وەها گیراوی داوی شوغڵی دنیام

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  632 بینین
وەها گیراوی داوی شوغڵی دنیام
لە ئەوزاعت بە کوللی بێخەبەر مام
ئەتۆش جارێ هەواڵێکت نەپرسی
لە ئەحواڵی منی شێواو و ناکام
فەرامۆشت وەها کردم کە ناوت
لە سەفحەی خاترا یەکدەفعە فڕ دام
قەڵەم ئاگا بە سەهوێکی زلت کرد
چ موورێکم سولەیمان کا تەماشام ؟
بەهەشتی من دیداری دۆستانە
فەلەک ناری جەحیمی هیجری پێدام
لە گەرمی شەوقی دڵ مەغزم لە کەللە
نزیکە دەرپەڕێت و بێتە بەر پام
ئەترسم عاقیبەت ئەم شەمعی شەوقە
بسووتێنێ وەکوو پەروانە ئەعزام
ئەوی ڕەگ وا لە جەستەم دا یەکا یەک
ئەڵێ وەی وەی لە جەوری دەوری ئەییام
ئەوندەم گەردی میحنەت هاتە سەر تەن
بە خاک و خۆڵ مەستوورە سەراپام
بە ڕۆژا هەر وەکوو کۆندەی شەق و شڕ
لەبەر خۆرا عەرەق ئەڕژێ لە ئەعزام
هەتا دەستم ئەگاتە بەری مەقسوود
هەموو وەختێ وەکوو کەشتی لە ئاوام
فەلەک گەردێ لە دەردی کەم نەکردم
دووسەد بەردی لەیەک جامی ئەمەل دام
هەزاران کووپە و پیاڵەی شکانم
هەزاران جامی بادەی نابی ڕێژام
نیشانی دام ئەگەر نۆشێ لە خەودا
بە بێداری هەزاران نێشی لێ دام
هەتا کەی کەجڕەو ئەم بەرگی جەفایە
بە دەستی قەهر تەنگ ئەبڕی بە باڵام
ئەوا عومرم بە ئاخر هات ئاخر
لەمە زیاتر بەسە مەشکێنە مینام
دڵم گوم کرد و نازانم هەواڵی
وەکوو وەحشی بە بێ دڵ وێڵی سارام
ئەڵێن دڵ هەس، وەلێ من نیمە سەد حەیف
کەلامم بۆیە وا بێ تامە بێ تام
کەلامی دڵ وەکوو ئاوی حەیاتە
قسەی بێ دڵ تەعامی بێ مەزە و خام
بە دووی دڵدا لە گەردش دام و شۆنێ
نییە و نیمە قەرار و سەبر و ئارام
مەگەر ئیمدادی پیرانی «بیارەشوێن»
بە لوتفی خۆ خودا بیخاتە فریام
بە داوی هیممەت ئەم شابازە وەحشە
ببەستن باڵ و پەڕ ڕامی بکەن ڕام
«سراج الدینی سانیکەس» پیری دووڕوو
ئەوەم کۆمەک هەیە بۆ دین و دنیام
لە بێدادی زەمانە نیمە «زاریناسناوی ئەدەبی»
غەمێ چونکە لە سایەی ئەو هوما دام