٢

لە کتێبی:
لالۆ کەریم
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 5 خولەک  750 بینین

لالۆ سەرەڕای پیری و بەساڵاچوویی، ئەتوت کوڕی چواردەیە. بە شەو و بە ڕۆژ لە کارا بوو. بێجگە لەوەش، تاقە چایچی و دووکانداری دێکە بوو. هەر کاتێکیش کاکڵاغای خاوەنی گوندەکە ئیشێکی پاسەوانی ببووایە ئەینارد بە دوای ئەوا بۆ ئێشکگرتن؛ چونکە نیشانشکێن و تفەنگهاوێژێکی بەئەنگێوەی وەک خۆی لە ئاوایییەکەدا نەبووە.

ئەویش لە بەری ڕۆژئاوای دێکەوە کۆختەیەکی چوارگۆشەی لە شێوەی دووکانێکی پچکۆلەدا بە تەیمان دروست کردبوو. دەوراندەورەکەی بە قوڕەسوور سواخ دابوو. سەرەکەشی بە گەڵا و زەل و قیسپ داپۆشیبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی شوێن دەرگاکەی بەخاڵێتی مابووەوە، لالۆ شەوانە کە وەختی نوستنی بهاتایە، تاکە دەڕابەیەکی گەورەی هەبوو ئەینایە ئاستی دەرگەکە و لە دیوی ناویشەوە کۆڵەکەیەکی داربەڕووی دوولەبی ئەنایە بەر. سەرێکی لە ئەرزەکە توند ئەکرد و سەرە دووپەلەکەی کەشی لە دەرگاکە قایم ئەکرد. ئیتر، کردنەوەی نەختێک گران ئەبوو.

لەملا و لەولای پێش دەمی دووکانەکەیەوە دوو سندووقە چای بەتاڵ دانرابوو. هەر یەکە چەند قاڵبێک سابوونی بەزی و هەندێ قامیشەجگەرە و دوو سێ پارچە بەردەئەستێ و یەک دوو پاکەت بەرماخی لەسەر ڕیز کرابوو. خۆ ئەگەر سەرێکت بکێشایە دووکانەکەیەوە، یەکەم شت کە باری سەرنجی ڕائەکێشایت، وەجاخە بەقوڕهەڵبەستراوەکەی بوو، کە بە شووشەشکاو و موتومووروو و کووژەکەی شین بەردەمەکەی ڕازاندبووەوە و قۆرییەکی فافۆنی ژەنگخواردووی گەورەی خستبووە ناو. جاروبار، ئەگەر لادێیەکان شەوانە سەریان لە ئیش گیر نەبوایە، ئەچوونە ئەوێ کۆ ئەبوونەوە بۆ ڕابواردن. ئەویش ئازا چاکەی بۆ دەم ئەکردن و هەتا خەو ئەیبردن بە لادا، هەر هیقایەتی خۆش خۆش و قسە و باسی عەنتیکەی بۆ ئەگێڕانەوە.

لە ناوەڕاستی کۆختەکەدا ئەوەندەی قووڵایی بێژنگێ، خۆڵ لە ئەرزەکە دەردرابوو و شوێنەکەی باش سواخ درابووەوە و کرابوو بە ئاگردان بۆ کاتی سەرماوسۆڵەی زستان. لە پەڕی ئەو بەریشەوە دۆشەکێکی گەورە و بەرپان ڕاخرابوو، ئەگەر بهاتایە و لە دوورەوە بەرچاوت بکەوتایە، واتئەزانی بەرگەکەی خامە و لە کۆنیا چڵکی گرتووە، بەڵام ئەگەر لە ڕۆژێکی قوڕ و بارانا سەرێکت لە لالۆ بدایە و ناچار ببوویتایە بە چوونەژوورەوە، ئەو حەلە، ئەویش بەناچاری لەسەر دۆشەکەکەی خۆی دایئەنایت. ئینجا، بە چاکی بۆت دەرئەکەوت کە بەرگەکەی خامی چۆپان نییە، بەڵکوو ئەمە لە وەختی خۆیا قوماش بووە و دەستی ڕۆژگار بەرەبەرە ڕەنگەکەی لێ کردووەتەوە و لە شوێن دڕاوییەکانیشییەوە کۆڵکەکەی ناوی هاتبووە دەرەوە. لەو لاشەوە، سەرینێکی خڕ و درێژکۆلەی لە چیتی شیرکەتی کراو و بە ئاردەساوەر ئاخنراو دانرابوو و وەک باگردێن ئەتتوانی مێخزنجیری تێ بخەیت و بیبەیتە سەربان بۆ بانگێڕان. بێجگە لەمانە، جاجمێکی کۆنەی ڕەنگڕۆیویشی هەبوو بە شەو بە خۆیا ئەدا و کە سەرماشی ببووایە وەک کۆڵوانە ئەیبەستە کۆڵی و سەری بەسەر ئاگردانەکەدا شۆڕ ئەکردەوە.

لەناو کۆختەکەدا سێ سنگی دار بە دیوارەکانا چەقێنرابوو. بە یەکێک لەو سنگانەدا چرایەکی دەستی هەڵواسرابوو بلوورەکەی لە دوو لاوە گردەبڕ شەقی بردبوو. دەوروپشتەکەشی لەناو دووکەڵ بە جۆرێ ڕەش داگەڕابوو، هەرچەند دایئەگیرساند بە قسەی خۆی ئەوەندەی چرای دزێک شەوقی هەبوو، بەڵام هەر کەسێکی تر بیدیایە هەزار سوێندی ئەخوارد کە تیشکی گوڵەئەستێرەیەکیشی نەبوو لە شەوێکی ئەنگوستەچاوا.

بە سنگەکەی ترەوە، کیسەیەکی خامی چڵکنی ڕەشداگەڕاو هەڵواسرابوو. لالۆکەریم هەرچەند بچووایە شار بۆ چاکڕین لەگەڵ خۆی ئەیبرد. سنگەکەی تریش لنگەدەرپێیەکی پیا کرابوو، بەڵام بە دەرزی و درومان سەرە تەسکەکەی هێنرابووە وەیەک و کرابوو بە توورەکە بۆ شەکر.

لالۆ لەپشت کۆختەکەیەوە کولانەیەکی گەورەی بە قوڕ و وردەبەرد دروست کردبوو بۆ سەگە نازدارەکەی کە ناوی نابوو «بۆرە». پیرەسەگ ئەوەندە خۆشەویست و شیرین بوو لای هەتا پێی بکرایە خزمەتی ئەکرد، بگرە لە دەمی خۆی ئەگێڕایەوە و ئەیدا بە بۆرە. هەرچەندە لالۆ سەریشی بچووایە نوێژی نەئەچوو و هەتا دەم هەرەکەت کا لەخواترس و تۆبەکار بوو، کەچی خۆشەویستیی بەرانبەر بە سەگەکەی بە ڕادەیەک بوو جاروبار سڵی لە گڵاوی و دەستنوێژشکان نەئەکردەوە و هەموو جارێک ئەیگوت:

«خۆزیا گشت کەسێک هێندەی سەگی بەوەفا وایە... ئەوسا ئەم دنیایە لە جێیە تر ئەوو

ئیتر، هەموو ڕۆژێک ئەگەر خۆی بێ شێو سەری نابووەوە، هەر ئەبوو مشووری بۆرەی بخواردایە. بۆرەش بۆرە نەبوو، سەگێکی هەتا بڵێیت وت و وریا و زیرەک و نهێنگر بوو. نەک هەر بەتەنیا پاسی کۆختەکەی لالۆی ئەکرد و بەس، بەڵکوو پاسەوانێکی ئەمینی هەموو دێیەکە بوو.