هێزی دڵداری
لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
728 بینین
ئەم «هێزی دڵدارییە» کە وەڵامی پارچە شیعرێکی «مامۆستا گۆرانکەس»ە، لە بەشی یەکەمی دیوانەکەمدا «گوڵ و خونچە» لاپەڕە (٦٤) بڕگەیەکی لە بیر چووە و چاپ نەکراوە، ئیمەش بە پێویستمان زانی لە بەرگی دووەمی ئەم دیوانە بەتەواوی بینووسینەوە و پێشکەشی خوێنەری بکەین.
گەر باخی پاشا لەوبەر ئاویش بێ
بە هۆردووی دوژمن ڕێگیراویش بێ
بە شوورەی پۆڵا بەستراویش بێ
ئەبمە شاباز و هەڵمەت ئەهێنم
لە باخچەی پاشا گوڵ بۆ یار دێنم
هێز نییە لەبەر هێزی دڵدارا
کە خۆی ڕاگرێ لە دەشت و شارا
لەناو ئاگر و دەریا و کۆسارا
بە ئیمانی عەشق قەڵا ئەشکێنم
بنچینەی ستەم لە بن دەردێنم
یار بۆ چەپکێ گۆل تەشریفی بێنێ
فرمێسکی عەتری لە چاو بڕژێنێ
زۆر عەیبە عاشق کە دابمێنێ
گیان فیدا ئەکەم هونەر ئەنوێنم
بۆ ئاواتی یار چۆن دائەمێنم