پایز و هاوین و ئەوزاعی بەهارت دی عەیان

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 5 خولەک  795 بینین
دەردە دڵ لە ئەتواری زستانی بەدڕەفتار و بیرکردنەوە لە دەوری ڕۆزگار
پایز و هاوین و ئەوزاعی بەهارت دی عەیان
تێگەیشتی چۆن ئەڕۆن و تا چ حەددێ بێوەفان
چۆن ئەسووڕێن و چ جۆرن چەن لە ئەتوارا جیان
چەندە بێ میهر و سەبات و بێ دەوام و بێ بەقان
لازمە شەرحێ لە جەوری هەوری بەدتەوری زسان
هەر بە مەحزی هاتنی، دڵ بێقەرارە و پڕ لە ژان
ترش و تاڵ و کینەجۆ و ناکەس و نامیهرەبان
دێتە هاتوچۆ بە ڕووگرژی ئەپۆشێ ئاسمان
ڕۆژ ئەشارێتۆ وەکوو دەس ڕۆییوی ئەم عەسرە نان
تیپی بۆران و کڕێوەی هەر دەقیقە کەوتە کار
گێژەڵووکەی دێ بە یەکدا ڕاس و چەپ وەک گورگی هار
دائەپۆشێ یەک نەفەس بەرزی و چاڵی بەرد و دار
خەو ئەبێتە مردن و خۆراک ئەبێتە زەهری مار
سەلبی ئاسایش لە مەخلووقات ئەبێ لەیل و نەهار
پڕ لە ئاهـ و ناڵە و هاوار ئەبێ لادێ و شار
قاتڵە بۆ وەحشی و سەرلێشێوێنی ڕێبوار
غوولە بۆ دەستەی پیادە، بۆ سوار و بۆ قەتار
دوژمنی گیانی فەقیری بێ لیباس و خان ومان
پڕ لە تەم سارایە کێو و شیو و ئەشکەوت و کەناو
وەحشیانی بێ پەنا سەرمازەدە و تاقەت نەماو
گەهـ لە ترسی ڕاویار و گەهـ لە ترسی ماری داو
ئاسمان هەور و هەوا سەرد و زەوی بەفر و قوڕاو
هەفتەیێ یەک دەفعە نابینی جەماڵی ئافتاو
بەرگی کافووریی وەبەردا کردووە دنیا تەواو
گۆشوارەی سیخواری کردە گوێ داری بناو
بازنەی یەخیان لە دەست و پێیە بووکانی شەتاو
بێ کەنیز و پێ خەسوو خاتر پەشێو و ناتەوان
لەشکری یاجووجی سەرما یۆرشی هاوردووە
هەڵمەتی بۆ شەش جیهەت وەک ماری جەنگی بردووە
سەددی سەختی حەزرەتی ئەسکەندەری کون کردووه
غارەت و بێداد و کوشتاری لە حەد دەرکرددووە
پێشڕەو زریانە بەیداخی مژی هەڵکردووە
عالەمی یەکسەر لە بەفر و زوقم و یەخ پڕ کردووە
ساکنانی بەڕڕ و بەحری سەربەسەر قڕ کردووە
دەور دەوری بەهمەنە چونکە تەهەمتەن مردووە
عاقیبەت بێ ڕۆستەمی پشتی فەرامەرزی شکان
دەی لە جەستەی سەرو ئەکا هەر دەم بەسەردی سەد برین
کەوتە ماڵی گوڵبنانی بێنەوا شین و گرین
وا لە حەبسی بەهمەنا پۆلێ گوڵاڵەی نازەنین
هەر فوغان و ناڵەیە، هەر شیوەنە و ڕوومەت ڕنین
سەیری تابووری کڕێوەی کە پەیاپەی دێ بە قین
تووش و نائەهل و چەتوون و شەڕ فرۆش و نائەمین
زاڵم و بێ موهڵەت و نامەرد و بێ ئینساف و دین
بۆ بڕینی ڕیشەیی باغات ئەکێشێ تێغی کین
لەشکری چەنگیزە دێ بۆ غارەتی خواڕەزمیان
گەردەلوولی بەفرە نەعرەی سەڕسەڕە حەربە و خەتەر
هاژەیی گورزە، بریقەی تێغە، ئاوازی سپەر
ناڵەیی گۆپاڵە دەنگی تیرە قاڕەی گاوەسەر
بەزمی ڕەزمی کاکە بۆرانە لە حەوشە و بان و دەر
زەلزەلەی حەشرە لە ئەولادی نییە دایک خەبەر
هەڵمەتی مژ بۆ چیا، بۆ کێو و سەحرا، ڕەهگوزەر
تووڕە و تینوو بە خوێنی ئیرەجە یاخۆ مەگەر
بەهمەنە بو ئینتیقامی «رویین تەنکەس» بەستی کەمەر
سەخرەیە ئەنگوشتەری دەستی «سولەیمان»ی ڕفان
تێئەفکری چۆن ئەکەن ئەم چوار فەسڵە هاتوچوو
چی بەسەر باغ و چەمەن دێنێ زستانی توند خوو
بێ دەماخ و مات و بێ کەیف و کزن هەنجیر و توو
ئەرغەوانی قوڕبەسەر سەرما بڕی ڕەنگی لە ڕوو
موتریبی گوڵزار ئەوێستا کێیە زاغە و کوندەبوو
گوڵبنان بێ زینەت و ئارایش و دڵ پڕ دڕوو
وان لە ئیحتڕامی حەجا سەر ڕووت و پێخاوس هەموو
دەس بە حەڵقەی کەعبەوە یا ڕەب نەجاتێ زووبەزوو
لەم تەپ و تۆز و کڕێوە و زمهەڕیرە ئەلئەمان
نوکتەیەکت عەرز ئەکەم گوێ بگرە ئەی گیانی برات
داوێنت ئەگرم وەکوو من بەرنەدەی ڕێگەی نەجات
دوێ گوڵێ بووی تازە پشکووتوو لە گوڵزاری حەیات
ڕۆیی هاوین و بەهار و پاییز و زستانت هات
مووی سپی مەئمووری مەرگە جارێ حازر باش ئەدات
بەند بەند ئەعزا لە یەکتر گەردن ئازادی ئەکات
بێ خەبەر هاکا کتوپڕ مەرگ داوی خستە پات
دەفعەیێ لەم ڕێگەوە خۆفێ بە دڵتا بۆ نەهات
چاوم ئاگا بە نەکا ناگەه‍ لە دەس دەرچێ ژیان
عەرزی پیری مەیفرۆشم کرد -بەهەشتی بێ بەجێ-
لەززەتی دنیا چییە تۆ بی خودا پێمی بڵێ؟
ئاوڕێکی داوە مەردانە، وتی ڕاستت ئەوێ
هەر غەمە هەر حەسرەتە، هەر ئێشە، هەر پێچە و گرێ
هەمدەمی سەد خارە، هەر وەختێ گوڵێ پەیدا ئەبێ
ما لە شاهانی بەروو چاک و خراو ئایا یەکێ؟
کێ نەجاتی بوو لەمەکری، کێ لە داوی دەرئەچێ
نەسڵی ئادەم ڕێبوارن، باوک ئەڕوا، ڕۆڵە دێ
عادەتی دنیا وەهایە تا بسووڕێ ئاسمان
بەهرەی ئەم دنیا چییە؟ غەیری ئیتاعەی کردگار
ئا ئەمە سەردی زسان و ئا ئەوە دەردی بەهار
دیوتە هاوینی گەرمی پڕ لە ئێشی مێش و مار
وەی لە تەغییری سروشتی پایزی ناسازگار
گاهـ سەرد و گاهـ گەرم، گاهـ ڕۆشن، گاهـ تار
گاهـ باد و گاهـ باران، گاهـ بەفر ئەڕژێتە خوار
گیانەکەم جا خۆ نیانە ئەم فسووڵە ئیختیار
هەڵئەسووڕن هەر چلۆنێ مەیلی بێ پەروەردگار
وەک من و تۆ عاجز و بێ دەستەڵاتن بێ گومان
ئەی برا وا پێت ئەڵێم هارووتە دنیا بێ درۆ
ئەی دەخیلت بم فریبی دانە و ئاوی مەخۆ
ساحیرە ئەتخاتە چا بێرۆ بە شوێنیدا مەچۆ
خۆ لە وەحشی جیا کەوە تا کەی تەماعی کا و جۆ
بێ لە جۆگەی فیکرەدا ڕۆژی دەم و چاوێ بشۆ
دیقەتێ کە لەم شەو و ڕۆژە کە ئەم دێ ئەو ئەڕۆ
ڕێگەی ئاسانە هەقناسی بە لاڕێدا مەڕۆ
ئاشەوانێکی هەیە ئەم ئاشە «زاریناسناوی ئەدەبی» سەربەخۆ
ناگەڕێ بەم جۆرە بێ نەقس و خەلەل، بێ ئاشەوان