سەبا هەستە لە خەو نەورۆز وا هات
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
1 خولەک
676 بینین
سەبا هەستە لە خەو نەورۆز وا هات
بڵێ با لەشکری زستان بڕوات
بەسە جەور و جەفای بەهمەن و دەی
لە دڵ سەبر و لە تەن خۆ گیان دەرهات
بە سەرمانا کڕێوەی بەفر تا کەی
بدات و دابپۆشێ شار و دێهات
هەتا کەی تەم بەری خورشید بگرێ
لە ڕووناکی بەری بن هەرد و باغات
چەمەن چاوەڕوانی تۆیە زوو بی
بزانێ چۆن بڕازێتۆ و چ بکات
لە دامانی چیا و گوڵستانا
چ جۆرێ فەڕشی ڕەنگاوڕەنگ ڕاخات
چلۆن ئامادە بێ بۆ هاتنی گوڵ
کە وارد بوو چ بەرگێکی لەبەر کات
بە ڕاوێژت مناڵی غونچە گوڵبن
لە باوەشدا چ جۆرێ پەروەرش دات
وەرە با دەوری ئەم بۆران و سەرما
دوایی بێ یەخەی گوڵزار بەردات
هەتا کەی گورگی ئەم زستانە شوومە
لە کۆزا بەرخ بڕفێنێت و بخوات
لە بەندیخانە، کەی دەردێ گوڵاڵە؟
ئیلاهی تا بگا بولبول بە ئاوات
بە ئاوی شەونمت پێویستە سەوزە
سەر و زولف و دەم و چاوێک بشوات
سەبا بێ، دێرە، نازانی کە «زاریناسناوی ئەدەبی»
لە جەوری بەهمەن و دەی چی بەسەر هات؟