بەهار ئەمساڵ نەیبوو زینەتێ بۆ باغ و گوڵزاری
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
524 بینین
بەهار ئەمساڵ نەیبوو زینەتێ بۆ باغ و گوڵزاری
موعەتتەل مابوو بۆ ئاڕایشی سارا و کۆساری
نە سوور ئاوێ جەماڵی غونچەکانی پێ بڕەنگێنێ
نە عەترێ بۆ وەنەوشەی سەرفگەندەی مات و غەمباری
نە شانە تا شەواوی زوڵفی سەوزەی پێ موڕەتتەب کا
نە سوورمە تا بڕێژێ چاوی نەرگس بۆ دڵ ئازاری
بە ناچاری تەقازای کۆمەکی کرد لەم جوانانە
کە یاری بەن بکەن کۆمەک بە خوێنی جەرگ بۆ کاری
قەبووڵی ئەم تەقازا بۆ جەوانانی فیدایی وا
بە سەریانا وەکوو باران گوللەی دوژمنان باری
بە خوێنی سووری ئەم لاوانی هۆزی کوردە نووسراوە
لە هەر کووچە و شەقام و مەنزڵ و هەر دار و دیواری
فەرامۆشی مەکەن ئەی هۆزی کورد ئەم زوڵمە تێکۆشن
بڕووخێنن بناغەی دوژمنی خوێنمژ بە یەکجاری
هەموو مەردانە بازووتان هەڵماڵن بسێنن حەق
لە شاکردانی تاغووتی و مەئموورانی خوونخواری
براکانت لە سەنگەردان و تۆ ئاسوودە دانیشتووی
ئەمە کەی شەرتە بۆ یاری و بۆ مەردی و غەمخواری
ئەگەر کوردی کڵاشت پێ کە بێ ڕێزی برایانت
لە خوا داوا کە کۆمەک تا ئەگەیتە شاری ڕزگاری
بەڵێ بۆ باغی ئازادی نەمامی تازە لازم بوو
بنێژرێ ڕیشە قایم کات و باقی بێت ئاساری
بە سەد شانازی بۆ ئیجادی باغێکی وەها پۆلێ
لە لاوانی ڕەگەز خاوێن ئامادەی فیداکاری
لە گیانی پڕ لە شەوق و شۆری خۆیان بۆ ڕەهایی گەل
بکەن ئیجاد باغی پڕ سەمەر بێت و نەمر داری
وەرە ئەی باغەبانی کورد چاودێری نەمامت کە
بە دڵ ئاگات لێ بێ تا نەبێ کرمۆڵ وەک «زاریناسناوی ئەدەبی»