نووری ئازادی وڵاتی گرتە بەر
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
572 بینین
نووری ئازادی وڵاتی گرتە بەر
پا لە زنجیری ئەسیری هاتە دەر
ئەو کەلەپچە وا لە دەستا بوو شکا
هەوری زوڵم و جەورمان لاچوو لە سەر
کاوەیێ کەللەی ئەهاڕێ بێ گومان
هەر زوحاکێ بەرزۆ کا لەم خاکە سەر
ئیتیفاقێکی پیاوانەی ئەوێ
تاکوو لەم هەورازەیە سەرکەونە سەر
بێ گۆچانی یەکیەتی بڕوا بکەن
سەختە لەم مەیدانەدا گۆ بەرنە دەر
خوێنی ئەم قوربانیانە گوم مەکەن
مەبنە بێ غیرەتتری نەوعی بەشەر
خۆف ڕێگەی دڵ مەدەن بێباک بن
قووەی ڕۆحیەیە مایەی زەفەر
ئاودێری باغی ئازادی بە خوێن
تا نەکریێ گیانی من ناهێتە بەر
گەنجی بێ زەحمەت مویەسسەر چۆن ئەبێ
ڕەنجبەر بە، تا ببیتە گەنجبەر
بۆ مەهاری ئەم بڵێسەی ئاورە
تێبکۆشن دەستە جەم تاکوو زەفەر
واردی ئەم میللەتە زیاتر نەبێ
فیتنە دوایی بێت، کۆتا بێ خەتەر
خۆشەویسی وا برایی بێتە بەین
کینە و بوغز و حەسەد بڕواتە دەر
موتتەفیق تاکوو نەبن ئیسلامەکان
هەر لە شەرقی دوورەوە تا باختەر
ژێر کەوتوون و تلیقاوە و زەبوون
غەرقی گێژی میحنەتن ناهێنە دەر
عاجز و بێچارە پاشێلی عەدوو
نۆکەری بێ ڕەحمەکانی حیلەگەر
زیندەگانیمانیان وا قووت دا
نیشتمانمان بوو بە خاکی بێ سەمەر
وردە وردە دینیان هەم لێ دزین
ڕووتیان کردین نەمانزانی خەبەر
حاکمی ئێمە ئەوەی پی کردووین
کوا بە دڵ چەنگیزدا کردی گوزەر
وا نەزانن ئێوە ئەوتان دەرپەڕاند
لەو قەڵایە زوڵمی خۆی هێنایە دەر
چون نەتیجەی زوڵم وایە «زاریاناسناوی ئەدەبی»
بۆ هەموو کەس فەڕزی عەینە لەو حەزەر