٣

لە کتێبی:
لالۆ کەریم
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 8 خولەک  745 بینین

لالۆ تاقەکەسێک بوو لە دێکەدا خزم و کەسوکاری شک نەئەبرد؛ چونکە وەختی خۆی لە دێیەکی ترەوە هاتبوو و لەوێ نیشتەجێ بووبوو؛ جا لەبەر ئەوە دانیشتووانی دێکە هەرچەندە بەرەوڕوو و بە سەرزاری هیچیان دەرنەئەبڕی، کەچی وەکوو تر لە دڵا حەزیان لە چارەی نەئەکرد و بە چاوی بێگانە تەماشایان ئەکرد، تەنها سەبارەت بەوەی کە لە قەوموقیلەی ئەوان نەبوو، بەڵام تاقە گەنجێک هەبوو لالۆی چووبوو بە دڵدا و بە دەمی خۆی خۆشی ئەویست. ئەویش برایمەفەنیی مامۆستای قوتابخانە دووپۆلییەکەی گوندەکە و مامۆستای تایبەتیی منداڵەکانی کاکڵائاغا بوو. ئەم برایمەفەنییە کابرایەکی هەتا بڵێیت قسەزان و چاپلووس و ڕەوشتسەیر بوو. زمانێکی مقەستی وای پێوە بوو، ئەیتوانی هەر بە قاڵەی دەم خۆی لای گورگ و مەڕ بە جارێ خۆشەویست بکات. بەتایبەتی لای لادێیی و مسکێنەکان. وە کە ئەچووە ناویانەوە دائەنیشت، ئیتر هەموو قسە و باسێکی لەگەڵیا ئەوە بوو، لادێیی بەشخوراون، سەپان و جوتیار غەدرلێکراون و بە گەرمییەوە لەم بابەتانە ئەدوا و لە هەمان کاتا ڕقێکی زۆری نیشان ئەدا بەرانبەر بە ئاغا و دەرەبەگ. کەچی، لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو برایمەفەنی تاقەکەسێ بوو کە کاکڵائاغا پرس و ڕای تەواوی پێ ئەکرد و نهێنیی دڵی خۆی لا ئەدرکاند. هەتا بگرە کردبووی بە ئەمیندار و باوەڕپێکراوی خۆی. ئەویش بە زۆری کاتی دەستبەتاڵی لای لالۆ ئەبردە سەر و هەر چەند قسەی بۆ لالۆ بکردایە، لالۆ گوێی بۆ شل ئەکرد و بزەیەک ئەهاتە سەر لێوی. وا دیار بوو قسەکانی برایمەفەنی تەواو کاری تێ ئەکرد. خوا هەڵناگرێ لالۆ خۆشی کابرایەکی ڕووخۆش و قسەزان و بێوەی بوو؛ لەبەر ئەوە بە ناچاری خەڵقەکە ئەگەر جاروبار بێئیش بوونایە خۆیان ئەکوتا بۆ کۆختەکەی و وەختیان لەلای ئەو ئەبردە سەر. بە کۆمەڵ ئەهاتن دەورەیان لێ ئەدا و ئەویش قۆرییە چاکەی ئەخستە لای ئاگرەوە و بۆی دەم ئەکردن و بە سەرگوزەشتەی خۆشخۆش و گاڵتە و گەپەوە ڕایانئەبوارد. ئینجا، لالۆ هەر ئەوەندە بکەوتایە قسەکردن و گێڕانەوەی باسی کوڕێنیی خۆی، ئیتر قەت مەپرسە! چیرۆکی واوای ئەگێڕایەوە سەربەقوڕی پێ ئەهاتە پێکەنین. خۆ ئەگەر بهاتایە و لێت بپرسیایە:

«ئەرێ لالۆ کەی ژنەکەت مرد؟»

قاقا دەستی ئەکرد بە پێکەنین و ئەیوت:

«وەخوا براکە! ژنم نەهاوردگە. ئەرێ وەڵڵا هێشتا بوخچەی نەکراوەم.»

جا ئەگەر پێت بوتایە ئەی بۆچی ژنێک ناهێنی؟! با بە وەچاخی کوێرەوە سەر نەنێیتەوە، زەردەیەک ئەهاتە سەر لێوی و ئەیوت:

«شوکر لە سایی خوا و سەری تۆوە وەچاخم کوێر ناوێ هەتا خۆم هام لە دونیادا هەر چاتان وۆ تێ ئەنێم کە خۆیشم مردم کەسێک هەر ئەوێ جێ وەجاخەکەم کوێر نەکاتۆوە. »

هەرچی دەستەی هەرزەکاران بوو، بەزۆری باسی ڕۆژانی زوویان لێ ئەپرسی. ئەویش دەمێکیۆ ئەچڵەپانەوە، دەستی بە قسەکردن ئەکرد. ئەوانیش بە وردودرشتەوە هەموو گوێیان بۆ شل ئەکرد و ڕوویان تێ ئەکرد. ئیتر هەر ئەوەندەت نەئەزانی قسەیەکی وای دەرئەپەڕاند، بەجارێ ئەیاندایە هاژەی پێکەنین؛ چونکە لالۆ هەموو باسێکی بە پێکەنین و بەزمەوە ئەگێڕایەوە.

هەزار کەساسی و دەردیسەریی خۆی باس ئەکرد، کەچی یەک دەنک باکی پێ نەبوو. تاقە یەک شت نەبێ لالۆی پەست ئەکرد وە لە دین دەری ئەکرد، ئەویش باسی ساڵی قاتوقڕێکە بوو؛ چونکە هەرچەند کارەساتی گرانییەکەی هەرەپێشوویان پێ بگێڕایەوە، ئیتر دوژمنی گیانت بێ، دەموچاوی گرژ ئەبوو وە ڕەنگێکی ئەهێنا و ئەبرد و هەرچی لە دڵیابوو هەڵیئەڕشت وە ئەیوت:

«ئای ڕۆڵە یا خوا هەرچی بسووڵمانە و شایەی وە محەمەد هاوردگە نەیوینێ . وەڵڵا باوک وە کوڕ خۆی نەئەدا وە کوڕ لە دەم باوک خۆی ئەفڕاند. وە مەرقەد ئەو شێخ قادر کەسنەزانە پام ئەسوا هێندە ئەخولامەوە وۆ لاکە تۆپیوێک، وۆ قومەخوێنی وشکەوەبوو، وۆ یەک دوو دەنک خڕنووک و سێ چوار بەڕووی تاڵ کەچی لێم چوونە قاتی ... هەر لەو گرانییەدا باوکم و هەر سێ براکەم لە برسانا وون وە سیاقەی ئێوە و منیان وە تاق تەنیا وۆ نەگوەتی و خاکەساری هێشتۆە. گرانی گرانی نەوو، نێوەی ئۆمەت محەمەدی قڕ کرد. خۆ کاشکای هەر گرانی وایە وە خوای نەدییە ڕشانەوەکە دە بەردی داوو وە پشت گرانییەکەدا. قورحان لە مەجێنا وێ و گوێی شەیتان کەڕ وێ، دەردێک داکەفت هەر لە خۆیۆوە پیاو هێڵنجی ئەدا و ئەکەوتە قڵپوقۆپ ڕشیانەوە و دەستوەجێ ئەمرد. ئیتر خۆ وای لێ هاتوو کەس لە ژیان خۆی دڵنیا نەوو...

جارانیش وەک ئێستە مزەمبیل نەوو وە شریخە قۆڵ پیاو دەرزیئاژن کا. خەڵقی گشتیان ئەچوونە مزەوت دەستیان ئەکرد وە سڵاواتدان و گریان و لەخواپاڕیانەوە، و لە دێیەکەوە ڕایانئەکردە دێیە تر، بەڵام هەر ئەوەندەت ئەزانی خوا قاری لە دێکەی تریش ئەگرت و ڕشیانەوەی تێ ئەکەفت وە گەلە خەڵق ئەمردن، تا وای لێ هاتوو تاقمی پیاو خێرەومەند گرد ئەوونەوە و یەکێکیان ئەوردە سەر قەوران و ئەیان ناشت، هەتا ئەهاتنۆوە لە نیوەی ڕێگا یەک دوانی تریشیان ئەڕشیانەوە و دەرمولە ئاز گیانیان دەرئەچوو. ناچار، ئەوانیش ئەگەڕانۆوە و ئەیانناشتن....

خۆ نە شتن هەوو نە کفن، هەر کەسێ زایە وایە بێ ئاو و بێ یاسین ئەخرایە ژێر خاک. ڕۆژ نەوو لە دێکەی ئێمەدا کە دووسەی ماڵ زیاتر وو بیست تا سی کەس نەمرێ. ئیتر سەرتان نەیەشێنم لەو ئاوایییە گەورەیە، من و پیرەژنێ سەرسەخت ڕزگارمان وو، من ڕووم لێرە کرد و ئەویش نازانم ملی وۆ کوێ نا...

خۆ حوکمات وەسمانلیش لەوە زووتر گۆڕوەگۆڕ چی، ساڵدەری دوانزەی مانگێ خەریک شەڕوهەڵڵا وو. سەرەڕای ئەوەی گشت ئەم جوانانەی ئەگرت وەزۆر زۆردارەکی جل ئەسکەریی ئەکردنە وەر و ڕەوانەی ئەو خوارانەی ئەکردن وۆ شەڕ و لە خوتوخۆڕایی وەکوشتی ئەدان. هەرقەداشەکانی وەک واشەی برسی دێ وە دێ ئەگەڕان. هەرکەسێ لالەوێچێ زەخیرەی لە ماڵیدا وایە ئەیانورد. ئیتر، خۆ شەرمیان نە لە ڕیشسپی ئەکرد و نە لە سەرسپی. وە ئارەزوو دڵ خۆیان ژنیان فەساد ئەکرد و کچیان خراو ئەکرد و منداڵ سەر بێشکەیان ئەکرد وە نووک سونگیەوە. بکوژە و ببڕە هەر خۆیان وون. ئەرێ وەڵڵا پیاوم گەرەک وو بیوێرایە هۆقەیەک ئارد لە ماڵ خۆیا گل بداتۆە. گورج زەفتیە ئەهاتنە وێزەی و زەوتیان ئەکرد و ئەو کەسەشیان تێروپڕ ئەکوتا. چە قوورەت و بسوڵمانێ بیتوانیایە بێتە خێو کەرە لایێک، دەستوەجێ ژاندرمەکان وەک شمل شڕ لێان ئەسەند و ئەیانیەژا وێرگوو حوکماتی لەسەرە ...

خۆ داریان وە شاخەکانۆە نەهێشت. سەرپاکیان لەبنا ووڕی، هەتا وەکوو ڕەگەکانیشیان لەبن هەڵئەکەند و ئەیانسووتاند. ئینجا، وەجێیان ئەهێشت.»

بەم چەشنە، لالۆ چەند ساڵێکی ژیانی خۆی بردە سەر. لەو ماوەیەدا، بووبوو بە هۆی پێکەنین و دڵخۆشکردنی لادێیەکان. سەرەڕای ئەو ژیانە سادە و پڕ لە نەبوونی و ماندوویەتییە، لەگەڵ ئەو هەموو ئیش و کارە قورسەی بە سەرییەوە بوو بەجێیان بهێنێ. کە بە دەقیقە و ئان سرەوت و حەوانەوەی بۆ نەبوو، کەچی هێشتا هەردەم بەندە و ڕووگەش بوو، بەڵام ئایە چەرخی چەپڕەو بەرۆکی بەردا...؟! بواری دا لەو دنیا بچکۆلە تەنگ و تەسکەی خۆیا بمێنێتەوە؟!