دووەم: باسی بێ ئینسافی ژن بەشوودان
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
11 خولەک
757 بینین
داوای هاوکاری با لە زوان کەین
کەمێ خراوی خۆمان بەیان کەین
عەشرەت! وا ئەوێ خواناسیمان
شەیتان ڕەم ئەکا لە ناڕاسیمان
هەتا نەزانی تان و پۆمان وێ
ئەبێ ڕسوایی خاسسەی خۆمان وێ
بێهۆش و نەزان، بێخەبەر لە دین
تووڕە و بێتاقەت عاقیبەت نەبین
ئەونە مەسخەرەی هەوا و هەوەسین
لە هەموو لایێ بێ قەدر و پەسین
کەوای عیففەتمان کێشا وە قوڕدا
پارێزگاریمان بە جارێ فڕدا
ڕەفیقی جەفا، لە سەفا دوورین
بە درۆزن و بە دز مەشهوورین
بێ جیهەت خوێنی یەکتر ئەمژین
لە سەر شەڕەسەگ یەکتر ئەکوژین
لە هەرا و قڕە مەجلیسمان پڕە
سوڵح و سەفامان شەڕە و سمڕە
لە ئەخلاقی چاک تەواو بێبەرین
بۆیە پایینتر تیرەی بەشەرین
بۆ ئەوە ئەگەر بینەوە سەر هۆش
شێوەی ئینسانی نەکەین فەرامۆش
بە هەموو قووە بانگ ئەکەم لێتان
گوێ بگرن ئەدەم ئاگەهی پێتان
لەمە زیاتر با نەوین بە پەن
ببیسن قسەم لە هەرجێ کە هەن
براکانی کورد: کەیخودا، ڕەئیس
عەیبێکمان هەیە بێ ئەندازە پیس
تەواوتان لە من باشتر ئەزانن
وەلێ بێ ئەمری شەیتان ناتوانن
فەڕزە کە پێتان بێژم ئاشکرا
هەتا بزانن گشت قەوم و برا
ژن فرۆشتنە بە پارەی بێحەد
بە هەزار هەزار، نە بە پەنجا و سەد
هەتیوێ ئەگەر بێتو ژن بێرێ
کەیخوا بۆ ماڵ تەرەف بێنرێ
ئەبێ چەند هەزار نەقد بژمێرێ
بیکاتە کیسە و ئەوسا بوێرێ
بێژێ کەیخودا بکەن هاوکاری
ئەمە پووڵ، بڕۆن بۆ خواستگاری
دوای چەن کەشمەکەش هەرا و فێڵ و فەن
بە ناو شیربایی تاڵانی ئەکەن
هەر بەو مەجلیسە لە ژن هێنانیا
لونگی گەدایی ئەدەن وە شانیا
بۆ شڕە و شاتاڵ شیرینی خواردن
زەخیرە بۆ ماڵ خەزوورە ناردن
ئەبێ کۆتی قەرز بکاتە گەردن
پەنا بۆ بەزاز بۆ بەقاڵ بردن
یەک بە دە، باری قەرزی بێتە سەر
بۆی نەدرێتەوە تا ڕۆژی مەحشەر
ملی، کۆتی قەرز دایبنەوێنێ
خاوەن قەرز عەیشی لێ بشەوێنێ
مەنزڵ بێ چرا، سفرە بێ پێخۆر
تەنوور بێ ئاور، گوزەران ناجۆر
بووک بێ نەفەقە، زاوا زویر بێ
خێشایەتی وا یاخوا وە قیر وێ
ئەم لە ڕەنجبەری ئەو لە لاپێژی
نەجاتیان ناوێ لە شیاکە ڕێژی
قەومەکان پێتان باشە کاری وا
ژیانیان وا وێ دوو هەژاری وا؟
تاڵانی یەکتر، بە ناو شیربایی
مەکەن براکان بەسە ڕسوایی
هەی داد هەی بێداد لە بەدکاریتان
لەم تاڵانی سەخت پڕ خەساریتان
بزانێ هەموو شیربایی سێنێ
خێشایەتی وا عەداوەت دێنێ
ژنخواز کە زانی هیچی نەماوە
بێ نەقد و بێ جنس خانە خراوە
بیر ئەکاتەوە لە کردەی شوومی
لە هەموو لاوە خەفەت هوجوومی
بۆ دێنێ جا چۆن ژن بەخێو ئەکەی
لە کوێ بەرقلیان لە کوێ شێو ئەکەی
چۆن ڕازی ئەکەی بەقاڵ و بەزاز
لازماتی ماڵ چلۆن ئەکەی ساز
ئەگەر ژەمێ قەن یا چایی نەوێ
بەینی ژن و شوو وەک خوم ئەشەوێ
ئەوێ وە قڕە، وە هاورد و برد:
قوڕمساخ! نەتبوو ئەمتە بۆچی کرد
خانم ئەتۆرێ و ئەڕوا ماڵەوماڵ
ئاغاش لەم لاوە دەسخاڵی و بەتاڵ
نە ماڵی ماوە بەهانەی ببڕێ
نە باڵی ماوە لە دوای بفڕێ
بەم جۆرە وترا شوومی شیربایی
ئەیانخاتە ناو دەریای گەدایی
ئەگەر بەم جۆرە تاڵان یەک نەکەین
ئەم بەدبەختیە کەمتر دێتە بەین
شیربایی بە قەول کەس ناوێ حەڵاڵ
ئەوێ وە ئاگر ئەکەوێتە ماڵ
وایان فەرمووە خاوەن کەماڵان
بێ تەفاوەتە شیربایی و تاڵان
بۆ حەڵاڵ بوونی مەکەن فێڵ و فەن
لیباسێ تری وەبەردا مەکەن
مەڵێن شیربایی نییە ئەم ماڵە
مارەیی یەکی شەرعی و حەڵاڵە
ڕاسە کە مارەی لەسەر بڕاوە
ماڵی زەعیفەی لە ڕوو داماوە
ئەمما کەس و کار وەهای قووت ئەدەن
زەعیفەی مەزڵووم نائومێد ئەکەن
لێی ئەشارنەوە، ئەینێنە کیسە
خەبەریان نییە کە زوڵمێ پیسە
ماڵی مەزڵوومێ وا بۆچی پاماڵ
ئەکەن بە ناحەق، پی ئێژن حەڵاڵ
بۆچی وا خۆتان بێخەبەر ئەکەن
زەهر هەر زەهرە با پی بێژن قەن
ئەو مارەییەی بە ناو جیهازی
گشت بۆ خەرج ئەکەن با نەشبێ ڕازی
بە بەعزێ سابوون گۆرەوی و دۆخین
یەک دوو دەسماڵی زەرد و سوور و شین
فریبی ئەدەن باقی بە حەڵاڵ
ئەزانن ئەیکەن وە بنچینەی ماڵ
ئەمانەم دیوە من بە چاوی خۆم
بۆیە بەم جۆرە لە سەری ئەڕۆم
مارەیی میزان شەرع بدەن قەرار
فەرقی دەوڵەمەن هەس لەگەڵ هەژار
ئەونە بێ وەختێ ژن داوای کرد شووی
بە کەماڵی مەیل وە بێ گرژی ڕووی
بێ ناڕەحەتی و بێ دەردی سەری
پی بدا و زیممەی خۆی بکا بەری
چییە مارەیی بەو میزانە وێ
تا خۆشەویسی سەد چەندانە وێ
ئەگەر لە ڕێگای شەریعەت لادەین
ژن و شوو شەڕیان ئەکەوێتە بەین
ژن داوای حەقی خۆی بکا لە شوو
کە نەیبێ بیدا لیان ئەبێ بە قوو
ئێژێ بە شووی خۆی ژنی ناماقووڵ:
یەخەت بەرنادەم یا تەڵاق یا پووڵ
ژن جۆیای فرسەت حەق خۆی بسێنێ
شوو لە فکرایە ژن بخڵەتێنێ
بەم ئەحواڵەوە لە دەشت و لە ماڵ
لەگەڵ یەکترا تووڕە و ترش و تاڵ
مەنزڵ پڕ ئەوێ لە خوتە و بۆڵە
ڕۆژێ چێشت بێ خوێ ڕۆژێ تر سۆڵە
کەوچک ئەدرێ وە سەر کاسەدا
کەرە، موعەتتەل لە نێو ماسەدا
تەجاوز مەکەن لە تەریقی ڕاس
بێ عەداڵەتی سەمەری ئاواس
لە خوا بترسن مەگرن ڕێگەی لار
با مارەییتان لێ نەوێ وە مار
بۆچی لە یەکتر ئەنێنۆ تەڵە
بۆ ئینسانانە ناکەن مامەڵە؟
دەسێ یا دوو دەس بسەنرێ لیباس
زۆر موبارەکە قبووڵە ڕەواس
وەلێ گۆشوارە، ئەشرەفی و لیرە
گەردن بەندی زێڕ، کرمەک، لاگیرە
ژن خواز ئەمانە بۆچی بسێنێ
هەر پێتان خۆشە هیچی نەمێنێ؟
بۆ نابووت ببێ ئەو لێقەوماوە
ئێوە بن و خوا بۆ ئەم ئەسپاوە
جوابم بەنۆ ئەپرسم لێتان
بۆتە پاڵەپێژ عەیب نییە پێتان
ئەم گشت بەهانە و بدە و داوایە
مایەی بەدبەختی بووک و زاوایە
تووی ئەم فەسادە تاکەی ئەچێنن
خەڵات بە ژنخواز بۆچی ئەسێنن
دەک خەڵاتی وا وە میرات کەوێ
یا خوا موبارەک خەڵات پۆش نەوێ
براکان بەزمی خەنە پووڵیتان
دەلیلە لە سەر ناماقووڵیتان
دەعوەتی ژنان بۆ لای بووک ئەکەن
هەر بەو دەعوەتە خۆتان سووک ئەکەن
چون هەر ژن پووڵێ بۆ حیفزی شەڕەف
ئەبێ بخاتە سەر سفرەی تەرەف
ئەمن ئەپرسم لەو خاوەن ماڵە
ئایا ئەو پووڵەی لە لا حەڵاڵە؟
ئەڵبەت مەعلوومە «غصب الحيايهعەرەبی»
وەک پووڵێ بیدەن بە لۆتی وایە
ببن بە لۆتی لەبەر خاتر پووڵ
بە تەمان ناوتان ببرێ بە ماقووڵ؟
خراوتر لەمە دەسەی هەرزەکار
ئەڕژێتە داڵان سەربان و حەسار
تاریکایی شەو ئەوێ وە پەردە
بۆیان وا گشتیان ئەون وە جەردە
لە سووچ و پەنا لە بن دیواردا
یا لە پشت درگا لە ڕێگوزاردا
خۆیان مات ئەکەن بێ جووڵە و نەفەس
تا نەچیرێکیان بکەوێتە دەس
وا لەو بەزمەدا بەدناوی هەزار
تەرکی کەن وەک مەرد با کۆتا بێ عار
شیرینی خواردن ڕەسمێکە باوە
خاوەن شەریعەت ئیجازەی داوە
دوای نیکاح کردن مەجلیسێ لە پیاو
پڕفام و شعوور زانا و خاوەن ناو
بڕازێتەوە بە شەوق و ئەدەب
پڕ زەوق و سەفا، پڕ شادی و تەرەب
گۆرانیوێژی دەنگخۆشیش ئەشعار
بخوێنێتەوە ئەوێ وە گوڵزار
ئەو بەزمە جوانە بۆ حازرانی
بە ناڵەی دەف و سۆزەی گۆرانی
وەلێ بەو شەرتە دوور لە بیدعەت وێ
نە تێکەڵ بە باس زوڵف و ڕوومەت وێ
ئەمە کە ئەهلی ئاوایی تەواو
ئەبێ تێر بخۆن لە گۆشت و پڵاو
شایی لە ژنخواز بکەن وە شیوەن
ئەوی هەیەتی بیخۆن و بیوەن
کاری وا شێوەی بێکەماڵانە
شیرینی خواردن نییە، تاڵانە
وەرن با بێژین هەموو مەردانە
تف لەم قانوونە ئێمە هەمانە
بەم ڕەسم و یاسا کە باشە پێمان
هەموو میللەتێ تف ئەکا لێمان
ئێژن بێنە سەیر، کوردی ناماقووڵ
ژن کە ئازادە ئەیفرۆشن بە پووڵ
لە کام عەشرەتا بێ ئینسافی وا
ڕەواجی هەیە ئیللا لە کوردا
براکان بە عام بێن بکەن یاری
شیربایی لە ناو لابەن یەکجاری
تانوپۆی هەوا و هەوەس مەتەنن
ڕیشەی ئەم زوڵمە لە بێخ هەڵکەنن
لە کاری خێرا بڕ و بەهانە
خیلافی قانوون دیانەتمانە
هەر گا دوو نەفەر بە یەک ڕازی بوون
بیاندەن بە یەک وە بێ چەند و چوون
با کەم کوڕ و کچ بکەن چاوبڕکێ
سەرمان بشکێنن وە بەردە فڕکێ
ڕەزای کچیشتان ئەبێ مەنزوور وێ
با خوێشایەتی لە عەیبە دوور وێ
لەم حەقیقەتە گشت کەس حاڵییە
کاری ناڕەزا بەری تاڵییە
بێ ڕەزا ئافرەت بۆ ئەدەن وە شوو
خۆ ئەخەنە ناو قڕە و قاو و قوو
لە بیرمە ساڵێ شەخسێ بێ ڕەزا
لەم چەن ساڵەدا کچی بە شوو دا
نیکاحی کریا و شیرینی خوریا
پێشکەشی ئاغا و شیربایی دریا
سبەینێ ئەگەر ڕاپەڕین لە خەو
وتیان فڵانی هەڵگیرا ئەمشەو
بێ ڕەزای ئافرەت مەکەن کاری وا
با نەکەونە ناو عەیب و عاری وا
بۆ ئەکەونە شۆن نەفس و هەواتان
ئەیکەن وە دەردی گران دەواتان؟
ئێوە گەورەتر لە پێغەمبەر نین
بۆ تێنافکرن مەگەر بەشەر نین؟
بۆ ژن بە شوودان پەیڕەوی لەو کەن
کەم ڕۆژی قانوون دینتان بە شەو کەن
کەسێ لە مەیدان گۆ ئەباتە دەر
کە لە ئەمری ئەو پا نەنێنە دەر
ئەگەر ڕاس ئەکەن ئۆمەتی ئەون
ئەبێ لە کاردا شۆنی ئەو کەون
لامەدەن لە خەت ڕاسی ئەمری ئەو
بۆ کاری خیلاف مەبن وە پێشڕەو
بپرسن چلۆن کچی دا بە شوو
لەم ئەمرەدا چۆن مامەڵەی فەرموو
ئێمەش ئەو ڕێگا بگرینە بەرچاو
هەموومان پێدا بڕۆین وێنەی پیاو
گوێ بگرن لە عەرز ئەم گەستەمارە
ئەم خەستەی پەشێو دەروون زەخمارە
بۆ ئەم ڕووداوە ئەسەف ئەنگێزە
بۆ ئەم کارەسات بێ ڕەحمی خێزە
کوڕێک و کچێ مەیلیان بە یەک بوو
خاوەن کچ حازر بۆ خێشی نەبوو
شەوێ هەردوویان ڕێیان گرتە بەر
کە بێ دەردی سەر ببن بە هاوسەر
کەس و کاری کچ زانیان خەبەر
کەوتنە شۆنیان وێنەی بای سەحەر
کوڕ دەرچوو وەلێ کچ کەوتە تەڵە
ئاوایە سەمەر شوومی مامەڵە
ئەو بێچارەیە بە ناحەق تیاچوو
لە خۆشی ژیان دنیا بێبەش بوو
برا ژیرەکان باشە کاری وا
زوڵمی ئاشکرا لە هەژاری وا؟
عالەم هەراسە لە دڵبەردی وا
کە سەر بکێشێ بۆ نامەردی وا؟
عەلاوەی ئەمەش هەموو ئەزانن
ئەوانە مانیع کچ بە شوودانن
ئابڕووی خۆیان وا بە باد ئەدەن
بێ ئیجازەیان کچیان شوو ئەکەن
ئەڕۆن وێڵ ئەون لەگەڵ یاریانا
قوڕ ئەدەن وە چاو کەس و کاریانا
کە وایە زووتر بیاندەن بەشوو
بۆ خاتر بەقای عورزە و ئابڕوو
ئەم بەرگیریە پڕیەتی لە عار
دیومانە بە چاو تا ئیسە سەد جار
مەگەر نابیسن، گوێتان خنراوە
ساڵێ هەزار زۆڵ دێتە دونیاوە
ئەوی بێشەرمی و کاری لاریانە
مانێعیان شەریک عەیب و عاریانە
سۆفی! بە درۆ چاو مەقونجێنە
دەروێش! بێ حاڵ پرچ هەڵمەسووڕێنە
مام حاجی! تەنها مێزەرێکی زەرد
نەجاتت نادا لە گێژاوی دەرد
بە پشتێنی سەوز سەیید! مەنازە
وە بێ کاری چاک کەس لەو ڕێبازە
ناپەڕێتەوە ناچێتە ئەو بەر
نەجاتی ناوێ وە بێ دەردی سەر
خەلیفە! ماقووڵ بە مێزەر و ڕیش
ناوی، تا نەکەی خالیس بۆ خوا ئیش
جەنابی مەلا! ئەتۆیش ئەم عەبا
بێ وەرع و تەقوا ئابڕووت ئەبا
ئەم پەشێویە کە وا لە ناودا
گیرین لە بەینی ئاور و ئاودا
دڵمان ناسووتێ بۆ هیچ زەلیلێ
یەکتر ئەکوژین بێ هیچ دەلیلێ
لە یەک ئاڵاوین وەک ژەنگە سوورە
تا خەیاڵ بڕوا، ئاشتی دوورە
ڕووخاوی دیوار قەڵای وەفاقە
بڵێسەی ئاور کوورەی نیفاقە
زاهیر فریبی با فڕ دەین بە عام
بکەوینە شۆن ئادابی ئیسلام
لیباسی تەقوا بکەینە بەرمان
بۆ دەفعی گەرما وسەرمای سەفەرمان
قانوونی دنیا هەر کە قورئانە
بیگرین بە دەستۆ بۆ ئەم زەمانە
پڕ فیتنە و فەساد، پڕ لە بوهتانە
پڕ لە جەردە و دز پڕ لە شەیتانە
بەو دەستووراتە بەڕێدا بڕۆین
فریبی دەڵاڵ «الخناسعەرەبی» نەخۆین
هەیە زیاتر لەمە خراوی؟
کەوتووینەتە ناو سەر لێشەواوی
قانوونی دینمان لە دەس بەرداوە
تا تەوقی سەرمان غەرقی قوڕاوە
چون بەدکاریمان بێ نیهایەتە
با دەس هەڵگرم لەم حیکایەتە
بترسین چاکە لە خوای بێ باک
نەک وێنەی قاڕوونکەس قووتمان بدا خاک
یا بە سەرمانا بڕێژێ بە تاو
عەزاوێکی وا قڕمان کا تەواو
«زاریناسناوی ئەدەبی» بێژە ئەم قەومە نەبیسە
با دەس هەڵگرن لەم شێوە پیسە