چوار هۆنراوەی زاری بۆ کوردەواری
بە ناوی خودا
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
11 خولەک
1068 بینین
پێغەمبەری ئیسلام فەرموویەتی: هەرکەس لە ئێوە کارێکی ناڕەوای دی ئەبێ بەرگری بکا، ئەگەر بە زۆر نەیتوانی بە زبان، ئەگەر بە زبان بۆی نەکرا، بە دڵ، وە ئەم ئاخرەیان بێ هێزترین بڕوایە. لەم عەسرە حازرەدا کاری ناڕەوا کە بووە بە لافاو و زیادەڕەوی لەوانا لە ئەندازە دەرچووە و بووە بە جوزئی مەزهەب بۆ قیسمەتێ لە ئەهلی ڕۆزگار کە بە زۆر ناتوانین بەرگری بکەین پێویستە بۆ ئەدای وەزیفە بە زبان برایانی ئایینی ئاگادار کەین کۆتایی بەن بە چەن کارێ کە زیادەڕەوی لەوانا بووە بە هۆی ناشیرینی ئادابی ئیسلام. ١.بێ ئیحتڕامی لەگەڵ مزگەوتەکان ٢. بێ ئینسافی ژن بە شوودان ٣. ڕەشبەڵەکی پڕ لە ڕسوایی و نێر و مێ تێکڕژان ٤. تاڵانکردنی مردوو لێمردوو بە ناوی سەرخۆشی لە خزم و خێشان. ئەم خزمەتگوزارەی خۆتان بۆ ئەم چوار مەتڵەبە چوار هەڵبەستی هۆنیوەتەوە ناوی ناوە «چوار هۆنراوەی زاری بۆ ئامۆژگاری کوردەواری» وا پێشکەشتان ئەکات، گوێی لێ بگرن.
هەوەڵ: بێ ئیحتڕامی لەگەڵ مزگەوتەکان
شەوێ تەنها بووم، مات و دڵشکاو
کردەی خۆمانم هاوردە بەرچاو
بە میزانی شەرع گرتم بەرانبەر
سووکتر لە هەوام هاتە بەر نەزەر
زیاتر کردەمان چوون بە هەوایە
نە بە وەرگرتن لە مامۆستایە
بەتاڵە و تێکەڵ خڵتەی نەزانی
لە حەق خاڵییە، پڕ لە شەیتانی
لە ئینسانیەت تەواو چووینە دەر
بە شعوور دێوین، بە سووڕەت بەشەر
لە ڕیزی ئەهلی هۆشا نەماوین
لەم مامەڵەدا زۆر خەڵەتاوین
ڕیا و فێڵ و فەن ناو ئەنین ئیخلاس
تا مەشهوور ببین بە پیاوێکی خاس
ئەوی کارمانە پێچەوانەیە
ڕاسمان گوریسی ناو هەوانەیە
کوردین، لادێیی، بێچارە و نەزان
بێ خەبەر لە وەزع مردن و ژیان
بە سەد نەخۆشی دینی دوچارین
عیبادەت ناقیس، عەقیدە لارین
هەنگاوێ نانین بەرەو ڕزگاری
کەوتووینەتە شۆن کاری بێعاری
دین لە مەرگایە غەمی بۆ ناخۆین
بە سەر بۆ ناو کار ناڕەوا ئەڕۆین
بە تیری گوناهـ دڵ لە سەد لاوە
زەخمارە بەرێ ناکەینە لاوە
وەلێکن ئەگەر سەرمان بێتە ئێش
ڕێگەی بێهداری، گورج ئەگرینە پێش
بۆ دەوا و دەرزی دەفعی سەر ئێشە
لەگەڵ دوکتۆرا ئەکەین وەکێشە
وەلێ بۆ نەجات ئەبەد لە خەتەر
باوەڕمان کەمە بە خوا و پێغەمبەر
حەدیس نابیسین، ئایەت ناژنەوین
نازانم مردووین، یا غەرقی خەوین
برا من کوردم، لادێ نشینم
وەختێ کە وەزعی لادێ ئەوینم
دنیام لە بەرچاو وەها ئەوێ تەنگ
ویجدان نایەڵێ دانیشم بێدەنگ
ڕیشەی برایی تەکان ئەدا پێم
ببیسن یا نە، مەجبوورم ئەڵێم
لادێ نشینان، براکانی کورد
لە بەیاناتم تێبفکرن ورد
بە چاوی بینای هۆش لی بڕوانن
ژێرەو ژووری کەن هەتا ئەتوانن
ئەگەر سەحیحە وا لی بگرن گوێ
عەمەلی پێ بکەن، مەیخەنە بەر پێ
ئەگەر غەڵەتە وەری مەگرن لێم
لە جێی ئافەرین جوێن بدەن پێم
شکاتم زۆرە لە ئەتوارتان
لە بەد ئەخلاقی و شێوەی لارتان
ئێوە تێفکرن، هیچ خەبەرتان هەس
کە موسوڵمانی بووە بە هەوەس
دنیا پەرەستی لە حەد دەرچووە
داوێنی ئایین لە دەس بەر بووە
درۆ و دەسبڕی و ناڕاسی باوە
حەڵاڵ و حەرام هەر ناویان ماوە
ئێژن بەهەر جۆر نەفعێ دەس کەوێ
بینێرە باخەڵ پێت حەرام نەوێ
ئەدەب لە لادێ سەری پێچاوە
ئێسە بێ شەرمی ئەدەبی ناوە
هەرکەس درۆزن، لار و دەسبڕ وێ
بێ حەیا و فەساد، تووڕە و دەم شڕ وێ
دووڕوو، دووزبان، ئەهلی کینە وێ
بۆ بەنای فیتنە و شەڕ بنچینە وێ
ئەوە ماقووڵە و باڵانشینە
جێگەی باوەڕە و ڕاسە و ئەمینە
ئەوە سەد فێڵی وا لە ژێر سەردا
لە سەر کورسییە، وا لە دەفتەردا
ئەمما ئەوانە پارێزگارن
ئەمین و بە دین جێی ئیعتبارن
بێ قەدر و بەها، بێ خەریدارن
تەڵان و لە تۆی خاکا پێوارن
ئەمانە تۆخوا با دەرچێ لە بەین
بێن با تەماشای شێوەی خۆمان کەین
ئەونە نەفام و ئەبلە و مەغروورین
تا چاو بڕ ئەکا لە ئایین دوورین
وا تەکمان داوە بە لای دنیاوە
ڕەسمی ئایینمان لەبیر نەماوە
لە نەزانیا دڵمان وا غەرقە
مزگەوت و بازاڕ لامان بێ فەرقە
مزگەوتەکانمان لە تاعەت خاڵی
هەموومان سەرگەرم شێوەی مناڵی
تەکیەکان خاڵی لە ڕیازەتکێش
لە جەزبەی سۆفی و لە یاهووی دەروێش
بێ فەڕش و بەرماڵ پڕ لە خاکوخۆڵ
بە عادەت ئاوا، لە عیبادەت چۆڵ
هاتوچۆی مزگەوت بۆ ڕەزای باری
لە لادێکانا نەما ئاساری
ڕۆیین ئەو دەستە زەحمەتکێشانە
ئیسە سالکیان کاکڵەمێشانە
هیچ فەرقی نییە لەم زەمانەدا
خانەقا لەگەڵ قاوەخانەدا
مزگەوتەکانمان کاروانسەرایە
جێگەی مامەڵە و قوولە و هەرایە
لەباتی وێردی سوبح و ئێوارە
باسی کەر و گا و پەز و پەروارە
یا باسی کەوە یا کەروێشکە ڕاو
یا چەشتەی ڕێوی، تەڵە و دانە و داو
بە شەودا جێگەی گۆرەوی بازی
حیکایەتخوانی و مەسخەرەسازی
زەمانێ مەیدان گەمەی مناڵە
دەمێ وەرزشگا بۆ کوڕ و کاڵە
لەباتی سەدای خەتم و تەهلیلە
هووشەی سیغار و فیشەی سەبیلە
ئەونە ڕەواجە بازاڕی درۆ
گوێگر لە مزگەوت جێگەی نابێتۆ
ئەگەر فەقیرێ بێژێ وا ناوێ
تۆ خوا براکان بێدەنگ ون تاوێ
ئەیدەنە بەر شاخ بەر تانە و تەشەر
ئەڵێن بێدەنگ وە، هەستە بڕۆ دەر
مەعلوومی نەزەر ئەهلی شعوورە
کە قیبلەی مزگەوت بووە بە کوورە
میسالی کەعبە لە هەر چوار لاوە
خواهـ بە دانیشتن یا خۆ بە پاوە
دەوری لێئەدەن، گشت ڕووی تێئەکەن
غەریب و نەناس کەمتر جێ ئەکەن
وەختی دانیشتن ڕووبەڕووی کوورە
ئەوێ وە چەقە، وە حەچە و لوورە
ئەیکەن وەهەرا وە شەڕە دەنووک
هەموو دوازدە عیلم، گەورە تا بچووک
بێ خەبەر لە وەزع ماڵی خۆیانن
خەبەری تەواو دنیا ئەزانن
خەجاڵەت نابن لە درۆی بێجا
ڕووبەڕووی یەکتر هەڵدێنن سەدا
بەم شێوە لارە ناتەواوەیان
کەف ئەکەوێتە لالەغاوەیان
کەس حاڵی ناوێ لە قسەی هیچ کەس
گوێگر هەر کوورەی بێچارەیە و بەس
کە بە یەکدەفعە دێنە سەر باسێ
سەگ خاوەنی خۆی ئەسڵەن ناناسێ
نە ناوی دینە، نە باسی ئیمان
نە یادی تاعەت، نە باسی ئیحسان
نە لە واجبات حەرفێ ئەپرسین
نە لە مکافات حەتتا ئەترسین
نە لە ئیتاعەی حەق ئەبەین ناوێ
نە دائەنیشین بێ هەرا تاوێ
فەسڵی زمستان کە بێکاریە
فرسەتی ئەدای فەڕزی بارییە
لەبەر کڕێوە و زمهەڕیر نەوێ
ئەحەدێ ڕێگەی مزگەوت ناکەوێ
یا لە سەربانان یا لە بن دیوار
گشت دائەنیشن بەتاڵ و بێ کار
ئەغڵەب مزگەوتان لاشیپان ڕووخاو
بێ چرا و بەرماڵ، پەنچەرە شکاو
تەپوتۆزاوی لە خاک و خۆڵ پڕ
جاڵجاڵووکاوی، دار و دیوار شڕ
مێحراو بێ ئیمام، بانگ وێژ نادیار
جەماعەت بێ شۆن، جومعە بێ ئاسار
بۆ ئەدای ئەمری دین بێ خەریدار
ئەوان بە دەستە لە تاعەت بێزار
دڵی ئەهلی عەسر، وەها ڕەش بووە
زۆریان لە بیستن حەق بێبەش بووە
ئەوەندە بێزار لە زیکر و دۆعان
پشت لە مزگەوت و ڕوو لە سینەمان
باسێ لە مزگەوت نییە لە کاردا
بەرەو سینەما گشت وان لە غاردا
سینەما ئاوا، بازاڕی بەفەڕ
بۆ دەستەی نەفام هەرزە و ئەهلی شەڕ
بلیت ئەسێنن بە دیدە و بە گیان
بۆ گوێ ڕاگرتن لە درۆ و بوهتان
وەختی تەماشای پەردە، پیاو و ژن
ئەچنە باوەش یەک، سواری یەک ئەبن
دەستەی جەوانان نێر و مێ یەکسەر
هەموو موشتەری کاری شەرم ئاوەر
ئاشنا لە گشت کووچە و کۆڵانن
وەلێکن ڕێگەی مزگەوت نازانن
تاریکی هەوا پۆشی ڕۆژی دڵ
بێ شەرمی ڕەواج، دیانەت باتڵ
براکان مزگەوت جێگەی نوێژە
کێ وتی مەخسووس پڕوپووچ وێژە
یا بە فتوای کێ ئێوە ڕێی مناڵ
ئەدەن بۆ مزگەوت سەرفەڕش و بەرماڵ
لیباس ناخاوێن، قەبیح و چڵمن
پیس و قوڕاوی، چەپەڵ و چڵکن
بۆ ئەبێ ئەوەی قڕە و هەرا وێ
لە لادێکانا لە مزگەوتا وێ
مەگەر ڕێگەتان نەکەوتۆتە شار
نەچوونەتە ناو مزگەوت جاروبار؟
هەتا بزانن چۆنە ئیحتیرام
عیبادەتخانە لەلای ئەهلی فام
یا وا ئەزانن خوای لادێ و شار
دوانن هاوار، لە دەستان هاوار
مزگەوتی لادێش عیبادەتگایە
سوجدەگای مەردان حەق ئاشنایە
بینای بۆ تاعەت، بۆ کاری چاکە
نە بۆ گاڵتە و گەپ، کاری ناپاکە
قابیل ئیحتیرام، محەل بۆ ئەدەب
دین پەروەرانی عیبادەت تەڵەب
بۆ بوو بە جێگەی گاڵتە و بێعاری
عیبادەت لەوا نەما ئاساری
نازانن خودا چاوی وا لێتان
وا بێ ئەدەبی عار نییە پێتان
فاییدەی چیە پڕوپووچ وێژی
قەزای فەڕز کە، گەر ئەهلی نوێژی
دەم بۆ توڕڕەهات بۆ بەڕەڵڵا وێ
با مەشغووڵ زیکری «سبحان اللهعەرەبی» وێ
لەباتی ناوی ئەم و ئەو بردن
پێتان زەرەرە ئیستیغفار کردن
زبان بۆ خاتر زیکری خودایە
نە بۆ غەیبەت و باسی بێجایە
بە چاکە وێژی بۆ نەیخەینە کار
پێ نەکەین حەمد و شوکری کردگار
بۆچی بەڕەڵڵای وەک گورگی هار کەین
برا و ئاشنای خۆی پێ زەخمار کەین
هاتوچۆی مزگەوت بۆ ڕەزای خواس
نە بۆ بێعاری و کاری ناڕەواس
ماڵی تاعەتە هۆشتان ببێ، هۆش
مەیکەن وە بازاڕ خەرید و فرۆش
دەنگ بەرزۆ مەکەن لە نوێژ و زیکرا
لە هەرچی ئێژن بچن بە فیکرا
بزانن لەگەڵ کێ لە نوێژدا
ئەوێسن، چۆنن لە وتووێژدا
بانگەواز کردن بۆ شتی گوم بوو
خەرید و فرۆش، هەرا و قاوقوو
نەقڵ و حیکایەت باسی دونیایی
چەنە درێژی، سواڵ و گەدایی
خواردن و خەوتن، بێ عوزری سەحیح
لە مزگەوتدا حەرامە و قەبیح
عومری بەنرختان مەدەن بە هەدەر
لە شەقامی ڕاس ئیسلام مەچنە دەر
مەدەنە دەستی هەوا لەغاوتان
هەستن بۆ قەزای نوێژی فەوتاوتان
بە دڵ بە زبان خواتان لە بیر وێ
ئەمەیە ئەدەب، بۆ کەسێ ژیر وێ
بێن با هەموومان ڕوو بکەینە حەق
نەفس و هەوامان بدەینە بەر شەق
بۆچی سەرتاپا غەرقی دنیا بین
ڕۆژێ نەفەسێ با بۆ خوا بین
وەختی دێ مزگەوت ئەوی تیا بکرێ
داوای شاهیدی بە حەق لێ بکرێ
وە بێ زیاد و کەم هەرچی بزانێ
بەیانی بکا و حاشا نەتوانێ؟
یانی ها هەرچی بکرێ لە مزگەوت
ئەیگرێ درووس وێنەی زەبتی سەوت
ئەوی تیا بکرێ لە کار لە گوفتار
بە بێ زیاد و کەم گشت ئەکا ئیزهار
وا چاکە کەمێ ڕوو لە ژیری کەین
لە هەڵەوێژی جڵەوگیری کەین
لە ئادابی چاک بێزاری تا کەی؟
شێوەی هەرزەیی و بێ عاری تاکەی؟
جەوانی ڕۆیی پیری ئەوا هات
ئامادەی مەرگە سەراسەر ئازات
تا هەرەسی مەرگ نەیناویتە ژێر
پشت هەڵکە لە شەڕ، ڕوو بکە لە خێر
تاکەی دەس هەڵگر بەتاڵی ناوین
وا تواینەوە وەک وەفری هاوین
ئەبێ بۆ ئەونە هۆشمان نوقسان وێ
مشک و پشکەڵمان لەلا یەکسان وێ
بۆ کەوتینە ناو ئەم درک و داڵە
بە چ هیوایێ چیمان خەیاڵە؟
گوهەرمان بۆچی دا بە بەردی ڕەق
تەڵامان بۆچی فڕ دا بە ناحەق؟
بۆچی لامان دا لە شەقامی ڕاس
بووین وە سەردەستەی دەستەی الخناسعەرەبی
باوەڕتان ئەگەر نییە بە مەلا
بڕۆن بپرسن هەرکەس لە هەر لا
هەیە فتوایێ جێگەی بڕوا بێ
کە مزگەوتیش وەک کاروانسەرا بێ؟
یا مزگەوت جێگەی گەمەی مناڵ وێ
دووکانی بەزاز، چەرچی و بەقاڵ وێ؟
چوونت بۆ مزگەوت بەم مەنزوورە وێ
پشتت لە قیبلە، ڕووت لە کوورە وێ
ڕۆژی قیامەت بە تەما نەوی
ناو جەماعەتی ڕزگاران کەوی
ئیسلام ناوێکی مابوو لە ناودا
ئەویش یەک دەفعە درا بە ئاودا
بە ڕیا و درۆ و دەسبڕی و لاری
شاراوە، گووم بوو، کەوتە پێواری
گشتمان ئەزانین ساڵێ نە مانگێ
لە ئەغڵەب دێدا ناوترێ بانگێ
جومعە و جەماعەت، غەریب و بێناو
تەسبێح و تەهلیل کەم دێتە بەرچاو
ئەمە بەس نییە بۆ خراویمان
بۆ دواکەوتوویی و بەجێماویمان
بکەوینە شۆن هەوا و هەوەسمان
لە دامانی دین بەر بدەین دەسمان
ئەبێ بۆ نەکەین ڕەحمێ بە خۆمان
کێ ئەکا تیمار، زامی بەسۆمان
تێکۆشن بۆ کار یەقینتان وا وێ
هیچ کەس بێ عەمەل نەجاتی ناوێ
تێکۆشە بۆ کار، نەفست مەبیسە
بێکار کەی ئەجری کردووەتە کیسە
کۆچی ئاخری هاکا هات کاکە
لادە لە خراو ڕوو بکە چاکە
نەکا لە ناکاو مردن بێتە ڕێت
«قابض الارواحعەرەبی» درگا بگرێ پێت
موددەی ژیانت ئەگەر بڕاوە
بە هیچ تەدبیرێ نایێتە دواوە
نە بۆ هاتنەوەی دنیا ڕێگە هەس
نە بۆ مەعزەرەت خەتا جێگە هەس
«زاریناسناوی ئەدەبی» بێژە ئەم قەومە بێعارە
با دەس هەڵگرن لەم کارە لارە