ئەوەتا تیری موژەی، کەوانی ئەبرۆ ناوە

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  843 بینین
ئەوەتا تیری موژەی، کەوانی ئەبرۆ ناوە
بۆ قەتڵی عاشقانی غەمی دڵ بێ حەساوە
بۆ سەیری خاڵی لەعلی لێوی چووم و نەمزانی
بە دەوری ڕۆژی ڕوویا زوڵفی بڵاوە، داوە
بەدووی وەسڵی دڵبەردا لەگەڵ هەناسەی سەردا
دڵ هەر وا لە سەفەردا چ بکەم نایێتە دواوە
ساقی بێنە ئەو جامە مەرهەمی زۆخ و زامە
لەم سینە پڕ سەودامە ئەمشەو هەر خوێن تکاوە
لەبەر دەردی هیجرانی ئەگریم شەو تا بەیانی
لە دووری چاوەکانی، دوو چاوم دوو شەتاوە
ئەوە سەروی ڕەوانە یا خۆ ئارامی گیانە
یا قیبلەی عاشقانە؟ لەو بانە ڕاوەستاوە
تا کەی ئیما و ئیشارە؟ دەروونم پڕ شەرارە
عەلاجی ناوێ یارە! بێژە تا نەسووتاوە
پشتی هەڵکرد و ڕۆیی وەک خۆر لە چاو ئاوا بوو
قیامەت پەیدا ئەبێ ئەگەر لاکاتە دواوە
لە شاری دڵ ڕۆڕۆیە، شینی هیجرانی تۆیە
چاوت ئاڵۆزە بۆیە دەروونم ئاڵۆزاوە
با بگریم و بسووتم پەروانەی شەمعی ڕووتم
پا بەسراوی گێسووتم بەو داوە دڵ گیراوە
بە هیچی تر نەزانی قرمزی کەوشەکانی
بە سەر خاکی ڕێگایا خوێنی منە ڕژاوە
وەختێ کە هاتی شەوقی گۆنات کەوتە غەمخانەم
نەمزانی تۆی وەمزانی مانگە گۆشەی کێشاوە
وا مەستی بادەی شەوقی باڵابەرزانە قەلبم
خەبەرێکی لە وەزعی دین و دنیای نەماوە
چاوێ کە تو نەبینێ بێبەشە لە بینایی
دڵێ کە تۆ نەناسێ دڵ نییە، بەردی ناوە
بۆچی بە گۆشەی چاوێ لێمت نەڕوانی تاوێ
ئەگەر تۆ مەیلت واوێ ژیانی من فەوتاوە
ئەزانی بۆ غەمگینم خۆیناو دێ لە برینم
سەییادی نازەنینم تیری لە جەرگم داوە
عومرم ڕۆیی بە تاڵی لە حەسرەت لێوی ئاڵی
بە غەمزەی چاوی کاڵی، «زاریناسناوی ئەدەبی» جەرگم بڕاوە