بێژی کەڕەتێ بە دڵ ببینم

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 1 خولەک  446 بینین
بێژی کەڕەتێ بە دڵ ببینم
گوڵزاری جەماڵی نازەنینم
دێوانە منم لە تاوی عەشقت
مەشغووڵی یەخەی کەوا دڕینم
ئارامی دڵی بە شیوەن ئاوام
بنچینەیی کەیف و پێکەنینم
قیبلەت کەچ ئەبێ ئەگەر بپرسی
ئەحواڵی دەروونی پڕ برینم؟
تێفکرە لە جەوری تۆیە جاری
دوو جۆگە لە چاوی پڕ گرینم
مەعلوومە لە داوی زولفی تاتات
دەرچوونی نییە نە دڵ نە دینم
سەر بێنە دیاری دڵ، بزانە
وەک شەمع تەنێکی ئاورینم
لەم گوڵشەنەدا هەتا قیامەت
مەمنووعە خەیاڵی هەڵفڕینم
«زاریناسناوی ئەدەبی» لە بەهەشتی وەسڵی یارا
موژدەت بدەمێ لە خالیدینم