سێهەم: باسی ڕەشبەڵەکی پڕ لە عاری نێر و مێ تێکڕژان

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 8 خولەک  791 بینین
یەکێ تر ئاسار لە حەق دووریمان
یانی نیشانەی بێ شعووریمان
چاو قووچاندنە لە بەعزە کارێ
لەلامان هیچە وەلێ بە جارێ
ڕیشەی ئابڕوو لە بێخ دەردێنێ
تووی بێحەیایی و فەساد ئەڕوێنێ
ڕۆژی ئاخرمان کەم لە خەیاڵە
ئەغڵەب حەراممان لە لا حەڵاڵە
خوسووس ڕەشبەڵەک لادێ و شارمان
سیل و سەرەتان عەیب و عارمان
ئەگەر ڕازاوە حەیا بار ئەکا
تەرک دانیشتن لادێ و شار ئەکا
جوان عومرەکان نێر و مێ یەکسەر
لە پەردەی عیففەت تەواو دێنە دەر
ئەکەونە ناو دێ دەسەی ڕەش و ڕووت
ئەچن ماڵەوماڵ تاق تاق و جووت جووت
کراسێ لەم ماڵ، لەو ماڵ دەسماڵێ
کۆ ئەکەنەوە شڕە و شاتاڵێ
ئەیکەنە بەریان بۆ خۆنمایی
خۆ ئەکەن وە بووک ئەچن بۆ شایی
بۆ فریبدانی دەستەی کوڕ و کاڵ
ئاڕایش ئەدەن گۆنا و زوڵف و خاڵ
چاکیان تێفکری بێڵی شیاکاوین
وەلێ بە زاهیر جوان و بەرچاوین
دیوتانە بووکە بارانەی ژنان
وە بێ تەفاوەت ئەمانیش هەروان
بەو ئاڕایشە ئەون وە چاوبەس
تا کەس نەزانێ لەوان جوانتر هەس
ئەدەب و شەرم و حەیا وێڵ ئەکەن
بۆ ڕەواجی خۆ هەزار فێڵ ئەکەن
جا گوێم لێ بگرە چی ئەکەن لە خۆ
بۆ فریبدانی سەد وەک من و تۆ
ئەبرۆ وسمەسا، پڕ لە سورمە چاو
لارە پێچ ئەکەن کەللەی تاس کڵاو
گێسوو ئاوێزان سەر گۆنای ڕەنگین
پشتێن شل لەسەر چینی کەمەر چین
مزێڕتر بۆ دین لە گورگە بۆ مەڕ
لەرەی لیمۆی کاڵ لە سەر سینی زەڕ
ورشەی پووڵەکە وەک ئەسێرەی شەو
چاوی هۆشیاران پڕ ئەکا لە خەو
ئەو ڕیزی لەرزانە بەم لاولادا
بە دەوری ڕوا وان لە سەمادا
خرنگەی گۆ و لە سەر سینە و مەم
خەفەت هەڵئەبڕێ بە با ئەدا غەم
عەرەق چون گوڵاو لە ڕوویان ئەڕژێ
لە خاکی مەیدان هەڵپەڕکێ ئەپژێ
ئەنواعی زیوەر ئەدەن لە خۆیان
سەرسامە عالەم لە ڕەنگ و بۆیان
وەها ئارایش بە ئەندام ئەدەن
سامری لە سێحر خۆ سەرسام ئەکەن
کاتێ بەم شێوە دێنە لەنجە و لار
لە ڕیشەی لاوان دەردێنن دەمار
دێتە گوێی لاوان کە خرنگەی گوارە
بێ زوڕنا و دەهۆڵ ئەکەونە چوارە
بەم غەمزە و ناز و عیشوە و خەرامە
بۆ هەرزەکاران ئەبنە دێوجامە
ڕیزی هەڵپەڕکێ کە ئەڕازێتۆ
شێوەی ئینسانی لە بیر ئەچێتۆ
عەمتەر شەرمەسار ڕەقس و سەمایان
شەیاتین خەجڵ کاری بێ جایان
هەر کارێ ئایین پی ناڕازییە
ئەوەیان لەلا سەرئەفرازییە
بە شیڕەی زوڕنا دێنە خول وەک ئاش
ئەڕژێنن وەسەر چاوشدا شاباش
تازە پێگەیوان سمێڵ قەیتانی
دڵ خاڵی لە هۆش پڕ لە شەیتانی
شەرابی هەوا وایان ئەکا مەس
هەم دین هەم دنیا بەر ئەدەن لە دەس
گوێ ئەماڵنەوە وێنەی کەر بۆ جۆ
هیچ گوێ نادەنە مەکەی ئەمن و تۆ
دەعوەتی یەکتر لەم دێ بۆ ئەو دێ
ئەکەن هەر وەختێ کە زەماوەن بێ
ئێژن بێن بۆ سەیر ئەم زەماوەنە
خۆتانی تێخەن باغ بێ خاوەنە
بێ شەرم و حەیا خۆ مەخەنە ناو
هەزار بەدناوی و کاری ناحەساو
بۆ ئاڕایشی بەزمی ڕەشبەڵەک
تێکەڵ یەک ئەبن ئەوێ وە کەڵەک
وەختێ پەنجەیان هەڵپێکا لە یەک
دوو شەیتانیان ئەکەوێتە تەک
وەهای فەرمووە شارەزای عیرفان
حاجی کاک ئەحمەد «عليه الرضوانعەرەبی»
شەیتانێ هەیە بە ناو «سەندەلقۆ»
ڕۆژی ڕەشبەڵەک ئەکەوێتە خۆ
هەیەتی پەنجەی زۆر و بێ حەساو
بە ئەندازەی ئەهل ڕەشبەڵەک تەواو
هەر یەک، یەک پەنجە ئەخاتە ژێریان
ئەوێ وە کۆمەک بۆ مێو و نێریان
کە هیلاک نەون هەڵیخەن بە دڵ
دیزەی هەوەسیان تەواو بێتە کوڵ
چرای عەقڵیان نەمێنێ نووری
لە بێحەیایی تا نەکەن دووری
خشومش کچگەل چەپی و هەڵخەرۆ
پایێ بۆ دوا، ئەو پا بۆ بەرۆ
وەک کەوی مێڕۆژ کوڕگەل بێ ئارام
مێشکیان خاڵی لە شعوور و فام
پیران غەرقی سەیر جوانان سەرمەس
کەللە پڕهەوا، دەروون پڕ هەوەس
وەکوو دیوتانە ئەکەونە سەما
ئەترنجێنە یەک لە پێچ و خەما
ئەم وەسەر ئەوا، ئەو وە سەر ئەما
ملی یەکتری ئەوەن وە دەما
چنگە فلیقە و گوشینی پەنجە
ئەڵبەت زیاتر ڕسوایی سەنجە
چۆپی کێش وەختێ خول ئەدا دەسماڵ
ئەهلی هەڵپەڕکێ وا ئەکەونە باڵ
ڕەوڕەوەی هەوا وا ئەکەن قەوی
کەمتر پاژنەیان ئەدەن لە زەوی
ئەکەونە سەما لەسەر پەنجەی پا
ناپرسن لە خێش، ناترسن لە شا
بادەی بێشەرمی وایان ئەکا مەس
هیچی نازانێ باس و خواسێ هەس
سۆفی لەم لاوە لەسەر بەرماڵە
سۆفی ژن لەو لا بە دوو دەسماڵە
خەریکی ڕەقسە شەوقی جۆشاوە
لافاوی هەوا عەقڵی پۆشاوە
لاوەکان کە دێن خۆیان ئەنوێنن
بەم تەرزە فەردە سەدا هەڵدێنن
چۆپی کێش ئارام! گاوانی سەور
بیکوتن لە جێوە با نەشێوێ دەور
خۆ ئەکەن وە بووک بەعزێ پیرێژن
بۆ سەیر تا قەراخ زەماوەن ئەچن
حەواسیان وەها پەرت ئەوێ یەکسەر
نامێنێ لایان لە خۆیان خەبەر
وە بێ ئیختیار ئەکەونە جووڵە
خۆ ئەخەنە ناو ئەو بەحرە قووڵە
شل شل خۆ ئەخەن بەم دیو بەو دیوا
وان لە ئیختیار هەتیو مەتیوا
تەماشا کەن ئەم شێوە ناپاکە
چیها تووی فەساد سەوز ئەکا، کاکە
بۆ ئەونە بێ گوێن بێ دڵ و چاون
لە ڕەفتاری وا تەریقۆ ناون؟
ئاخر بەس نییە بۆ بێ غیرەتی
بۆ بێ عورزەیی و بێ بەسیرەتی
نامووسی خۆتان بدەنە دەس غەیر
پێتان عەیب نەوێ و خۆشتان بێنە سەیر
ئایا ڕەوایە ئەی خاوەن ویژدان
بۆ ناو ڕەشبەڵەک ژن ئیجازە دان؟
بڕازێنیتۆ وەک بووک سەرتا پا
بێگانە بە کەیف پی بکا سەما
هەڵیتەکێنێ و خۆی تێهەڵساوێ
پەنجەی بگوشێ تا هێزی تیاوێ
پێتان عار نییە ئەم تێکەڵ بوونە
ئەم بێ حەیایی لە حەد دەرچوونە؟
ژنانێ بۆ ناو ڕەشبەڵەک ئەچن
تێکەڵ پیاوانی نامەحرەم ئەبن
باڵیان لە باڵ یەک ئەئاڵێ وەک مار
بێ بەش لە حەیا لە سەر تا پا عار
لەگەڵ قەحبەدا ئەونەیان ماوە
خۆیان ڕووتۆ کەن ئیتر تەواوە
هەموو ئەزانن ڕۆژی ڕەشبەڵەک
زۆر لە ئافرەتان ئەبنە ژێر کەڵەک
خاوەنیان حازر زل زل ئەڕوانێ
ئەو قەباحەتە بە فەخر ئەزانێ
کاری شوومی وا قەبیح و بەدفەڕ
عالەم ئەکێشێ بۆ ناو دەریای شەڕ
براکان ئەگەر خاوەن شعوورن
دارای نامووسن، مەردن، غەیوورن
هەڵدەن لە دمەک، زوڕنا بشکێنن
ڕیشەی ڕەشبەڵەک لە بێخ دەربێنن
بۆ خۆشی ڕۆژێ، ئینسانی کوڵۆڵ
سەد باری گوناهـ بۆ ئەنێتە کۆڵ؟
با گۆرانیوێژ نەزمی خۆش بێژێ
مەرهەمێ وە سەر زۆخدا بڕێژێ
ئێمەش گوێ بگرین بێ هەوا و سەدا
بەو نەزمە خۆشە غەم بدەین وە با
تێکەڵ یەک نەبن ئەگەر ژن و پیاو
یەقینتان وا بێ پی نابن بەدناو
ئەم ڕەشبەڵەکە لە هەر لا کرا
لی پەیدا بووە سەد قڕە و هەرا
بێزارە ئیسلام لە بیدعەتی وا
پڕ لە بێ شەرمی و کاری ناڕەوا
وەلێ سەد ئەسەف شعوور نەماوە
حەق شاراوەتۆ هەر ناحەق باوە
بێ ئابڕوویی ئەم ڕەسمە پیسە
لە فەرموودەی خوا و ڕەسووڵ ببیسە
بە کوردی ئەوا کردم بەیانی
نەڵێن نەمان بیست یا نەمانزانی
کە جلەوگیری بە زبان نەتوانم
ئەبێ بێ جووڵە نەوێ زوانم
ئەی هاوار بۆ دین غەریب کەوتوومان
بۆ ئایینی جوان لە دەس دەرچوومان
بەم چاکەوە چۆن ڕوو لە مەحشەر کەین؟
داوای شەفاعەت لە پێغەمبەر کەین؟
ئەگەر بەم جۆرە عەبدی هەوا بین
چلۆن چاوەڕێی عەفوی خودا بین
برا کاری خێر بۆ ئەکەن وە شەڕ
بۆ دایەن وە ئاو گوناهـ ئەکەن تەڕ؟
مەگەر لە ڕۆژی جەزا ناترسن
لە چاک و خراو حەرفێ ناپرسن
موسڵمان ئەوێ عەبدی خوا وێ
نە فەرمانبەردار نەفس و هەوا وێ
بۆ خۆ بە کاری قەبێح چەپەڵ کەین
با چاو لە ڕەفتار دەسەی ئەوەڵ کەین
ئەگەر هەر پێتان خۆشە ئەم ڕەقسە
کە بۆ ئادابی ئیسلامی نەقسە
لە شۆن بەهانە و حیلە مەگەڕن
بە تێکەڵی نە، بە جیا هەڵپەڕن
خانمان لە ماڵ، ئاغایان لە دەر
هەڵپەڕن، بێ کار عەیب و شەرم ئاوەر
با تێکەڵ بە یەک نەبن پیاو و ژن
دیزەی ئابڕوو نەبێ سەروبن
بۆچی وا دەستان لەم دینە داشت
ئاشکرا یەکتر ئەدەنە بەر کوت؟
بۆ لەناو نابەن شێوەی حەیوانی
بۆ کەوتوونە شۆن دێوی نەزانی؟
سەڵاحی خۆتان لە نەزەر بگرن
لە هەرچی ئەکەن جوان تێبفکرن
هەر کارێ بەری ڕوو زەردی دێنێ
ئینسان ئەبێ خۆی تێنەگەیێنێ
گشتمان سەفەرین بۆ مەحشەر ئەچین
لەگەڵ شەیتانا ڕووبەڕوو ئەبین
ئێمە پی ئێژین بۆ لاتداین لە ڕێ
لە جوابا ئەڵێ: درۆزن ڕووڕەش بێ
ئەمن کەی ئێوەم مەجبوور بە لادان
کرد لە ڕێگەی حەق ئێوە هەر خۆتان
بە مەیلی خۆتان لاتان دا لە ڕێ
گلەتان ئەبێ هەر لە خۆتان بێ
بۆڵەی بێ جیهەت مەکەن وە سەرما
لە خۆتانایە ئەم گەرما و سەرما
«زاریناسناوی ئەدەبی» بێژە ئەو قەومە بێ فەڕە
با دەس هەڵگرن لەم شێوە شەڕە