قومارچی و دز

لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  984 بینین
قومارچی فەرقی چۆن ئەکرێ لەگەڵ دز
کە ئەمیان چوستە ئەویان بێوتە و کز
قومارچی ئاشکراتر ماڵی تۆی برد
بە ترس و لەرزەوە مام دز دزیی کرد
قومارچی جەردەیە سەروەتفڕێنە
بناخەی ژینی خێزان هەڵوەشێنە
قومارچی زۆرترە جورمی لە پیاوکوژ
دروستە گەر ناوی ببرێ بە خوێنمژ
قومارچی ون ئەکا هەستی بەرایی
کە نادا چاوی بۆ چاکە بەرایی
قومارچی گەر بدۆڕێنێ ئەڵێ چش
کە بردیەوە وەکوو قەل خۆی ئەکا فش
قومارچی دائیمەن سست و دەبەنگە
قسەی بێپێزە ڕەوتی خوار و لەنگە
قومارچی ماڵ و منداڵی هەژارە
کە هاوڕازن بە ئازار و پەژارە
لەبەر قەرزاریی هەندێ لەو کەسانە
ئەبێ ڕیسوا لەبۆ تانەش نیشانە
ئەکەن ناچار قوبووڵی ژینی زیللەت
ئەکەونە زەمزەمەی گێژاوی زەحمەت