بێجگە لە قسە

لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  859 بینین
بێجگە لە قسە، بێجگە لە درۆ
چیمان لە دەس هات پێم بڵێ و بڕۆ
بێجگە لە هاشە لە خۆهەڵکێشان
چیم کردووە من، چیت کردووە تۆ؟
چی بوو بەرهەمی هەوڵ و کۆششمان
بێجگە لە فیتنە و کوشتاری ناوخۆ؟
چیمان پێک هێنا لەبۆ نیشتمان
غەیری وێرانی و تاڵان و بڕۆ
هۆی چییە بۆچی کە وا ئێمە واین
بۆ گیانی یەکتر وا بووینە هەڵۆ
لەگەڵ خراپە و ئاژاوە یارین
شادییە لامان ناڵەی ڕۆڵەڕۆ
جنێو، ئیفترا، زمانخراپی،
لەناو ڕۆحمانا ئەکەن هاتوچۆ
بۆیە لەشکری شوومی و هەژاری
ئێمەیان داوە تەواو گەمارۆ