەوە:
***
سەردەمێک بوو، باخ بێ گوڵ بوو
درەخت، بەبێ لق و چڵ بوو!
خانووی زستان، بێ ئاگر بوو
ژوور بێبنمیچ!
زەوی بێئاو، دایک بێ کوڕ بوو!
کچ بەبێ قژ، قژ بێ سەر بوو!
ئاوابوون بێ زەردەپەڕ بوو
مەمک بێ شیر، ڕەز بێ بەر بوو
کۆتر بێ باڵ، باڵ بێ پەڕ بوو
ماسیی بێ چەم، چەم بێ ئاو بوو
شار و گوندی کوردستانم
بێ هەتاو بوو!
بێ هەور، هاوین باران بوو
چاو بێ فرمێسک، پڕ گریان بوو!
***
لەو تاریکاییی چاونەبینەی
لە زامی ئەو، ناو برینەی
ڕێگای ترسا
چرای باوەڕێ داگیرسا
هەڵهات، خۆری ناو شەوەزەنگ
گەشتر لە خۆری ئاوێستا.
***
لە بریندا پشکووت هەزار
گوڵی بەهار
لە فرمێسکا، دەرکەوت شنەی
زەردەخەنەی هیوای نازدار.
***
لەناو خوێنا، وەکوو بەیان
شەفەق دەرکەوت
لە گۆڕەوە، دەنگی ژیان
هات و سەرکەوت.
***
لە شیوەنی سکسووتاوا
لە کسپەی جەرگی ئەنجنی
هەڵقرچاوا
ژێردەستیی مات و خامۆش بوو،
ئاهەنگی ئازادیی خۆش بوو!
***
لە ئاگری بۆردوومانا،
لە سووتانا،
لە کاتی دروێنەی لەشی
شەهیدانا:
گەڵای پاییزمان سەوز بوون
کانیی وشکمان ژیانەوە
چاو پڕ لە سۆز
مردووەکانمان، هەستانەوە
بوو بە نەورۆز.
لە پەلەپیتکەی تفەنگدا
لە تینویەتی ناو سەنگەرا
لە بۆنی بارووتی شەڕا
هەوای ئازادیمان مژی
لەناو جەنگدا
چارەنووسی، مانەوەمان
دا بە ژیان
بۆ سەرفرازیی نیشتمان.
***
لەناو کفنی شەهیدانا
لەناو زامی کوژراوانا
ئاڵامان دیی
کەوتنە شنە
بە سەر لووتکەی شاخەکانا.
٢
زستانی ساڵی شەست و سێ
سەخت کەوتە ڕێ.
تاریکەشەوی داگیرکەر
چاونەبینە،
دڵ ڕەشێکی پڕ لە قینە
دەستی دوژمن، نەپارێزە
سەری مناڵ، سکی ئافرەت
هەڵیئەگرێ،
هەڵیئەدڕێ
سەری نێزە.
کڕێوەیە، سەختەزستان
چاو لێک نانێ
تۆفی ئاسمان.
دار بەستوویەتی، بەرد بەستوویەتی
ئەم وڵاتە
بەستەڵەکی خەم گرتوویەتی!
***
شەهید وتی:
نەنگییە بۆ من دابنیشم
ئەم تاریکەشەوە ئەبڕم
ڕەگی مردن، هەڵئەکێشم
کوردایەتیی بانگم ئەکا،
ڕێگە ئەگرم.
***
وتی: ئەم جارە بە گوللە
لەبریی قەڵەم
بانگ هەڵئەدەم
چارەنووسم
لەناو چەوانی ژیانا
لە هەورازی کۆڵنەدانا
وا ئەنووسم.
***
وتی: گفت ئەکەم بە کردار
خەو بە هەڵسان،
ڕۆشتن هەتاکوو نەوەستان.
دەستی ڕەنجم، ئەنێمە دەست
کوردی جووتیار و کرێکار.
***
خوشکی پێی وت: ساردە دنیا،
«وەی» ئەبارێ، بێئامانە
ئەم زستانە
بەستوویەتی کەژ، هەرد، دۆڵ، چیا
هەر تۆمان هەی
هەر تۆ تەنیا.
-پێش ڕۆشتن، ئەمە ئەزانم
من بە تەنیا هیی ئێوە نیم
پێش ئێوە، هیی کوردستانم.
***
هاتە دەرێ لەناو جێگا،
کەوتە ڕێگا
بڕیی هەوراز و بێشەی چڕ.
بە سنگ دڕیی
شاخی بەفر
سەنگەر، ناسی
چ کوڕێکە
دوژمن، ناسی
بۆ گیانی ئەو، چ گڕێکە
لەگەڵ برسیی
باوەڕ تێرا
یەکیان ناسی
ڕووناکییان، بە تاریکی
ناو شەوەزەنگا، هەڵگێڕا
نائومێدییان، بە داری
وشکەوەبوودا هەڵواسی!
***
ڕۆیی، نەوەستا
بەفر باری
ڕێگە بەسترا!
هەناسەی سواری «ماوەت»ی
بردە «پێنجوینشوێن»
لەشی نەخۆش و شەکەتی
گەیاندە دەوری «خانەقینشوێن».
***
هەر نەوەستا
ئەیویست پشتی
مەرگ لە ئەرز، با.
هەتا سەرنج، بەرپێی نەدی.
ڕەشێنەی چاو، بوو بە سپی.
هەتاکوو «سی»
لە ناوەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ
وەک «چۆغەکەی» لە دەرەوە
ئەویش، ڕزی!
***
دایکی نەبوو، خوشکی پێی وت،
ئێمەش هەموو:
هیوا مەبڕە
با دووریش بێ ڕێی وڵاتی
پڕ ئاواتی
چاکبوونەوەی، زانست بگرە
لەوێ دەرمانی ئەم دەردە
ڕەنگە زەردە
دەس ئەکەوێ
تەنها لەوێ!.
***
ئەو «جانتایە»ی «ماوەت»ی دی
ڕێی شاخ و کێوی سەختی دی
بست بە بستی
وڵاتی ڕاپەڕیوی دی،
ئەوا لەگەڵ خاوەنەکەی
«سی» پڕ ئاخا
خۆیان کرد بە شاری خۆشی
ناو «میۆنیخا»!
***
لەپاش چوار ساڵ
لەپاش، گینگڵی ئازاری
جێی بێداریی
شەوانی تاڵ.
«سی»ی هەوای ژینی وەرنەگرت
کۆشش کرا، نەژیانەوە
پڵیتەی چرای بێ نەوت
کەوتە پرتەی کوژانەوە.
***
ڕۆژێ هەواڵ، بەبێ تەرم
لە «کاوتنگا»وە، پەشۆکاو
ڕەنگ بزڕکاو
بەرەو شاری سلێمانیشوێن،
تەرمی بێلاشە و فرمێسکی
بۆ من هانی.