زەویی شۆرەکات
لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
671 بینین
زەویی شۆرەکات گوڵێ ناڕوێنێ
نابێ کەس تۆوی تێدا بچێنێ
مرۆڤ ناکەس بێ بە پادشاش بێ
کاری ناکەسی خۆی هەر ئەنوێنێ
هەتیوی ماڵان شوومی کاسەلێس
قەت باوەڕ مەکە برەو بسێنێ
ئەو وەجاخزادەی جنێوفرۆشە
وەک فەرشی دڕاو نەرخی نامێنێ
ژنی دەمپیسی ناپاک لە ماڵا
بناغەی کۆشکی ژین ئەڕووخێنێ
مناڵ گەلێ باش تەربیە نەکرێ
دواڕۆژی ژینی خۆی ئەدۆڕێنێ
نەفام لە کاتی قسەکردندا
دڵی گوێگران بێشک ئەشکێنێ
پێویستە بەرگ و لەشی خاوێن بێ
ئەوەی قورئانی پیرۆز ئەخوێنێ
پارە سەرمایەی خۆشی ژیانە
مرۆڤ بەژیری بەکاری بێنێ
ئەوەی سەرۆکە یا کاربەدەستە
نابێ قەت بە فیز خۆی هەلفڕێنێ
سەرم سوڕماوە لەم کاری چەرخە
ئاخۆ سبەینێ چیم بەسەر دێنێ