پاییزە، زوحاکی سەرما لەشکری بێدادی هات

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 6 خولەک  873 بینین
هاوارە لە تووشی سەرمای پاییزی ناسازگار و چەتوونی بای بەهێز و بێڕەحم و تاڵانکەری باغات وگوڵزار
پاییزە، زوحاکی سەرما لەشکری بێدادی هات
وەک دڵی من پڕ لە گەردی حەسرەت و غەم بوو وڵات
سەیری باڕەش کە، بە بێڕەحمی چەمەن تاڵان ئەکات
بەرگی زەرد و سووری گوڵ لەم هەرد بۆ ئەو هەرد ئەبات
چادری زەڕڕین لە سەر بووکی بەهاری فڕ ئەدات
بادی سەردی وا بەتوندی هاتە جەولان و تەکان
دارەکانی بەرز و ئەستووری بەسەر یەکدا شکان
وشک بوو ئەو هەموە سەوزە ورد بوو ڕۆیی نەمان
ئادەمیش هەروایە بێ شک کاروان دوا کاروان
دێت و دەڕوا کەس خەیاڵی مانی بێ ڕۆیین نەکات
ساڵ و مانگی عومری تۆ ڕۆیی وەکوو ئاوی ڕەوان
وا دەزانی هەر وەکوو خۆتی تەڕ و تازە و جەوان
چی کتوپڕ قەددی ڕاستت لار ئەبێ هەروەک کەوان
دیدە نابینا و گوێ کەڕ، تەن زەعیف و ناتەوان
پڕ لە ئێش و زەحمەتی پیری ئەبێ سەر تا بە پات
ئاهی حەسرەت خێز و سەردی گوڵبونی دڵ پڕ لە دەرد
بۆ شکۆفەی جوانە مەرگ و بۆ گوڵاڵەی سوور و زەرد
بوو بە تەم وەک ڕۆڵە مردوو کەوتە سەحرا و کێو و هەرد
ئاوی سافی ڕۆشن و جاری لە داخا بوو بە بەرد
بووکی خۆر لەم شینەدا غەمگینە ڕەش پۆشی دەکات
بەرگی داری داڕنی سەرمای پاییز چڵ بە چڵ
داخی ڕەنگ زەردی بەهێ کەی خۆش ئەبێ دەرچێ لە دڵ
حەسرەتا بۆ دڵبەرانی گوڵستان وا چوونە گڵ
جاهیلان لەم وەعزە وێڵ و عاقڵان مات و خەجڵ
واعیزە ئەم ڕۆژگارە بۆ کەسێ گوێی پێ بدات
بێ بەر و بەرگه مێو و سێو و هەرمێ و هەنار
مینبەری قاڵاوە، گوێز و پەڵک و توو، بید و چنار
هەر قڕەی وەیشوومەیە ئەمڕۆ لە سەحرا ژوور و خوار
بولبولی بێچارە کۆچانی لە سەحنی لالەزار
باغ جێگەی پۆلی گورگە گەللەیی ئاهوو هەڵات
ئێسە سەحرایێکی چۆڵە و غەم فەزایە لالەزار
مەجلیسە بۆ ورچ و ڕێوی و بەراز و کەمتیار
وا لەباتی تاجی گوڵ، گوڵبون سەری نا تاجی خار
با یەخەی خۆ دادڕێ قومری بە وێنەی شێت و هار
بۆ ڕەفیقانی هەموو ئاوارە و وێڵی وڵات
نەونەمامانی چەمەن بێ ناز و ڕووت و دڵ شکاو
غەرقی حەسرەت وەک هەتیوی دایک و باوک نەماو
هەر ئەلەرزان ڕۆژ و شەو دەستەی نسار و بەر هەتاو
میسلی حەبسی بێنەوا و پێپەتی سەر بێ کڵاو
ڕوو بە قیبلە ڕاوەساون دەستەو دوعا بۆ نەجات
بێ تەماشا کە ببینە ئەی ڕەفێقی هۆشیار
چی بەسەر گوڵ هات بۆ کوێ چو؟ گڵوکی سەبزەزار
ئادەمیش هەروایە مردن پاییزێکە بێ بەهار
عومری خۆ زایع مەکە چاوم سبەینێ کردگار
لێت ئەپرسێ بۆ نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەکات
ئەی پەنا بە خوا لە حەملەی گیژەڵووکە و زمهەریر
هەروەکوو حەججاجی یوسف خوێنڕێژی جوان و پیر
«بخت نصرعەرەبی»ە دێ دەکا سەوزی هەموو عالەم ئەسیر
دایەنی سەحرا لە گوڵ خاڵی وەکوو کیسەی فەقیر
قەت بە دونیادا گوڵێ بێ زەحمەتی پاییز نەهات
بەسیە بێباکی برا بەس، کۆکەوە فکری بڵاو
لەم هەموو تەغییرە ئەی چاوم کەمێ وردۆکە چاو
وامەزانە ئادەمییەت خواردنی گوشتە و پڵاو
خۆفی ڕۆژی مەحشەرت بێت و غەمی وەختی حەساو
نەک خەیاڵی چێشتی چەور و تۆشە و نوقڵ و نەبات
کوا سەفی مەحبووبەکانی دڵبەری ناسک بەدەن؟
کوا کەوای سەوزی زوموڕڕەد ڕەنگی لاوانی چەمەن؟
کوا خوماری نەرگس و نازی وەنەوشە و یاسەمەن؟
کوا نیازی بولبولی عاشق بە غونچەی سیم تەن؟
هەر بە فوویێ پاییز ئەم هەموەی بە جارێ کرد مات
تۆ تەسەوور وا نەکەی بێژی لە مانە زیاتری
ساغی و جوان و بە قووەت هەر ئەمێنی نامری
ساعەتی عومرت ئەگەر هاتە موقامی ئاخری
سەهلە بێژم گیا، لە کاهێ بێ دەس و بێ پاتری
تۆشەیێ ئامادە فەرموو نەک ئەجەل موهڵەت نەدات
وەک تیاتر وایە عەینەن گەردشی دونیای دوون
عەهدی گوڵ ڕۆیی وەکوو بەرق و چووە پەردەی نەبوون
بێ تەماشا کە لە جێی گوڵ، داری گوڵ غەرقی دڕوون
گوێ ئەگەر بگری ئەبیسی هەر کە ئێستەش بێستوون
شینی زەخم و زۆخی جەرگی لەت لەتی فەرهادکەس ئەکات
بۆ عەزا خوانی بە سەد دەرد و غەمۆ دوێ چوومە باغ
دیم لە جێی بولبول، لە پۆپەی یاسەمەن وێساوە زاغ
سێو و هەرمێ عاجز و سەرو و سنەوبەر بێ دەماغ
کۆخ و هەنجیر و هەنارم دی هەموو دڵ پڕ لە داغ
بێ گەڵا و میوە مردوو، مردووێکن غەم خەڵات
غەرقی ئەندووە و پەرێشان و کز و شادی بەتاڵ
پستە و نارنج و لیمۆ و بەهێ و پرتەقاڵ
بادەم وگێلاس و قەیسی و هڵوو بێ کەیف و حاڵ
ئەرغەوان و مازو و کوت و بەڕوو ڕوو گرژ و تاڵ
قوڕ بە سەر گۆیژ لە سینەی هەڵچەقی خاری نەهات
وێوڵ و چوالە و زریشک و سنجوو و شیلان و هوول
وەک شەهێن و توو هەڵووژە و گوگجە مات و مەلوول
ژاڵە دەردی زەردەیی گرت و گەڵا بێ ئاو و لوول
لەشکری پایز وەبەر خۆی داوە دنیا عەرز و توول
کەس نەماوە زەخمی کەڵپەی ئەم پڵنگەی پێ نەگات
ڕەهنومای ئینسانە ئەوزاعی گەڕانی چەرخی پیر
بۆ وجودی سانعی حەیی و تەوانا و بەسیر
ئەوەللی بێ ئیبتدا و ئاخرێکی بێ نەزیر
بێ ژن و ئەولاد و دانا، بێ شەریک و بێ وەزیر
واحدێکی بێ نیاز و خالقی مەوت و حەیات
عەبدی ئەو بە، ئەو بناسە لەو تەڵەب کە ئارەزوو
باری ئەمری هەڵگرە تا ببیە سالاری هەموو
هەڵگری ئەم بارە مەردە و هەڵنەگر بێ ئابڕوو
ڕوو بە مەنزڵ هیچ ڕێگە غەیری ئەم ڕێگا نەچوو
بێ بڕۆ بەم ڕێگەدا ئەم ڕێگەیە ڕێگەی نەجات
عاشقی دنیا نەبی ئەم ساحیرە ئەتخاتە داو
سەد هەزار شووی کرد و شوویێکی نەبوو نەیخاتە داو
لەو شوانەن بەهمەنکەس و کەیخسرەوکەس و ئەفراسیاوکەس
سەد وەکوو فیرعەونکەس و هامان و جەمی کێشا قوڕاو
کوشتنی، فرمێسکێ بۆ کەس لە چاوی دەرنەهات
نەوبەهاری عومر، ئەی «زاریناسناوی ئەدەبی» وەکوو گوڵ چوو بە با
ڕەونەق و جۆشی جەوانی تێپەڕی ڕۆیی نەما
گیان و تەن میسلی هەدەف ئامادە بۆ تیری بەڵا
پاییزی پیری دەدا هەر لەحزە ئیعلانی فەنا
هەی نەما وەختی بەقا، دەی بارە بۆ ماڵی بەقات