جوانپەرستی
لە کتێبی:
            بەرهەمی خاوێن
        بەرهەمی:
                عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
        
             1 خولەک
             1187 بینین
        
        
    ئەوانەی هەر وەکوو من جوانپەرستن
بە پیاڵەی شەربەتی یەزدانی مەستن
ئەوانەی ئەچنە کەعبەی عەشقی یاران
بەڕاستی خاوەن بەرزێتیی هەستن
ئەوانەی شوێنی ماڵ و پارە کەوتوون
لە گۆشەی ژینی پووچا ڕائەوەستن
ئەوانەی دوور لە عەشقی نەونیگارن
لە دنیای غەفڵەتان و خوار و پەستن
ئەوانەی خاوەنی زێڕ و بیری بەرزن
لەگەڵ دڵداری هاوڕازی دروستن
ئەوانەی ناگەنە عەرشی خوای عەشق
هەژارن عاجز و بێ قاچ و دەستن
ئەوانەی ڕوو ئەکەن بۆ قەسری دولبەر
کەمەر بۆ عالەمی شادی ئەبەستن
ئەوانەی جوانپەرستن بۆ تەماشا
هەمووی ڕۆحپاک و چاک و خۆش مەبەستن