کوڕی ئیمان ئەگەر دارای بیرن

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  518 بینین
کوڕی ئیمان ئەگەر دارای بیرن
لە بەندیخانەدا تاکەی ئەسیرن
بە بازووی عەقڵ زنجیر ببڕن
گەدەی بەدخواهـ بە نێزەی هۆش بدڕن
دە هەستن ڕاپەڕن بەرزۆ بکەن چاو
بە سەرتانا هەتا کەی بات لافاو
هەموو پیاون هەموو زانا هەموو ژیر
هەموو خاوەن شعوور و عەقڵ و تەدبیر
بەری لافاو ئەگەر نەگرن وەکوو مەرد
بە سەرتانا ئەبارێ دەم بەدەم دەرد
چلۆن پێتان ئەڵێن ئەهلی کەماڵن
بە ڕۆژی ڕوون خەرمانتان بماڵن
ئەوی بووتان مایەی زیندەگانی
بە جارێ مامە ڕێوی وا ڕفانی
وەرن هاونیشتانانم بە جارێ
لەگەڵ یەکدیدا بکەین عەهد و قەرارێ
بە بێ ئوچان مەردانە بکۆشن
هەتا کاڵای ئازادی ئەپۆشن
بە مشتی حەق بە زاری زاڵما دەن
ڕوسوومی پیس و شوومی زوڵم لابەن
بەهاری عەدڵ با ڕەونەق بسێنێ
زسانی زوڵم ئاساری نەمێنێ
بە شمشیری زبانە ئەم جەهادە
لە تەییارە و تفەنگ و تۆپ لادە
پلیکانێکە بەودا سەرکەوە زوو
قسەی حەققە «يقين الحق يعلوعەرەبی»
لەگەڵ حەقدا بە بێ ئەندێش بۆ پێش
بڕۆن لەم ڕێگەدا نۆشە هەموو نێش
هەمیشە یەک گیان و یەک بەدەن بن
جوان و پیر سەربازی وەتەن بن
بناوانی جیایی بەن بە ئاوا
تەفاوەت با نەبێ قەتعا لە ناوا
هەمووتان خۆ کوڕی ئەم خاکە پاکەن
جیاوازی لە خاتردا جیا کەن
هەنگاوێ هەڵگرن بۆ پاسی خۆتان
هەتاکوو دز نەهێنێ حەملە بۆتان
لە خشتی یەکیەتی سەددێ بە دەوری
وەتەنتانا بکەن ئامادە فەوری
نەکا «یەئجووج»ی بێگانە لە ناکاو
بەسەرتانا بدا وەک مەوجی لافاو
نەهەنگ و ئەژدها وا جووت گیرن
بە داوی مەکر ئامادەی نەچیرن
ڕەوی لەم لا و لەو لاوە پشیلە
ئەم ئەڕفێنێ دڵ و ئەو گورچەویلە
ئەگەر بێ جووڵە دانیشن نەکەن دەنگ
ئەبێ چی بێت فەرقی ئێوە تا سەنگ
ئیلاهی شۆڕشی ئەم نیشتمانە
نەکێشێ ئاوری زیاتر زەبانە
ئەوانە وا بە ناحەق خوێن ئەڕێژن
بە ناحەق ئاشنا و حەقنەوێژن
بە قەهرت ڕیشە و ڕەگیان دەرێنە
بە عەدلی خۆت حەقیان لێ بسێنە
بپارێزە خودا ئەم نیشتمانە
لە ئاڵۆزی و ئافاتی زەمانە
لە لوتفت «زاریناسناوی ئەدەبی» ئێوارە و بەیانی
ئەکا داوای حیفزی نیشتمانی