خاکی گوناهم ئەوندە ڕژا بە سەر سەرا

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  984 بینین
خاکی گوناهم ئەوندە ڕژا بە سەر سەرا
کەشتیم گیرە لە غەرقایە لە گێژی سکەندەرا
بە کام چاکەوە بێژم خودا ببوورە لێم
غەرقم لە نووکی پێمەوە تا سەر، لە مونکەرا
شەیتان شەرمەسارە لە ئەتواری بەدفەڕم
بەدناوم و ڕسوام لە هەر جەمع و مەحزەرا
غەیری زوبانی خامە ئەمن نیمە کۆمەکێ
شەرحی خەجاڵەتیم بنووسێ لە دەفتەرا
دیوان پڕ گوناهـ، ڕووسیاهـ و شەرمەسار
عومرم بڕاوە لە کرداری ئابڕوو بەرا
ئەو چەشتە کە ئێمە لەسەری خۆ ئەدەین بە کوشت
بێن با نیشانتانی بدەم بێ قڕە و هەرا
خۆراکەکانمانە هەموو کەوتە مەستەراح
پۆشاکەکانمان دڕا و کرا بە بەر کەرا
یاڕەب بە فەزڵی خۆت دەسم بگرە با نەچێ
یەکبارە ئابڕووم لە سارای مەحشەرا
یاری ئەگەر نەکا لوتفی بێ نیهایەتت
گیرم لە داوی مەکری نەفسی حیلە پەروەرا
یاڕەب لە نووری هیدایەت، بەشێ کەرەم کە پێم
تا لەم شەقامەدا بڕۆم بە شوێنی پەیەممەرا
کۆشش بەتاڵە بێ بەرە، تەوفێقی تۆ ئەگەر
یاری نەکات و ڕەهبەری لە هەر موقەددەرا
من نیمە یا ئیلاهی غەیری عەفوی تۆ ئومێد
چون نیمە بەقەد زەڕڕەیێ چاکە لە دەفتەرا
وەک خەنجەرە بۆ کوشتنت هەر زەڕڕە خیلافێ
«زاریناسناوی ئەدەبی» مەدە جەرگت بەدەمی تیژی خەنجەرا