خەو بوو خەیاڵێ بوو...

لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  811 بینین
ئەوەی دڵمی فڕاند ئەمڕۆ لە گوڵزارا کەژاڵێ بوو
وتم: شادم بە دیداری کەچی خەو بوو خەیاڵێ بوو
بە یادی دیدەنی هەردەم لە پەروازایە ڕۆحی من
بە قوربانی ئەبم گەرچی لە کردارا مناڵێ بوو
کە من شابازی دڵداریم، نییە ترسم لە تانەی کەس
لە مام و خاڵی بێباکم ئەوەی کوشتوومی خاڵێ بوو
وەها کەوتوومە داوی ئەو کەمی ماوە لە ژین دەرچم
بە جارێ دام بە تاڵانا هەرچی سامان و ماڵێ بوو
بە ماچێکی دەم و کوڵمی ئەبەخشم تاجەکەی شاپوور
منیش دامێ هەموو ڕۆح و دڵ و عەقڵ و کەماڵێ بوو