هاتوچۆ ناکەم
لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
809 بینین
بە ڕێگەی خوار و چەوتا تاکوو ماوم هاتوچۆ ناکەم
ئەگەر بمرم لەبرسا بۆ ژیانی خۆم درۆ ناکەم
کە من هاتم لە تانەی فیتنەکاران خۆم بپارێزم
بە بێدەنگی ئەژیم من باسی ئەو یا باسی تۆ ناکەم
لە دەستم یا زمانم هیچ کەسێک دوچاری هیچ نابێت
کە هێمن بم وەها تاکوو بمێنم باوکەڕۆ ناکەم
ئەوەی بەدکار و ناپاکە نزیکی ناکەوم هەرگیز
لەگەڵ پیاوانی نامەردا سڵاو یا گفتوگۆ ناکەم
ئەوەندەی داویە یەزدان سوپاسی بۆ ئەکەم بەسمە
لەبۆ دەسکەوتی زیاتر بۆ چ کەس کوڕنۆشی بۆ ناکەم