ئەزانی بۆ لە چاو و دڵ بە خوڕ خوێناو و خوێن ئەڕوا

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  752 بینین
ئەزانی بۆ لە چاو و دڵ بە خوڕ خوێناو و خوێن ئەڕوا
مەزاقم تاڵە، ساقی تووڕەیە جانانە بێ پەروا
ئومێدم بوو لەگەڵ یاراندا وەک کۆمەڵی پەروین
لە بورجی زیندەگیدا بێ خەفەت چەندێ بکەم مەئوا
فەلەک وەک موستەشارم غەدری لێم کرد و موخالیف خویش
برا وا، کەدخوا وا، یار و یاوەر وا، برادەر وا
ئەوەی وا کۆمەڵەی ئێمەی لە یەک پچڕاند و ڕووخانی
خودا بێ ئابڕووی کا ڕووڕەشی کا هەتکی کا ڕسوا
ملی بشکێت و بمرێت و بڕووخێ بەخت و ئیقباڵی
خودا ماڵی بە قوڕ بگرێ لە باغی عومری بەر نەخوا
شەلی کا،شێتی کا،سەرلێشەواوی کات و کوێر و کەڕ
لە ئاوی ئارەزووی دنیا و قیامەت سووڕەتی نەشوا
بە پەندی کا گولی کا، تێک بدا بونیاد و بنچینەی
جڵەوکێشی نەدامەت بێ شقا و نەگبەتی لەودا
عەقاریب بوون ئەقاریب قەت نەبوون ئەم دەستە واهاتن
بە مەکر و فێڵ و حیلە و دەسبڕی وەک مامە ڕێوی وا
خەیانەتیان گەلێ کرد ئەم چرووکانە خەجاڵەت بن
ئەگەرچی ناکرێ بۆ کەس لەگەڵ تەقدیردا دەعوا
شکایەت بۆ بکەم قوڕ بۆ بپێوم یەخە بۆ بدڕم؟
خوداهەرچی موقەددەر کردبێ، هەروا ئەبێ هەروا
وەفای ئەم شێوەمەڕگورگانە «زاریناسناوی ئەدەبی»چونکە ئاوا بوو
تەجەننوب فەڕزە دووری واجبە لێیان لەمەبەدوا