١

لە کتێبی:
لالۆ کەریم
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 4 خولەک  1241 بینین

بە تاقی تەنیا و بە کزێکەوە لە بەردەم سەکۆی مزگەوتەکەدا هەڵقوتابوو. دەستی لەژێر چەناگەی توند کردبوو. چەند تنۆکێکی فرمێسک لە چاوە سوورهەڵگەڕاوەکانیا قەتیس مابوو، وەخت بوو تێکەڵ بەو خوێنە گەشە بێ کە تک تک بە لاجانگەکانیا ئەهاتنە خوارەوە و بە ڕیشە بەردراوەکانییەوە ئەگیرسایەوە.

لالۆ پیرەمێردێکی کەڵەگەتی ڕەقەڵەی ملبارێک بوو. پشتی کەمێک کۆما بووەوە و چرچولۆچی پیری بە تەواوی کەوتبووە چڕوچاوە پڕوپورشاوێکەیەوە. بۆ نەگبەتیش هەر دوو ڕوومەت و کوڵمی، ئاوڵە بە دەردێکی بردبوو؛ ئەتوت توێلکەشووتییە و مریشک بە کەیفی خۆی دەنووککاری تیا کردووە. خۆ ئینجا لەڕی و لاوازییەکەی لەو لاوە بوەستێ، هەزار سوێندت بە سوێند ئەخوارد بۆ دەرمان گۆشت بە لەشییەوە نەبوو. هەرچی دەماری قۆڵ و قاچی هەیە وەک دارکاری کرابێ ڕاست بووبووە و تەنانەت پەراسووەکانی یەک یەک لە دوورەوە بتژماردایە، هەمووی بە دەرەوە بوو. ڕیشێکی تۆپی ماشوبرنجی هێشتبووەوە و سمێڵە پڕوچڕەکەشی ئەوەندە دووکەڵی دارقەندە و سەبیلی پیا چووبوو، بە جۆرێک زەرد داگەڕابوو، ئەتوت هێناوتە و یەک هۆقە زەردەچەوەت تێسووە.

ئەگەر بڵێیت کابرایەکی پاک و تەمیز و پۆشتە و پەرداخیش نەبوو، بگرە هەتا حەز بکەیت ڕەنگڕووت و شڕۆڵ و پیس و پۆخڵ بوو. خۆ ئەوە جارێ سەد ساڵ لەوێ بووایە نەیئەزانی نینۆککردن بەری بە کوێوەیە، مەگەر نینۆکەکانی لە درێژیانا بە ڕێکەوت لە خۆیانەوە بشکانایەوە. هەتا تووکی سەریشی نەبووایە بە پرچی دەروێشەکان، نەئەچووە شار بۆ تاشینی. کە بشیتاشییایە ئەبوو وەک کەللەشەکی پاکراوی لێ بکردایە. ئینجا، ئۆخەی لە گیانی ئەکەوت. کە درۆی نەبێ، ساڵی جارێکیش لە حەمامی جافیا خۆی پشیلەشۆر ئەکرد. ئەگینا لەوە بترازایە بۆ دەستنوێژشتن نەبووایە، ئاو لە دەست و دەم و چاوی نەئەکەوت. هەر کاتێکیش لەشی بهاتایە خوروو و چڵک و ئەسپێ زۆریان بۆ بهێنایە، ئەچووە بەر بەڕۆچکەکە و خۆی یەکاڵا ئەکردەوە و دەستی ئەکرد بە خۆدۆزین و ئەسپێکوشتن.

خۆ ئەوە جلەکانی هەر بە کەرەم نەبوو! بڕوات بێ حەوت بەردیان دابوو بە پشتی چڵکنی و پڵکنیەکەیا. جا ئەگەر بهاتایە و دووربەدوور سەڵتەکەی بەریت بدیایە، بێسێودوو ئەتوت لە دوو چەشن قوماش درواوە، بەڵام کە لێی نزیک ئەبوویتەوە، سەیرت ئەکرد وەک دێوجامەی ڕاو لە هەشت نۆ لاوە هەر لایەی بە جۆرە ڕیتاڵێک پینە کرابوو. کڵاو و مشکییەکەی سەریشی بە مەلای ماوەڕان لە یەک جیا نەئەکرانەوە؛ چونکە پیرەکڵاو لە قەراغەکەی زیاتر یەک تۆزقاڵ چییە ناوی پێوە نەمابوو. کەوایەکی تەسکی قارسکراوی هەڵگەڕاوەی لەبەر ئەکرد بە قسەی خۆی لە قایمی و جێچاکییا وێنەی نەبوو؛ بۆیە هەموو جارێ بە فیزێکەوە ئەیوت:

«براکە ئەمە شەیتان یێژیە کۆنەکانە، دە ساڵ زیاترە ها لەبەرما.»

بەڵام نەگبەتە چونکە ئەوەندە بە ئەسپۆن و گەڵاکوتک لەسەر کانی ئەیشت، وەک لۆکەی هەلاجی لە دە لاوە شی بووبووە. ناچار ئەبوو خۆی ڕووتوقووت کردایەوە و دەرزی و دەزووی لێ بگرتایە بە دەستەوە و بکەوتایە پینەوپەڕۆ.

لە هەمووی بەڵاتر و بەگۆبەندتر پێڵاوەکانی پێی بوو. جووتێ کەڵاشی دۆمی بەسەر پێوە بوو، ئەگەر چی چەند جارێکیش هەورامییە کەڵاشکەرەکانیان خەریک کردبوو، لەگەڵ ئەوەشا هەر دوو پەنجە گەورەکەی لە بێزارییا وەک توولەمار سەریان کێشابووە دەرەوە.

بێجگە لەمانەش، پشتێنێکی سپیواشی عەمارەپۆی ئەبەستە پشت. هەموو جارێ سوێندی لەسەر ئەخوارد کە شاڵی تورمەیە و لە هەرزانییەکەدا نیو ڕووپی پێ داوە. پشتێنەکەی بە شلێکەوە ئەبەست و کیسەیە تووتنی وردەی پیا شۆڕ ئەکردەوە. هەر دەمێ ماندوو و بێتاقەت بووایە، لە گیرفانی سەڵتەکەیەوە سەبیلە قوڕینەکەی و بەردەئەستێکەی ئەهێنایە دەرەوە و ئەیوت:

«با بۆندارێک تێ کەین.»

ئەمجا، چوارمەشقی لێی دائەنیشت و لەسەرخۆ سەبیلەکەی تێ ئەکرد و بە پارچەیەک پووشووی داگیرساو تێزی ئەکرد. وردەوردە بە دەم هۆرەکێشانەوە بە بای ئەدا.