دیم هاتەوە لە بێری ئەو گوڵعوزارە بۆ ماڵ

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  727 بینین
دیم هاتەوە لە بێری ئەو گوڵعوزارە بۆ ماڵ
بە شێوەیێکی وا شۆخ، زوبان لە وەسفی ئەو لاڵ
لای بردبوو لەسەر ڕووی سروەی شەماڵ، دەسماڵ
دوگمەی یەخەی ترازا و دەرکەوتبوو خەت و خاڵ
دوو کوڵمی دوو گوڵاڵە پەرچەم سیاهـ و چاو کاڵ
بە پەنجەکانی نازک تەشی ئەگەر ئەدا پل
بە ئاسمانی پیری چەرخانی یاد ئەدا خول
هەودای ڕێک و کرژی هەر تاڵی داوی سەد مل
باڵای سەروی باغی دڵان و چاوی پڕ کل
ئارام و هۆش و فکر و قەراری کرد پاماڵ
قەترەی عەرەق بە ڕوویا دەهاتە خوار وەک دوڕ
لە قەلبی عاشقانی بە خەندە بەر ئەدا گڕ
سەبرم نەما و سووتام لێمی نەداوە ئاوڕ
ساقی بە یادی چاوی کەرەم کە پیاڵەیێ پڕ
بۆ دەفعی بێقەراری شەفایە شەربەتی تاڵ
چ دڵڕفێنە شێوەی هەنگاوانی بە لەنجە
بەرەسمی نازەنینان ئەڕوا بە نووکی پەنجە
دوو ماری بێ ئیجازە نگاهبانی گەنجە
کەلامی قووتی ڕۆح و شفای دەرد و ڕەنجە
سەیری جەماڵی، باغی بەهاری پیر و منداڵ
وێنەی نەدیوە دونیا لە ناز پەروەریدا
تەنها و بێ نەزیرە لە ئادەمی و پەریدا
دووچاوی دوو گەلاوێژ لە حوسن و دولبەریدا
تلووعی دابوو خورشید لە بورجی موشتەریدا
ئەبرۆ هیلالی مشکین گەردن بلوور و لێوئاڵ
لە ژێری هەوری ڕەشدا تەوێڵی ئافتاوی
وەدەرئەخست و ئاهووی خەتا ئەکەوتە داوی
سەد شاهبازی پا بەست بە تاڵێ زوڵفی خاوی
بڕوانە باغی سینە ببینە دوو گوڵاوی
نە دوو گوڵاوی بەڵکوو دوو قوببە نوقرەیی قاڵ
سەیری کە دێ لە ڕێوە میسالی ئاهووی بەڕ
بە پۆلی نازەنینان ئەدات زینەت و فەڕ
گیسووی موشکباری پەرژینی لۆی لۆی تەڕ
غوڵامی خاڵی نافەی خەتا و سینە مەڕمەڕ
برژانگی دڵ بە تاڵان ئەبات و سەر لە گەڵ ماڵ
بە عیشوە ئاوڕی دا لە پۆلی ئینتیزاری
بە ناز لێوی بزوان شەکەر ڕژا لە زاری
شکانی قەدری سووسەن بە نەرگسی خوماری
وەنەوشە عەتری وەرگرت لە زولفی موشکباری
لە دەوری شەمعی سەدها پەروانە بێ پەڕ و باڵ
تەکان ئەدا بە گیسووی سەبا لە ڕێگوزەردا
عەتر بڵاو ئەبێتۆ بە هەرد و دەشت و دەردا
بۆ دڵڕفێنی عەقرەب کشا بە سەر قەمەردا
گەشاوە ئاوری شەوق لە قەلبی پڕ شەرەردا
لە «زاریناسناوی ئەدەبی» تێبفکرە بە جارێ بوو بە زووخاڵ