٤

لە کتێبی:
لالۆ کەریم
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 7 خولەک  636 بینین

ئێوارەیەکیان نزیک دەمی زەردەپەڕ، ئەوا خۆر وەختە بچێتە دەم کەل، مقۆمقۆیەک کەوتە ناو دێکەوە. بەردەست و نۆکەرەکانی کاکڵائاغا کەوتنە چالاکی و دەستوبرد و هەر یەکەیان بە لایەکا دەستیان کردە جرتوفرت. پاش نەختێک، یەکێک لەوانە خەبەری دا کە دوو ئەفەنی تەپلە بەسەر بە ترومبێل لە شارەوە هاتوونەتە ئاوایی. جا وەک کابرا باسی کرد: یەکێکیان تەنگەئەستوورێکی کورتەبنەی ڕەشتاڵەیە و چاویلکەیەکی ها بەبەر چاوەوە. ئەوی تریشیان گەنجێکی مناڵکارە و دەفتەرێ گەورەی ها لەبن هەنگڵدا. گوایە یەژن هاتگن وۆ پەسوێکردنی زەوییەکانی ئەم دێیە وەهامان کاکڵائاغا داوەزیون.»

کاکڵائاغاش خوا هەڵناگرێ پیاوانە هاتە دەست و هەر بەو درەنگوەختە ناردی چەند مریشکێکیان سەر بڕی و پیاوێکی ناردە ناو ڕەزەکانی ئەوبەر. بەرچینەیەکی قەڵاپەچن ترێ سادانی و سەبەتەیەکی گەورە هەنجیرەگوڵاوی هێنا و دووسێ ژنەلادێیشی بانگ کرد. بەو دەمودەستە برنجێکی زۆریان شتەوە و چێشتیان پێ گەیاند. نزیک بانگی خەوتنان، سفرە داخرا و نان خورا و پاش نانخواردن ئاغا ناردی بەدوای لالۆکەریم و حەمەی دەمڕاست و کاکلی سەی مستەفا و قالەی شەفەزلە و هەشت نۆ دە کەسی ترا. کە هەموو کۆ بوونەوە و بەخێرهاتنی میوانەکانیان کرد، سەماوەرێکی گەورەی وەرشاو هێنرایە دیوەخان و خرایە گیزەگیز. ئەوەندەی پێ نەچوو، دەست کرا بە چاخواردنەوە.

پاش تاوێک، ئاغا پارچەقاقەزێکی زەردباوی نوشتەکراوی لە باخەڵی دەرهێنا و دایە دەست کابرای چاویلکەلەچاو. ئەویش بە هێواشی لە دەستی وەرگرت و دایە بەر تیشکی چرا لۆکەکەی کە لەسەر کورسییەکی بچکۆلە دانرابوو. دوای نەختێک موتاڵاکردن و تێوردبوونەوە، بەئەسپایی وەک خۆی قەدی کردەوە و دایەوە دەست ئاغا. ئاغا هیچ سێ و دووی لێ نەکرد و وتی:

«ئەفەنی چۆنە بە دڵتە؟»

کابرای ئەفەنیش ڕووی کردە ئاغا و چاوی تەواو تێ بڕی و بە دەنگێکی زۆر نزمەوە وەک لەژێر لێویەوە قسە بکات وەرامی دایەوە و وتی:

«بە خوا بڕوا ناکەم ئەمە کەڵکێکی ئەوتۆی بێ، بەڵام شتێکی تر هەیە ...»

ئیتر ئاغا نەیهێشت ئەفەنی لەسەر قسەکەی بڕوا. بەپەلە هەڵیدایە و وتی:

«چۆن ئەفەنی چۆن؟ ئەوە فەرمووت چی؟ ئەمە لە زەمانی ڕەحمەتیی باوکمەوە هەیە. خۆ ئەمە شتێکی تازە نییە! ... لە نووح پێغەمبەر کۆنترە.»

ئاغا وەک لە دەم و دوانیا دەرکەوت، تەمای بوو درێژە بە قسەکانی بدا تا بە کابرای بسەلمێنێ، بەڵام ئەفەنییەکە گورج پێی بڕی و وتی:

«ئەزانم، ئەزانم... بەڵام تۆ جەنابت بۆچی خۆت ئەخەیتە کێشمەکێشەوە؟ ئەتوانیت بە شایەتیی چەند کەسێکی شارەزای بەساڵاچوو ئیسپاتی بکەیت کە پشتاوپشت خۆتان خاوەنی ئەو زەوییانە بوون و هەر خۆتان بەرخۆری بوون... .»

ئاغا کە ئەمەی گوێ لێ بوو سەرێکی ڕاوەشاند و بزەیەک گرتی و وتی:

«ئای... جا باشە! خۆ ئەوە شتێکی هەتا بڵێیت ئاسانە. جارێ لەم دێیەدا پیاومان نییە لە لالۆکەریم پیرتر بێ و کەسیشمان نییە وەک ئەو شارەزای ئەم کەینوبەینە بێ.»

لالۆ کە ئەم قسانەی ئاغای بیست، بە پێکەنینەوە هەڵیدایە و وتی:

«ئەی ئەی! نا مە خوا! من سەرسپی خەڵق ئەم دێیەم.»

ئیتر، خۆ هەرچییەک لەوێ دانیشتبوو دایانە قاقای پێکەنین. هەتا ئاغاش گەلێک پێکەنی و ڕووی کردە کابرای ئەفەنی و پێی وت:

«ئەفەنی، لالۆ زۆر گاڵتەچی و قسەخۆشە، پەندی سەیرسەیری لەکنە. ئەگەر بڵێیت پیاوێکی هەتا دەم هەرکەت کات ڕاستگۆ و خواناس و شیرپاکە و لە هەموو کەسێک زیاتر ئاگای لەم حەیسە و بەیسەیە، باوەڕیش ناکەم کاوڕی دنیای پێ بدەی حەقێک بدات بە ناحەقێک. خۆ گریمان کەسیش نەزانێ لالۆ هەر ئەزانێ ئەوەتەی بنەچە و ڕەچەڵەکی ئێمە هەیە، ئەم زەویانە هی ئێمە بووە و تایەفەکەشمان ئەگەر نەیانبەخشیبێ بە خەڵقی، هی ئەم و ئەویان داگیر نەکردووە و چاویان لە ماڵی کەس نەبووە. جا لەبەر ئەوە من دڵنیام کە خواش هەر لایەنی حەق ئەگرێ و پیاوی فێڵباز سەرەنگرێ و ڕیسوا ئەکات.»

ئینجا، کە لەم قسانە بووەوە ڕوویەکی کردە لالۆ و وتی:

«تۆ خوا لالۆ وا نییە؟»

لالۆ ماتییەک دایگرت و قەدەرێک وەستا. ئینجا، وتی:

«وەڵڵا بێژم چی ئاغا... ! دیارە خوا هەر لەسەر هەق ئەوێ.»

ئەوەی وت و بێدەنگ بوو. دوای ئەوە دیوەخان بوو بە جەنگی مەغڵووبە، هەر یەکە لە لایەکەوە دەست کرا بە باسی پەسوێ و زەویوزار و ئاش و ڕەز و بەراو. پاشان، لەسەر خواستی ئەفەنییەکان، ئاغا بڕیاری دا سبەینێ هەموو لە مزگەوت کۆ ببنەوە. ئیتر، ئاغا خەریک بوو باسی کۆبوونەوەکەی سبەینێی ئەکرد، بەڵام زۆری پێ نەچوو لالۆکەریم ئیزنی لە دانیشتووانی خواست و وتی:

«وە ڕوخسەت ئاغا من ئەچمە ماڵۆە، نەختێک عەیو نەوێ لێی ڕائەکشێم، گشت گیانم یەشێ. ئاغا هەر چەندە لەپێشەوە زۆری لێ کرد بمێنێتەوە و پێی وت:

«ئاخر لە قسە خۆشەکانتمان مەکە... جارێ شەو زووە.»

بەڵام چونکە لالۆ وتی هەر لە ئێوارەوە لەشم ناکۆکە و سەرم ژان ئەکا؛ ئاغا بە ناچاری ماوەی دا و وتی:

«ئەڕۆیت خوا ئاگادارت بێ... بیرت نەچێ بەیانیی زوو بێیت بۆ مزگەوت.»

حەمەی دەمڕاستیش لەو لاوە هەڵیدایە و وتی:

«وە خوا! منیش حەز ئەکەم بڕۆمۆە... ئەمە سێ ڕۆژە بەو کەژ و کێوەوەم، کەڵەکێوییەکم کوشتگە.. شەکەت و ماندوو ئەو شاخوداخەم.»

کە ئاغا زانی حەمەش نیازی ڕۆیشتنەوەی هەیە، بانگی کردە لای خۆیەوە و شتێکی چرپاند بە گوێیا. ئینجا، حەمە و لالۆ هەر دووکیان پێکەوە ڕۆیشتنەوە. پاش ئەوان، بە ماوەیەکی کەم خەڵقەکەی تریش یەک یەک و دوودوو هەر یەکە ملی نا بۆ ماڵی خۆی.

لە ڕێگە لالۆ لە حەمەی پرسیی:

«ئەرێ براکە ئەوە ئەو شایەت شایەتە چی وو، وا باسیان لێ ئەکرد؟»

حەمە سەرێکی ڕاوەشاند و وتی:

«کوڕە خوا سڵامەتت کا، هەمووی دەستێک سوێندە بۆی ئەخۆیت و هیچی تر.»

لالۆ کە وشەی سوێندی هاتە گوێ، ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا و بە دەنگێکی پەشۆکاوەوە وتی:

«هەی نەوێ؟ سوێند وە چێ؟ وە قورحان؟»

حەمە زەردەیەک گرتی و وەرامی دایەوە:

«ئەی وە چی... ! ئەی خۆ وە ئینجیل گاورەکانیش سوێنت ناتەن؟ ئێمە گشتمان پسوڵمانین لە سایی ڕوحم خواوە!»

لالۆ بە شپرزەیێکەوە ڕووی کردە حەمە و وتی:

«ئەزانم گشتمان شوکر پسوڵمانین و شایەمان وە محەمەد هاوردگە، بەڵام وە خوا حەمە! قورحان فرە گەورەیە... ئەم جارە، حەمە بە خێسەیەکەوە چاوی تێ بڕی و وتی: «مەبەستت چییە؟ جا دیارە قورحان گەورەیە؟ تۆش کاورا قسەی سەیر یەژیت... ئەی گوایە لە قورحان گەورەتر هەس؟!»

حەمە و لالۆ لەم مشتومڕەدا بوون، گەیشتنە بەر ماڵی حەمە و حەمە خۆی کرد بە ژوورا و دەرگاکەی لەپشت خۆیەوە پێکەوە دا. لالۆش بە تەنها بەرەو کۆختەکەی هەنگاوی قورس و بێتاقەتانەی هەڵئەهێنا. گەرداو و وەیشوومەی خەیاڵ ئارام و سروەتی کەللەیان شێواندبوو. لە ڕێگە سەرێکی هەڵبڕی بۆ ئاسمان، چاوی بە ئەستێرەکان کەوت ئەدرەوشانەوە و جریوەجریویان بوو. مانگیش چواردەی خشت بوو. لەو شەوە بەهارییە خۆشەدا، بە تەوقەسەری ئاسمانەوە خەرمانەی دابوو و تیشکە زێوینەکەی دابوویە سەر قەبرانەکەی ئەو بەر. وردەشووشەی سەر گۆڕەکان وەک لەتەئەڵماس و دوڕ لە دوورەوە ئەبریکانەوە. وێنەی ئەو مانگەشەوە دڵگیرە لە جۆگەلەئاوێکی پۆنگ خواردوودا چەسپ بووبوو. لەو لاوە، بۆق و قوڕناویلکە دەنگیان لێ هەڵبڕیبوو بە خوێندن. قەدرێک، لالۆ تەماشای ئەم دیمەنە جوانانەی کرد و تێیان ورد بووەوە. ئینجا، هەناسەیەکی هەڵکێشا و بەئەسپایی چووە ناو کۆختەکەیەوە و وەک شەوان تاکە دەڕابەکەی نایەوە بەر دەرگاکە.

کە چووە ژوورەوە، گورج خۆی کرد بە ژێر جێگاکەیا. بەڵام ئەو شەوە هەتا ڕۆژی بەهەق بووەوە، شەوگار کردی و ئەو کردی کەچی خەو لە چاوی نەکەوت. هەر گینگڵی ئەخوارد بە دەردی خەم و مەراقەوە، وەک بیر لە شتێکی زۆر گرنگ بکاتەوە، یان چاوەڕوانیی کارەساتێکی پڕستەم بکات کە وا خەریکە یەخەگیری ئەبێ.